لە پێناو شەقڵاوە واز لە ڕكابەری بێنن ؟

لە پێناو شەقڵاوە واز لە ڕكابەری بێنن ؟

 

شەقڵاوە ئەو شارە خۆشەویستەو جوانەی كوردستان جگە لەوەی شوێنێكی گەشتیاری و خۆشە، ساڵانە بە هەزاران گەشتیار ڕووی تێ دەكەن، جگە لەوەش خاوەن خەڵكێكی باش و دڵفراوان و میوان دۆستن، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ باسی لێوە بكەم لایەنی وەرزشی ئەم شارە ئازیزەیە، لەسەر ئاستی پەروەردەو وەرزشی قوتابخانەكان ساڵانە چەندین خولی یاریەكانی ڕێكخراوو سازدەكرێت و تیایدا ژمارەیەكی زۆری لاوی بەهرەمەندو عاشق بەوەرزش بەدیار دەكەون . كە دوای قوتابخانە ڕوو لە بنكەی وەرزش و لاوان دەكەن كە ئەمانیش خزمەتێكی باشیان پێشكەش كردوە، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە ڤیستڤاڵی وەرزشی و یاریەكانی گۆڕەپان و مەیدان بەڕێوە دەچێت و هەمووان بەدڵێكی خۆشەوە بەشداری لە كێبڕكێكان دەكەن، مامۆستاو قوتابی و پەروەردە دەست لەملانێی یەكتری دەكەن و هاندەران و ئامادەبوانیش كەرنەڤاڵەكە قەشەنگتر دەكەن، خۆ ئەگەر باس لە یانەی وەرزشی شەقڵاوەش بكەین بێكومان دەسكەوتەكان ئەوەندە زۆرن وا بەئاسانی تەواو نابن، بەڵام هەر بۆ بەبیرهێناوەو چاوڕوونی باس لە هەندێكیان دەكەم. ئەم ساڵ لەخولی تۆپی پێی یانە پلە دووەكان یانەی شەقڵاوە باڵادەست بوو نازناوەكەی بەرزكردەوەو ساڵی داهاتوو لەڕێزی پلە یەكەكان یاری دەكات، لەخولی تۆپی پێی لاوان خاوەن تیپێكی بنكە فراوان و چەندین لاوی ئەم دەڤەرەیە، لە خولی بژاردەی بالەی یانەكانی كوردستانیش بەئاستی بەرزی لەیاریەكان و بەدەست هێنانی پلەی دووەم هەمووانی تووشی شۆك كرد، ئەمە جگە لە یاریە تاكەكانیش كە دڵنیام چەندین یاریزان ئامادەن لەخولی ناوەخۆو عێراق و تەنانەت دەرەوەش یاری بكەن و ناوی ئەم شارە بەهەموو جیهان ئاشنا بكەنەوە هەروەكو چۆن پێشتر خاوەن تیپێكی بەهێزو ناوداری یاری تێنسی سەر مێز بوون و چەندین دەسكەوتیان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و وڵاتە عەرەبیەكان بەدەست هێنا .ئەم دەسكەوتانە هەروا بەئاسانی بەدەست ناهێن ئەگەر یانەكە خاوەن دەستەیەكی كارگێڕی باش و لێهاتوو نەبن و هەماهەنگی و روحی هاوكاری و برایەتی لەنێوان ئەندامان نەبێ لەگەڵ ئەمانەش پێویستی بەداهاتێكی زۆر هەیە كەدڵنیام دڵسۆزانی شەقڵاوە لەسەر گیرفانی خۆیان نەیان هێشتووە وەرزش دوا بكەوێ،ئەمە جگە لەوەی نابێ ڕۆڵی هاندەران لەبیر بكرێ كە هەموو كات لە یاریگاو لەناو هۆڵ ئامادەن و هانی یاریزانان و تیپەكە دەدەن. بەڵام داخەكەم ماوەیەكە دەبینم و دەبیستم گوایە لایەنی كارگێڕی شارەكە هەماهەنگ نابێ و بەهیچ جۆرێك ئامادەنیە پاڵپشتی لە وەرزشوانان و لاوان بكەن جا بەهەر هۆیەكە من نازانم ، بەڵام گرینگی دان بەلاوان و بە وەرزشی هەر شارو شوێنێك مانای لێهاتوویی و بیر فراوانی كارگێڕی سنوورەكە دەگەیەنێ، بۆیە هیوادارم ناكۆكیەكان و ڕكابەریەكان هەر شتێك بێ تكایە لە پێناو جوانی و گەورەیی شەقڵاوە وازی لێ بێنن و تاكە مەبەستتان خزمەت كردن بێ بەو شارە ئازیزەو بە گەنج و لاوەكانی .

 

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو