لە بەغداوە بڕی یەك ملیار دینار بۆ سۆران رەوانە دەكرێت

لە بەغداوە بڕی یەك ملیار دینار بۆ سۆران رەوانە دەكرێت

د- ڕائیب شێروانی: ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " لە شاری بەغدا كۆبوونەوەیەكی سێقوڵی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا لەسەر بابەتی دروستكردنی بەنداو لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو و هەرسێ لایەن گەیشتوونەتە رێككەوتن و سێ بەنداو لە سنووری مێرگەسۆر دروست دەكرێن".
گووتیشی" بۆ هەندێك قەزا لە هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق بڕی یەك ملیار دینار دابینكرا، قەزای سۆرانیش یەكێكە لەو قەزایانە، بەم نزیكانە ئەو بڕە پارەیە خەرج دەكرێت، پارەكەش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانە.
محەمەدئەمین فارس رایگەیاند" لە شاری بەغدا كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئێمە و وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و نوێنەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ كاروباری ئاو و بەنداوەكان بەڕێوەچوو، تێدا باس لە دروستكردنی سێ بەنداو كرا بۆ هەرێمی كوردستان، هەموو لا رەزامەند بوون كە ئەم بەنداوانە دروست بكرێن".
محەمەد ئەمین، روونیشیكردەوە:" ئەو سێ بەنداوە لەسەر رووباری هاوبەش دروست دەكرێن، ئەو رووبارانە دەكەونە سەر سنووری هەر دوو وڵات، بە دروستكردنی ئەو بەنداوانە ئەو ناوچانە ئاوەدان دەكرێنەوە كە ئێستا چۆڵن، خەڵك دەگەڕێتەوە سەر گوندەكانیان و ئەو گوندانە ئاوەدان دەبن، پێویستمان بە هەر دلۆپێك ئاو هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو، ئەوەش بۆ كشتوكاڵ و گەشتیاری سوودێكی زۆر دەبێت، هەروەها بۆ كارەبا كە یەكێك لە بەنداوەكان نزیكەی 80 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی دیكە 40 تا 50 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێنێت، لەبەر ئەوە گرنگی ئەو بەنداوانە زۆرە بۆ ناوچەكە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" سێ بەنداوی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان هەن، بەنداوی دوكان، دەربەندیخان، لەگەڵ بەنداوی دهۆك كە ئەو لە هەر دوو بەنداوەكەی دیكە بچووكترە، بەنداوی دوكان نزیكەی 6 پۆینت 8 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، دەربەندیخان نزیكەی 3 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەنداوی دهۆك تەنیا 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، چەند بەنداوێكی دیكەش هەن، بەڵام لەوانە بچووكترن".
محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاشكراشی كرد:" بۆ هەندێك قەزا لە هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق بڕی یەك ملیار دینار دابین كرا، ئەو بڕە پارەیە كە بۆ چەند قەزایەك دابینكرا لە نێیوان قەزای سۆرانە، ئێستا بەدواداچوون دەكەین بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە دابین بكرێت، چونكە لە یاسای بودجەی 2019ـەدا هاتووە، هەتا ئێستا خەرج نەكراوە، بەڵام بەردەوام بەدواداچوون دەكەین، پێویستە بەم نزیكانە ئەو بڕە پارەیە بۆ سۆران خەرج بكرێت، بۆ ئەوەی سوود لەو بڕە پارەیە وەربگیرێت، كە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانە.

 

زۆرترین بینراو