لە دهۆك نزیكەی دوو هەزار تۆن برنجی خراپ نێردرایەوە بەغدا

لە دهۆك نزیكەی دوو هەزار تۆن برنجی خراپ نێردرایەوە بەغدا

رەمەزان هەرنی – دهۆك : نزیكەی دوو هەزار تۆن برنجی بایەع لە كۆگاكانی دهۆكەوە نێردرایەوە بۆ بەغدا بەهۆی خراپ بوونی كە پڕ بوو لە پیسایی مشك و بەرد و رەش و تۆپەڵ تۆپەڵ بووە كە گومان دەكرێت برنجەكە گۆڕدرابێت.
عەبدوڵڵا خەلیل، بریكاری دابەشكردنی خۆراك لە دهۆك بە زاری كرمانجی راگەیاند:" ئەو برنجە كە دەڵێن عەمبەرە، عەمبەر نیە ئەو برنجە چینییە و لە بنی كۆگاكاندا ماوەتەوە، لە كۆی 461 خێزان كە لای من برنج وەردەگرن تەنیا 50 خێزانیان برنجەكەیان وەرگرتووە و ئەوانی دیكە كیلۆیان بە 380 دینار فرۆشتووتەوە.
ئەحمەد تەها، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خواردن لە دهۆك بە زاری كرمانجی گووت:" ماددە خۆراكییەكان بۆ ئێمە دێت لیژنەیەك هەیە كە كواڵێتیی كۆنترۆڵی تێدا بەشدارە و نموونەی وەردەگرن و دەینێرنە بەغدا دواتر لەوێ پشكنینی بۆ دەكەن و دەڵێن بۆ خواردن دەشێت و دابەشدەكرێت پێنج هەزار تۆن برنج كە مانگی كانوونی دووەم بۆ دهۆك نێردراوە بە گوێرەی بەدواداچوونێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك برنجەكە گۆڕدراوە.
ئیدریس هەركی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بۆ زاری كرمانجی دەڵێ :" وەك ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ كردووە لە دهۆك كۆگای پێویستی هەڵگرتنی برنج نییە تا بە جارێك بەسەر دهۆك و زاخۆ و ئامێدیدا دابەشبكرێت، بەهۆی ئەوەی پارێزگای دهۆك مانگانە پێویستی بە سێ هەزار و 155 تۆن شەكرو، هەزار و 450 تۆن روون و چوار هەزار و 675 تۆن برنج و هەزار و 400 تۆن ئارد هەیە".

زۆرترین بینراو