مامۆستایان بەرپرسیاری یەكەم نین لە نزمی ئاستی خوێندن

رەهێڵاَ تەڵعەت دزەیی

پیشەی مامۆستایی یەكێكە لە پیشە پیرۆزوكاریگەریەكانی ناو كۆمەڵگە، مامۆستاییش وەك هەر پیشەیەكی تر كە بە شارەزایی ودڵسۆزی ئەنجامدرا بێگومان بەرهەمەكەی سەرسوورهێنەر دەبێت، بۆ ئەوەی سەركەوتووبین لە هەر پیشەیەك دەبێ زانیاری زۆر لەسەر پیشەكە بزانین لە ریگای خوێند و خۆدەوڵەمەند كردن بە زانستی تازە و سەردەمیانەدا.
زۆربەمان كۆكین لەسەر لاوازی ئاستی خوێندن و خراپی سیستەمی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە خوێندكاران ئاستی خوێندن و نووسینیان زۆر لاوازە و زانست و زانیارییەكانیان لە ئاستێكە كە بە شانازیەوە باس ناكرێت، خاوەن ڕۆشنبیریەكی زۆر كەمن، لایەنی پەروەردە بەتەواوی فەرامۆشكراوە.
مامۆستا بەرپرسیارە لەبەرامبەر لاوازی ئاستی خوێندكارەكانی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بێویژدانییە خراپی و نزمی ئاستی خوێندن بە تەنها بخەینە ئەستۆی مامۆستا، بۆ ئەوەی مامۆستا بە كار و ئەركی خۆی هەستێت و بتوانیت نەوەیەك فێربكات چەندین ئامادەكاری و پێداویستی هەیە دەبێ بۆی ئامادە بكرێت.
بەشێك لە هۆكارەكانی ئاست نزمی و خراپی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمانەی خوارەوە:-
خراپی سیستەمی پەروەردە و فێركردن كە لەسەر فەلسەفەی كلاسیك بنیادنراوە.
پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتتر لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا، تا ئێستا درك بە ئەركی خۆیان ناكەن و هەڵنەستاون بە بەرپرسیاریەتی خۆیان بەرامبەر بە گەلەكەیان، نازانم لە نەزانیانە یان بەمەبەست ئەركەكەیان پشتگوێخستووە؟ئەركی پەرلەمانی كوردستانە هەستێ بە داڕشتنی سیستەمی پەروەردە وفێركردن و دانانی پلانی فێركردن و كامە فەلسەفەی پەروەردەیی پەیڕەو بكرێت بۆ هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پەروەردە وفێركردن پابەند بكات بە جێبەجێ كردنی، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بكات لەسەر بنەمای فەلسەفە و ئەو سیستەمەی دایانڕشتووە كادری پەروەردەیی درووست بكات.
بینای خوێندنگەكان بە شێوازێكە خوێندكار هان نادات كە چێژ لە خوێندن وەربگرێت و ئینتیمای بۆ هەبێ. خوێندنگە دەبێ پۆلەكانی گەورەبێ و هەموو پێداویستییەكانی وانەبێژی بۆ دابین بكرێت، شوێنی دانیشتنی خوێندكاران بگۆڕدرێت بە كورسی ومێز، بە شێوەیەك خوێندكارەكان بەرامبەر یەكتر دابنیشن وسەیری چاوی یەكتر بكەن و قسە لەگەڵ یەكتر بكەن، نەك پشتی یەكتر ببینن. پۆلەكان ژمارەیەكی زۆر خوێندكاری لێ نەبێت بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت خوێندكارەكانی خۆی بناسێت وشێوازی فێربوونی هەر خوێندكارێك دەستنیشان بكات.
سیستەمی دوو مامۆستا لە پۆلێكدا پەیڕەو بكرێت، زۆر گرنگە لە هەر خوێندنگەیەك یەك دەوام هەبێت بۆ ئەوەی خوێندكار و مامۆستا خوێندنگە و پۆلەكەیان بە هی خۆیان بزانن و بیپارێزن و كێشەی كەمی ماوەی خوێندن و مانەوە لە خوێندنگەش چارەسەردەبێت.
قۆناغی بنەڕەتی و بەتایبەت بازنەی یەك گرنگترین و هەستیارترین قۆناغەكانی خوێندنن، بۆیە پێویستیان بە كادری پەروەردەیی تایبەت هەیە، خاوەن بڕوانامەی زانكۆبن، بەتایبەت بۆ پەروەردە و فێركردنی ئەم قۆناغە ئامادە كرابن. ئەوەی لە هەرێمی كوردستان پەیڕەودەكریت، ئەوانەی خاوەن نزمترین بڕوانامەن وەك مامۆستا دادەنرێن بۆ ئەم قۆناغە، گرنگی و هەستیاری ئەم قۆناغەیان بە هەند وەرنەگرتووە، بوار بڕەخسێ بۆ دەرچووانی پەیمانگەی مامۆستایان درێژە بەخوێندن بدەن و بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەست بێنن.
مامۆستا ناتوانێت بە هەموو هزر و توانای بە ئەركەكانی هەستێت، لە كاتێكدا بیری لە لای چۆنیەتی دابین كردنی بژێوی و پێداویستیەكانی خۆی و خێزانەكەی بێت. مامۆستا دەبێ مووچەیەكی ئەوتۆی هەبێ كە ژیانی خۆی و خێزانی بە باشترین شێوە پێبەڕێوەببات، ئەگەر دەسەڵات پەرۆشی ئەوەی بێت نەوەیەكی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و پڕ لە زانستی هەبێ، یەكەم ئەركی ئەوەیە كە مووچەیەك بە ئاستی پیرۆزی و گرنگی ئەركەكەی بە مامۆستا بدات.
ئاستی زانستی مامۆستایان و شارەزاییان لە زانستی پەروەردە و فێركردنی لە ئاستێكی نزمدایە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاست نزمی زانكۆكان. كۆلیژەكانی پەروەردە كە مامۆستا ئامادە دەكەن و دەیاننێرن بۆ خوێندنگەكان، گرنگی بە زانستی سەردەمیانەی پەروەردە و فێركردن نادەن زیاتر گرنگی بە بابەتە زانستیەكە دەدەن. خوێندكار كۆلیژی پەرەوردە و فێركردن تەواو دەكات شارەزایی نییە لەسەر شێواز و مۆدێل ومیتۆدەكانی وانە بێژی!
بەرزی ئاستی كەرتی پەروەردە و فێركرنی هەر وڵاتێك پێناسەیە بۆ حكومڕانێكی رەشید و سەركەوتوو و پێشكەوتوو، بە پێچەوانەشەوە ئەم وڵاتانەی گرنگی نادەن بە كەرتی پەروەردە و فێركردن، ئاستی خوێندن و زانست تێیدا نزمە، ئەمە بەڵگەیە بۆ خراپی حكومڕانی وگەندەڵی دەسەڵاتدارانی و هەوڵدانیان بۆ تێكدانی شیرازە و بە نەخوێندەواری كردنی كۆمەڵگە لە پێناو مانەوەی خۆیان وچەوسانەوەی زیاتری خەڵكەكەیان.
ئەم جۆرە لە دەسەڵاتانە تەنها كار بۆ بەرژەوەندی خۆیان وكەسە نزیكەكانی دەوریان دەكەن، بەهیج شیوەیەك دڵسۆزی وڵات و گەلەكەیان نین، خۆشەویستان تەنهاو تەنها بۆ خۆیان هەیە نەك وەك ئەوەی باسی دەكەن كە ژیانیان تەرخان كردوە بۆ خاك و گەلەكەیان.

زۆرترین بینراو