لە شەوان بازاڕ گەرمە

لە شەوان بازاڕ گەرمە

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم بڕیاری كردنەوەی بازاڕی دا بە شەوان، هاووڵاتیان بەشەو روو دەكەنە كڕینی كەلوپەل. دوكاندارێكی شارۆچكەی هەریر دەڵێت:" بازاڕمان گەرمە، هاووڵاتیەكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە نرخی پێدوایستییەكان گران بووە.
ئەحمەد حسێن، هاونیشتمانیەكی هەریرە لەگەڵ خانەوادەكەی هاتۆتە بازاڕ دەڵێت" بەرۆژ تاقەتمان نیە بێینە دەرەوە بۆیە شەوان باشترە و لەگەڵ هاوسەرم بڕیارمان دا بەشەو بازاڕ بكەین، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت هەستەكەم گۆرانكاریەك بەسەر نرخەكان دا هاتووە و نرخی كەلوپەل گران بووە، ئەركی لیژنەی چاودێری بازاڕە رێگە نەدات یاری بەنرخەكان بكرێت".
محەمەد ئیسماعیل، پیشەی دوكاندارە لە نێو بازاڕی هەریر بۆ زاری كرمانجی گووتی" لەدوو شەوی رابردوو ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵك بۆ كڕینی پێداویستیەكان رووی لە بازاڕ كردووە ئەوەش بۆتە هۆی دڵخۆشیمان لەبەر ئەوەی دوو مانگە بازاڕ داخرابوو".
ئەو دوكاندارە لەبارەی گران بوونی نرخ لەسەر كالا و شتومەك گووتیشی" گۆڕانكاری بەسەر نرخەكاندا نەهاتووە ئەگەر گرانیش بێت ئەوە ئێمە نین بەڵكو بازرگانەكانن یاری بەنرخ دەكەن".

زۆرترین بینراو