لە رێگای خۆشبەختیدا

د. موسلیح مستەفا 

سەرۆکی زانکۆی سۆران

مرۆڤ لە رێڕەوی ژیانی خۆیدا، بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدا بووە بگاتە خۆشبەختی؛ لە هەبوونی خۆشبەختی گومان نییە، بەڵام ڕێگا و چۆنیەتی گەیشتن پێی، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.
سەرەڕای ئەوەی گومان لە هەبوونی خۆشبەختی نییە، بەڵام سەختی گەیشتن بە خۆشبەختی، زۆرجار ئازارێکی تاقەت پڕووکێنمان دەدا. دەبێ کێشەکە لە کوێدا بێ؟ بێگومان لە روانینی ئێمەدایە. لەوانەیە ئەوەی بۆ کەسێک ببێتە ھۆکاری خۆشبەختی بۆ کەسێکی تر وانەبێ. لە راستیدا ئێمە خۆشبەختی خۆمان بە خۆشبەختی و چیەتی خۆشبەختی لای ئەوانی تر، دەپێوین.
بۆیە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام هەوڵدەدەین و تەنانەت هەندێکجار بە هەندێک دەسکەوتیش دەگەین، کەچی رازی و خۆشبەخت نین! بۆیە دەبێ بزانین ئەوەی بەدوایەوە بووین، خۆشبەختی کاتی بووە و، دوور بووە لە کاکڵی خۆشبەختبوون، کە لە ناخ و جەوهەرمان دا، نەخشێنراوە.

پارە کۆکردنەوە، ھاوسەر، منداڵ، خانوو، پلە و پۆست، ئۆتۆمۆبێل، گەشتکردن و..... ھتد، نامانکەن بە کەسی خۆشبەخت. ھەژار و نەدارێک  ببینە، کە لە قوڵایی دڵیەوە زەردەخەنە دەکا و پێدەکەنێ، کەچی زەنگینترین کەس، ناخی بە دڵەڕاوکێ و ترس و گلەیی و گازندە، کرمێ و رزیو بووە و، دەبێتە سەرچاوەی ناخۆشحاڵی و ترسی خێزان و دەورووبەریشی.
 بەڕێزان، مرۆڤ تێربوونی نییە، داواکارییەکانی کۆتاییان نایەت و ئەمە دەتوانێ هەم سەرچاوەی خۆشبەختی و هەم ناخۆشبەختی بێت. ئەوەی ئەو سەرچاوەیە ئاڕاستە دەکات، جەوهەر و ناخ و خودی مرۆڤە.

خۆشەویستان، پێویستە ئەوە بزانین، کە خۆشبەختی ھەڵقوڵاوی ناخی خودی مرۆڤ خۆیەتی؛ تێروانینی خودی خۆتە بۆ شتەکان، بە قەد ئەوەی دەیبەخشی؛ جا با بە ووشەیەک یا زەردەخەنەیەک یا ھەر جۆر ھاوکارییەک بێت؛ بەڵێ بە قەد ئەوە خۆشبەخت و ئاسودە و دڵخۆش دەبی.
پێویستە واز لە رق و قین بێنی؛ پێویستیت بە ڕازی بوون و قەناعەت ھەیە تا بتوانی ببی بە کەسێکی دڵخۆش و خۆشبەخت؛
کەسانێک ھەن بە دوای خۆشبەختیەوەن و نایدۆزنەوە، کەسانێکیش ھەن درووستیدەکەن و دەیبەخشن؛ خاڵی جیاکەرەوە ئەوەیە، ئەوان لەگەڵ جەوهەر و ناخی خۆیان یەکانگیرن. ئەوان خاوەنی هەمۆو شتێک نین، بەڵام هێزی قەناعەتیان و تێگەیشتن لە ناخیان زۆرە؛ بۆیە  تەنانەت بە بچووکترین کاریش خۆشبەختی خۆیان دەچێژن؛ چا خواردنەوەیەک لە گەڵ ھاورێیەکی باش ، قسەیەکی خۆش، ڕەفتارێك لەگەڵ ھەژارێك، لێقەوماوێك و داماوێك؛ بەڵێ، زۆر بە سادەیی دەتوانین  بە خۆشبەختی و دڵخۆشی بگەین.
ھاورێیان، ڕازی بوون ژیانە؛ ژیان و خۆشبەختی، کات و ساتی دیاریکراوی نییە؛ هەموو چرکەساتێکی ژیان دەتوانێ هەڵگری خۆشبەختی و خراپە بێت لە یەک کاتدا. ئەوەی دەستنیشانی سەرکەوتنی هەر یەکەیان دەکات، ناخی خۆت و جەوهەری خۆتە؛ بە دەیان ھەن خاوەنی سەروەت و سامانی زۆر، تەندرستی زۆر باشن، بەڵام خۆشبەخت نین، چونکە خۆشبەختی ئەخلاقە، پەیوەستە بە دڵەوە؛ پەیوەست نییە بە ھێز و دەسەڵات، بەڵکو پەیوەستە بەوەی چۆن لە ناخی خۆمانەوە سەرچاوەی شیاوترین رەفتار دەستنیشان دەکەین؛  پەیوەستە بەوەی چۆن خۆشبەختی بۆ خۆمان لە هەموو هەلومەرجێک درووستدەکەین، بە بێ ئەوەی خۆمان بە کەسی دیکە بەراورد بکەین. من خۆشبەختم، چونکە خۆم بەکەس بەراورد ناکەم؛ تۆش بەبێ ئەوەی خۆت بە من یان هیچ کام لە هاوڕێکانی دیکەت بەراورد بکەیت، دەتوانی تامی خۆشبەختی بکەیت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو