محەمەدی حاجی مەحموود داوای بەكارهێنانی هێز دەكات

محەمەدی حاجی مەحموود داوای بەكارهێنانی هێز دەكات

زاری كرمانجی: سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، رێگەیان پێبدەن بچنە ناوچە دابڕێندراوەكان و تەمبێی ئەو كەسانە بكەن كە موڵك و ماڵی كورد زەوت دەكەن و ئیهانەیان پێ دەكەن.
محەمەدی حاجی مەحمود، لە دیدارێكدا لەگەڵ خەندان رایگەیاند، "ئێمە هەوڵمانداوە دەستكەوت بۆ میلەتەكەمان بەدەستبهێنین، سەیری ئەوە ناكەین كە ئەمڕۆ كێ هاتووەتە سەر حازری و كێ بەرووبوومەكەی دەبات، هەرچەند من ئێستا زۆر نیگەرانم لەو هەڵوێستانەی كە لە كوردستان هەیە، بەجۆرێك ئێستا وای لێهاتووە، چون بۆ بەغدا بووەتە مژدە، وەزیرێك لە بەغداوە بێت بووەتە مژدە".
گووتیشی:" ئێستا كەس ئیشی خۆی نازانێت، ئەوەی ئیشی حكومەتە كەسێكی دیكە دەیكات، شتەكان هەمووی تێكەڵ و پێكەڵ بوون، سێ كەس بڕۆن پێكەوە داوای دروستكردنی رێكخراوێكی ئێن جی ئۆ بكەن، حكومەت دەڵێت بچۆ بەرنامەكەتم بۆ بهێنە، بەڵام حكومەت خۆی بەرنامەی نییە كە دەستووری هەرێمی كوردستانە".
هەر لەو دیدارەدا ، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "داوا لەحكومەتی هەرێم و حزبەكانی دەسەڵات دەكەم، ئەگەر خۆشیان پابەندبوونیان هەیە، رێگەمان پێبدەن با بڕۆین بۆ كەركوك و ناوچەكانی خانەقین، دوز، قەرەتەپە، دوبز و مەخمور و هەموو شوێنەكانی دیكە، تەمبێی ئەوانە دەكەین كە جارێكی تر نەچنە سەر جوتیارەكان و زەویەكانیان داگیر نەكەن و خەڵكی وڵاتەكەمان دەرنەكەن و ئیهانەیان نەكەن، داوا دەكەم رێگەی ئێمە نەگرن و با ئێمە بڕۆین، ئێمە بەڕاستی دەچین بەهاواری ئەو خەڵكەوە لەهەموو شوێنەكان و لەهیچ شتێك ناسڵەمینەوە، مافی خەڵكەكەش دەپارێزین".

زۆرترین بینراو