لە سەماوە سێ گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە

لە سەماوە سێ گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە


گووتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گووتی:" لە سەماوە سێ گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە و شوێنەكەش فراوانە و پێ دەچێت چەند گۆڕێكی دیكەش مابن، لە سنووری شنگالیش زیاتر لە 70 گۆڕ دۆزراونەتەوە.
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی زاری كرمانجی راگەیاند:" دوای ئەوەی كە یەكەم گۆڕی سەماوە هەڵدرایەوە لەو س گۆڕەی كە دۆزراونەتەوە، كە 171 رووفاتی تێدا بوو، ئێستا رووفاتەكان گوازراونەتەوە بۆ پزیشكی دادی بەغدا تاكو سەمپلی ئێسكی لێ وەربگیرێت، تاكو بەراورد بكرێت لەگەڵ خوێنی كەسوكاری ئەنفالكراوان، دوای ئەوە رووفاتەكان دەگوازرێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و بە خاك دەسپێردرێن، دوو گۆڕی دیكەش ماون بریارە لەو یەك دوو هەفتەیەدا كاریان لەسەر بكرێت و هەڵبدرێنەوە، بەڵام شوێنەكە فراوانە و پێ دەچێت گۆڕی زیاتری تێدا بێت.
فوئاد عوسمان، گوتیشی:" لە سنووری شنگال بەتایبەتی لە گوندی كۆچۆ 15 گۆڕ هەڵدراونەتەوە كە زیاتر لە 235 رووفاتیان تێدا بوو، هەر لە كۆچۆ گۆڕی دیكەش ماوە لە داهاتوودا كاری لەسەر دەكرێت، هەتا لە سنووری شنگال گۆڕی زۆر ماوە لە داهاتوودا تیمە نیشتمانییەكان كاری لەسەر دەكەن، كە تا ئێستا زیاتر لە 70 گۆڕ دۆزراونەتەوە.

 

 

 

زۆرترین بینراو