مامۆستایان و قوتابییان دەربارەی بڕیارەكانی وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بۆچوونی خۆیان دەخەنە روو

مامۆستایان و قوتابییان دەربارەی بڕیارەكانی وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بۆچوونی خۆیان دەخەنە روو

هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی كە هەوڵدەدات ئاستی خوێندنی بەرەوپێش ببات و ڕێگە و پلان و سیستەمی جۆراوجۆر تاقیدەكاتەوە، بەمەش تا ئاستێك توانیویەتی لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جیاوازیەك دروست بكات لە خوێندن و بەرەوپێش چوون، بەڵام بەهۆی گرنگی نەدان بە دەرچووان و مامۆستا و بینایە و ئامرازەكان و تاقیگەكان خەریكە خوێندن دەبێتە شتێكی ڕۆتینی وتەنهابە بەدەستهێنانی بروانامە بێت.
لەبارەی بڕوانامە لەسەردەمێ ئێستادا و ئاستی خوێندن و بڕیارەكانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان زاری كرمانجی ڕای بەشێك لە مامۆستایانی قوتابخانە و زانكۆكان و قوتابییان و نووسەرانی وەرگرتووە كە بەم شێوەیە دواون.
راپۆرت:حەسەن هاشم – تایبەت بەزاری كرمانجی
دكتۆر یادگار باڵەكی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆكارو باری قوتابییان دەربارەی بڕیارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: قەت چاوەڕێی ئەو بڕیارە نادروستانەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵام نەدەكرد، هەروەك چۆن لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا كەرتی خوێندنی باڵا لە كوردستان لاواز و بێ بەها بووە، دڵنییام ئەو بڕیارانە بێ بەهاتر و خراپتری دەكەن. قوتابییان ڕادەهێنن كە بێباكتربن و تەنها بیر لە بەدەستهێنانی بڕوانامە بكەنەوە نەك فێر ببن، ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە پێویستیی بە چاكسازییەكی گەورە لە كەرتی خوێندنی باڵادا هەیە، ئەگەر نا دەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ چاوەڕێی خراپتر بین.
دكتۆر ئیدریس عەبدوڵڵا، مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەددین دەڵێت" بێگومان ئاستی خوێندن ساڵ بە ساڵ بەرەو دواوە دەڕوات و بەرەو پێش چوون نییە، خوێندكار بەرامبەر بە خوێندنەكەی بێ بڕوایە بە ئایندەی خۆی دەڵێ دامەزراندن نییە، ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابووریە سەختە ئەم بێكاری و گرنگی نەدانە بە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان، هەروەها دەرچوونی گشتی زۆر زۆر خراپە، ئایە بۆچی دەتوانێ پۆلی دوازدە بخەینە ناو تاقیكردنەو بۆ ناتوانین قوتابی زانكۆ بخەینە ناو تاقیكردنەوە؟، چۆن دەبێ بەبێ تاقیكردنەوە قوتابی بڕوانامەی پێ بدرێت.
لەلایەكی ترەوە دكتۆر ئەمیرئەحمەد، مامۆستا لە زانكۆی سۆران بۆزاری كرمانجی دەڵێت: پێم وانییە بڕوانامە هۆكاری سەرەكی بێت بۆپارە پەیداكردن، من وای دەبینم زۆرێك لە زانستخوازان هەمیشە بەدوای فكرونووسینی نوێ دەگەڕێن، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێكی بەرژەوەندی خواز لە مامۆستا و ئەندازیار كە ئەندامی حزبەكانی كوردستانن دەمێكە دۆخێكی وایان دروست كردووە كە بڕوانامە بۆ پارە بێت، لە هەمانكاتدا ئاستی خوێندن یەكجار لاوازە لە زانكۆكان،ژمارەی قوتابییە زیرەكەكان بە پەنجەی دەست دیاری دەكرێن.
دكتۆر ئەمیرباسی لەوەشكردكە" هۆكاری زۆریش هەن بۆ ئەمە لەوانە خودی قوتابی خۆی هۆكارە، چونكە لەزانكۆ قوتابی دەبێ خۆی خۆی پێ بگەیەنێت، هەروەها نەبوونی ئارەزوو لەو شوێنەی لێی وەرگیراوە، چونكە دوای دەرچوون دەبینی لە بوارێكی تر كار دەكات.هۆكارێكی تر لایەنە كارگێریەكان و پڕۆگرامی خراپ و مامۆستای ئاست نزم و چەندان هۆكاری تریش هەن.
دەربارەی بڕیارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو مامۆستایەی زانكۆی سۆران گووتی" بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دەرچوونی گشتی نیم، دەبوایە وەزارەت تاقیكردنەوەكانی تا مانگی 7 دواخستبا، زۆر پێشنیاری باش هەن بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە، بۆ نموونە دواخستن تا مانگی 8 یان 9، هەروەها دەكرا قۆناغی یەكەم و دووەم پێكەوە بیكەن دواتر لە كات و بەروارێكی تر قۆناغەكانی سێیەم و چوارەمیش بەهەمان شێوە. بەڵام بەداخەوە بڕیارێك درا حەق و ناحەق وەكو یەك یەكسانن كە ئەمەش پێچەوانەی یاسای زەوی و ئاسمانەكانە بۆیە پێی ڕازی نیم.
مامۆستا ئوسامە ئەشرەف، مامۆستایە لە زانكۆی هەڵەبجە دەڵێت: لەهەندێك وڵات و هەرێم و تەنانەت شاریش، بڕوانامە هۆكارە بۆ داهێنان و پەرەپێدانی تواناكان و گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئاستی داهێنانكاری و ئاسانكاری ژیان و پلانی گونجاو بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بەڵام لەهەندێك وڵات و هەرێمی دیكەدا بەداخەوە هۆكارە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی تەنها بەتوانای بڕوانامەكە.ئەو مامۆستایە گووتیشی" بەڕای من ئاستی خوێندن لە زانكۆكانی كوردستاندا بەداخەوە كە وەك پێویست نییە و گرفتەكانی كۆمەڵگەكەمانی چارەسەرنەكردووە، بەڵگەشمان بۆ ئەم قسەیە زۆرە ، ساڵانە لەسەرجەم پیسپۆڕییە جیاوازەكاندا دەرچووی زۆری پەیمانگە و زانكۆ و بڕوانامە باڵاكانی دیكەمان هەیە، بەڵام نەتوانراوە هۆكاربن بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگە و كەمكردنەوەی كێشەكان، لە كەرتی پزیشكی و كشتوكاڵی و یاسایی و ئەندازیاری و بازرگانی و تەكنەلۆژیا، واتە ئێمە هەر بەكارهێنەرین و نەتوانراوە لەم پسپۆڕیانەوەداهێنانكاری بكەین. هەوڵ و ئامانج و ئومێدی هەر مامۆستا و فێركار و فێرخوازێك بریتیە لە دەرچوون و نمرەی بەرز و تەواوكردنی خوێندن، بەڵام بە ڕێكار و ڕێگای زانستی و پەیڕەوكراو ، بۆیە ئەم بڕیار گرفتی گەورەیە، كە بەبێ تاقیكردنەوە و بەبێ هەڵسەنگاندنی زانستی دەرچوونی گشتی بریاردراوە، ئاستی خوێندن لەنێو هۆڵەكانی زانكۆدا لە قەیراندایە، قەیرانەكە قوڵتردەبێتەوە و ئاواتەخوازبووم كە خوێندكاران قبوڵی ئەم بارودۆخە نەكەن و ناڕەزایی دەرببڕن، بەڵام بەداخەوە نەكرا.
مامۆستا محەممەد ساڵح پێندەرۆیی، نووسەری بواری پەروەردەیی،لەسەر ئەم بابەتە بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" لە ڕاستیدا بڕوانامە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان، زیاتر پشت بە شارەزایی و كارامەیی دەبەسترێت، ئینجا بڕوانامە، ئەوان خاوەن بڕوانامەیەكیان ناوێ كە هیچ نەزانێ، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی، ڕێك پێچەوانەیە، بڕوانامە دەخوات، ئەگەرچی كابرا هیچیش نەزانێت و هیچی لە هەگبەدا نەبێت. دەربارەی ئاستی خوێندن بەپێی ئەزموونی خۆم لە ناو پرۆسەی خوێندندا، پێم وایە ئاستی خوێندن دابەزیوە، گرنگترین هۆكارەكانیش، لاوازبوونی پاڵنەرەكانی خوێندنن، كەموكوڕییەكانی سیستەمی پەروەردە، دەستوەردان لە كاروباری پەروەردە، كردنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەیمانگە و قوتابخانە ئەهلییەكان و خراپی بژێوی مامۆستایان و دانەمەزراندن و ...هتد. ئەم نووسەرە و شارەزاییەی بورای پەروەردە لەسەر بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە گووتی" بێگومان دەرچوونی قوتابی لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە، بەبێ ئەوەی پڕۆگرام خۆی تەواو بكات، بە زیان بۆی دەشكێتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی قوتابییان بۆ دەرچوون دەخوێنن نەك بۆ فێربوون!
مامۆستا سوهێل تقوش، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی،بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی بۆزاری كرمانجی دەخاتەڕوو" بەڕای من بڕوانامە هۆكارێكە بۆ فێربوون و وەرگرتنی زانست، دەربارەی ئاستی خوێندن لە كوردستان باش نییە و وەستاوە، پێویستی بە چاكسازی و هەڵسانەوەیە، هەروەها دەربارەی بڕیاری وەزارەتی پەوەردە بڕیارێكی باش نییە و بەزەرەری قوتابییان تەواو دەبێت.
مامۆستا و نوسەر، فایەق سەعید، دەربارەی بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت" وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە چەند دەیەی دیكە هەیە بۆ ئەوەی درك بەو راستییە بكات كە دانانی مەرج بۆ داخڵبوونی خوێندكاران هیچ سوودێكی بۆ خوێندكار و بۆ وەزارەت نییە. دوای چەندی تر درك بەوە دەكات ئەم سیستەمەی بۆ تاقیكردنەوەكان دانراوە زیان بە خوێندكاران و نەوەكانمان دەگەیەنێت، فێری هیچیان ناكات.
مامۆستا مژدە ئەركان، كە مامۆستای سەرەتاییە دەڵێت: بەڕای من بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە دوو دەرئەنجامی دەبێ، یەكەمیان: سوودی هەبوو لەبەرئەوەی قوتابی ماوەیەكی زۆر لە خوێندن دابڕان، دووەم: سوودی نەبوو بەتایبەت بۆ پۆلی یەكەم و دووەم و سێیەم، چونكە قوتابی هەبوو هیچی نەئەزانی كەئەمەش كارەساتە.
مامۆستا ككشار زەینل، بەڕێوبەری قوتابخانەیەكی ئەهلیە بۆزاری كرمانجی دەڵێت: بڕوانامە لە كوردستان بۆتە هۆكارێك بۆ دامەزراندن و پلە پێ بەرزكردنەوە، بۆخۆی دەبێت بڕوانامە هۆكارێك بێت بۆ خۆ پێگەیاندن. هەروەها ئاستی خوێندن لە كوردستان خەریكە دەكەوێتە دۆخی چەقبەستویی، بە داخەوە كە ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە. سەبارەت بە بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە، شتێكە دوو سەرەیە بەهۆی ئەو دۆخە دەروونییەی قوتابی تێیكەوتووە پێم وابیت بڕیارێكی دروستە، بە مەرجێك لە ساڵی ئایندە دەرچەیەك بدۆزرێتەوە بۆ قەرەبوكردنەوەی قوتابییان بەتایبەت بازنەی یەكەم.
مامۆستا نارین جوتیار، مامۆستای قوتابخانەیەكی سەرەتاییە دەڵێت:ڕای من وایە كە دەكەوێتە سەر خودی كەسەكە وەلێ زۆرینەی خەڵك بڕوانامە وەكو هۆكارێك بۆ دۆزینەوەی كار بەدەستی دێنن ، كەمن ئەوانەی مەبەستیان فێربوونی زانستە تەنانەت مامۆستای ئاینی هەیە چۆتەوە بەرخوێندن تەنها بڕوانامە وەدەست بێنێ تا پلەی بگۆڕێ. ئاستی خوێندن وەك پێویست نییە.
هەر بڕیارێكی تر جگە لەو بڕیارە لەو بارودۆخەی ئێستادا لەوە باشتر نەدەبوو ، لەهەموو بارێكدا زەرەر بەپڕۆسەی خوێندن دەكەوت، بەتایبەت بۆ قۆناغی بنەڕەتی ڕێگەچارە ئەوەیە لەساڵی داهاتوو قەرەبووی ئەو وانانە بكرێتەوە كە قوتابییان لەدەستیان چووە بەتایبەت پۆلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم.
پروشە سەڵاح، كە قوتابی بەشی پەرستاریە لە زانكۆی هەڵەبجە دەڵێت: بڕوانامە تەنها لە كاغەزێك زیاتر هیچی تر نییە، فێربوون لە پێش هەموو شتێكەوەیە، خەڵكی من دەبینن نەك بڕوانامەكەم. مامۆستاكانی ئێستاش لەگەڵ ڕێزم وەك ڕۆبۆتێك دێنە هۆڵی خوێندن پەلەیانە زوو بابەتی ئەو ڕۆژە تەواو بكەن كە هەندێكیان نە ئاستی زانستیان باشە نە شێوازی گەیاندن، سیستەمەكەش هەر باس ناكرێت كە چەن خراپە. بڕیارەكەی وەزیری خوێندنی باڵا، بۆ ئەو بەشانەی كە خوێندنیان كۆرساتە نیوەی كۆرسەكەیان نەخوێندوە بێ گومان زەرەرمەندی ئەم بڕیارەی وەزیرن.
نەوەس زێباری كە قوتابیە لە زانكۆی دهۆك، بۆزاری كرمانجی سەرنجەكانی دەخاتەڕوو و گووتی" ئاستی خوێندن خراپە لە كوردستان، هەروەها ئەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا زۆر باشە لە بەرژەوەندی قوتابییانە.
زبێدە ڕەشید، قوتابی زانكۆی سۆرانە دەڵێت: ئەگەر بڕوانامەیەكی بێ ناوەڕۆك بێت سوودی نییە و پسپۆڕبوونیش بێ بڕوانامە كاری پێناكرێت، بێگومان ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە بەڕژەوەندی قوتابییاندا نییە، چونكە قوتابی بە خوێندن و تاقیكردنەوە دەرەنجامی تواناو هەڵەكانی ئەبینێ و ئەزانێ بەرهەمی هەوڵەكانی چۆن بووە.
محەممەد عەبدوڵڵا، قوتابی پۆلی یازدەی ئامادەییە دەڵێت: خوێندنی ئێستا زیاتر بۆبەدەستهێنانی بڕوانامەكەیە، چەندین قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە كەچی ئێستا پەشیمانن بۆ بڕوانامە.
ئاستی خوێندن وەستاوە و پێشكەوتنی خوێندن نابینین حكومەت هیوایەتی چەك و سەربازیە چەندین كەس بڕوانامەی هەیە كەچی ئێستا لەماڵەوە كەوتووە، لەلایەكی تر كەسی واهەیە بە بڕوانامەی پۆلی نۆ بووە بە پۆلیس بە مووچەی بەرز. بەڕای من بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی درووست بوو، چونكە عبوڕ و قرارەكەش هەر ماوە، بەڵام دەربارەی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی بە هۆی دخول عامەوە ئاستی زانكۆكانیش بەرز دەبێتەوە و نمرەی زیاتری پێویست دەبێت.
ڕێبەر فەلەكناس بەشداربووێكی تری ئەم راپۆرتەبوو دەڵێت" زۆر لە دایكان و باوكان دڵخۆشن كە منداڵەكانیان بە یارمەتیدان لە قۆناغەكانی خوێندن دەربچوێنرێن و وەك پۆلەكانی یەكەم ودووەم و سێیەمی بنەڕەتی هەژمار بكرێن، لە كاتێكدا خۆی لە بنەڕەتدا بەهۆی مەترسی ڤایرۆسەكە وای لێكراوە، بە لێكدانەوەو پێشبینی خۆم ڕێكخراوی یۆنسكۆ ماوەیەكی
تر بڕیارێكی كتوپڕ لەو بارەیەوە دەدات.
پرۆفیسۆر د.كەریم شەریف قەرەچەتانی" دەربارەی بڕیاری هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەڵێت:ساڵانی پێشوو بەهۆی بایكۆت و ئەمساڵیش بەهۆی كۆرۆناوە، پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە قەیرانێكی زۆر گەورەو قۆناغێكی مەترسیداردایە.
چاوەڕوانبن لە داهاتوو نەوەكانمان باجێكی زۆر گەورە دەدەن و نازانرێت هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا چ پلانێكیان بۆ قەرەبووكردنەوە هەیە.
دكتور كەریم گووتیشی" ئەوەی جێگای داخ و كارەساتە زۆربەی خوێندكارو قوتابی و خانەوادەكانیان بە دەرچوون و دەوام نەكردن زۆر دڵخۆش و كامەرانن، واتە خوێندن لەلای ئەوان تەنها دەرچوون و بڕوانامە وەرگرتنە نەك پەروەردەو فێربوون و داهێنان و بیركردنەوەی مەنتیقی و ڕەخنەگرانە.
هیوادارم سەرۆكی حكومەت و وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و لێژنەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بە جددی كار لەسەر ئەوە بكەن، ڕێگە چارەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی خوێندن بدۆزنەوە و قوتابی هەر بە بەڕێكردن ساڵێكی تەواو نەكات، چونكە خوێندن لە هەر پۆلێك تەواوكەری پۆڵەكەیترە، لەم بڕیارانەدا زەرەرمەندی یەكەم قوتابییانی قوتابخانەن لە بازنەی یەكەم، هەروەها قوتابییانی قۆناغی كۆتایی لە زانكۆ، چونكە پێویستیان بە نمرە دەبێ لە داهاتوو بۆ وەرگیران لە خوێندنی باڵا و ماستەر.

 

زۆرترین بینراو