لە كاولۆكان منداڵێك خنكا

لە كاولۆكان منداڵێك خنكا

محەمەد مەحموود
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی منداڵیکی تەمەن شەش ساڵان دەچێتە سەر رووباری گوندی کاولۆکان دەکەوێتە ناو رووبار و دەخنکێت .
لەم بارەیەوە عەمید عیماد کەنعان بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بەزاری کرمانجی راگەیاند: دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئێوارە ئاگادارکراینەوە بەبوونی رووداوێکی خنکان لەرووباری گوندی کاولۆکانی سەر بەقەزای رواندز دەست بەجێ تیمەکانی بنکەی بەرگری شارستانی رواندزمان ڕاسپارد لەگەڵ تیمێکی مەلەوانی بۆ ئەوەی بەدوای تەرمی ئەو منداڵەدا بچن کە کەوتۆتە ناو رووبار، تائێستاش تیمەکان لەهەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
لەلایەکی تر هەر سەبارەت بەم هەواڵە ڕائید ئاری جانگیر بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی رواندز بۆ زاری کرمانجی گووتی : ئەو منداڵەی کەوتۆتە ناو ئاو ناوی محەمەد جەمال عەبدوڵڵایە و تەمەن شەش ساڵەو دانیشتووی شاری رواندزە و پۆڵی دووەمی بنەڕەتیە.
ڕائید ئاری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر پێنج ئەو منداڵە چۆتە سەر رووبار دوای ئەوەی لەگەڵ ماڵەوەیان دەچنە گوندی کاولۆکان بۆسەردانی ماڵی خزمێکیان، دواتر ئەو منداڵە دەچێتە سەر رووبار و بەهۆی نەشارەزایی دەکەوێتە ناو رووبارو دەخنکێت .
بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی رواندز زیاتر دەڵێ:" تائێستا نەتواندراوە تەرمەکەی بدۆزینەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی و مەلەوانی بەدرێژایی رووبارەکە دابەشبوونە و لەهەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.

 

 

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو