مردنی باوک و گومانکردن لەهەستی باوکایەتی

نیهاد جامی

 

کێشەی باوک چەندە بابەتێک بێت شانۆی کلاسیک لەسەری وەستابێت، بەڵام ئەو کێشەیە لەلای شانۆنووسی سویدی ئاوگۆست ستریندبێرگ لە ڕووداوێکەوە دەیباتە ناو بابەتێکی فەلسەفی، بۆیە کاتێک ئەو تێکستە لە ١٩٩١دەبێتە پرۆژەی دەر‌هێنانی دەرهێنەری پۆڵەندی یان ماچیێۆڤسکی، تێگەیشتنی بۆ تێکست وابەستەی یادەوەری کۆمەڵایەتی مرۆڤی پۆڵەندیە، بەو پێیەی دەیەوێت لەڕێی ئەو تێکستەوە باس لەکۆمەلگای پۆڵەندی دوای جەنگ بکات، لەدەستدانی باوکایەتی هۆکارەکەی جەنگ و نەخۆشکەوتنی پیاوەکانە، بەڵام لەدەستدانێک بە بڕوانەکردنەوە دەست پێدەکات، وەک چۆن سەرەتا لەتێکستەکەدا نۆید بەتەڵەکەچیەتی خۆیەوە دەتوانێت خۆی دەرباز بکات بەوەی ئەو باوکی ئەو منداڵە نیە کە لەسکی خزمەتکارەکەیە، هەتا ئەگەر سێکسیشی لەگەڵدا کردبێت، چونکە مەرج نیە ئەو تاکە کەسێک بێت سێکسی لەگەڵ خزمەتکارەکە کردبێت، لەکاتێکدا لەنمایشەکەدا هەر لەدیمەنی سەرەتاوە دەبینین هێشتا لەناندینەکە خەریکیەتی.
ئەگەر کاپتن ئەو باوکەی سوورە لەسەر ئەوەی چۆن دەکرێت ئەو باوکی منداڵەکە نەبێت، کەچی دواتر ئەو کردەی گومانە لەنۆیدەوە دەگوازرێتەوە بۆ کاپتن خۆی، بەڵام ئەگەر گومان لەلای نوسەرێکی وەکو شکسپیر شێتی بخوڵقێنێت، ئەوا لەلای سترێندبێرگ گومان دەبێتە لەدایکبوونی مردن.
ئەو مردنە ڕوویەکی نادیاری هەیە کە ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو ژنەکان نەک هەر دەتوانن گومان بخەنە دڵی مێردەکانیان، کە ئەوان باوکی منداڵەکەیان نین، بەڵکو دوای ئەوەی ئەو بڕواییەیان چەسپاند ئەوسا لەناو هاوڕێ و دۆستەکانی باس لەشێتبوونی دەکەن، بێ ئاگا لەوەی ئەو شێت نابێت بەڵکو دەمرێت، چونکە گومان لەباوکایەتی بۆ خۆی گومانە لەبوونی کارەکتەر.
کاپتن لەنمایشەکەدا هەر لەسەرەتاوە هەستی گومانی بۆ ژنەکەی هەیە، کاتێک پێش هاتنە ژوورەوە چاودێری دکتۆر و ژنەکەی دەکات، بۆیە دەزانێت تەواوی ماڵەکە لەپیلاندانان لەدژیدا، بەڵام گومانێک دواتر هاوسەرەکەی لەلای دەیخوڵقێنێت، وەک حەقیقەت سەیری دەکات.
هەڵبەت لێرەدا ئەگەر کارەکتەر نوێنەرایەتی دەسەلاتەکان بکات، ئەوە ئەو دیدە بەڕوونی دەردەکەوێت، تاکی جەنگاوەر دوای شەڕ کە کاپتن نوێنەرایەتی دەکات، هەمووان خیانەتی لێ دەکەن، قەشە وەک دەسەڵاتی ئاینی و دکتۆر وەک دەسەڵاتی پزیشکی و دایەن و هاوسەر وەک دەسەڵاتی خێزان، بۆیە لێرەدا کۆمەڵگای دوای جەنگ دنیایەکە دەسەڵاتەکان هاوکۆک دەکات لەپێناو خیانەتکردن لەوانەی لەپێناو نیشتیمان جەنگان، دەیانەوێت ئەو کارەکتەرە هەر لەناو سەروەری جەنگدا بمێنێتەوە، خوازیاری ئەوە نین ئەو بتوانێت گەشە بەتوێژینەوە زانستیەکانی بدات، کاتێکیش دەیەوێت مناڵەکەی بنێرێتە شار هاوسەرەکەی بەهەموو جۆرێک ڕێگری لێ دەکات.
لێرەدا سەرکووتکردنەوەی نەوەی نوێ بابەتێکە زۆر بە مەبەستەوە دەرهێنەر هەڵوەستەی لەسەر دەکات، کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی تێکستەوە بیرۆکەیەکیتر دەخاتە ناو تێکست، بەوەی گوایە کاپتن بۆیە کچەکەی ناردۆتە شار، چونکە نۆید چۆتە ژووری نوستنی و پەلاماری کچەکەی داوە.
ئەو دەیالۆگە لەشانۆگەریە تۆمارکراوەکەی تەلەڤزیۆن وەک دیمەنێک میکس کراوەتە ناو دیمەنەکە، بەمەبەستی ئەوەی کە چۆن کاپتن قسەکانی لاورای هاوسەری دێتە پێش چاو.
ململانێکان بۆ بیرۆکەی لەدەستدانی باوکایەتی، بەتەنیا تێگەیشتنی باوک نیە بۆ لەدەستدانی پاییەکی خێزانی، بەڵکو هەستکردنە بە مەرگ، مەرگێک لەهەستی گومانکردنەوە، بەرەو مردنێکی راستەقینە دێت، مەرگێک کە مەرگی باوکە، هەمووان هەست دەکەن بە پلانێک کەهەمووان لەداڕشتنیدا بەشدار بوون، بۆیە کاتێک کچ لەدوا ساتەکان دێت باوەش بە دایک دەکات، دایک پڕە لەهەستی شێتی لەروانینە قەشەی برای، وەک ئەوەی ڕەوایەتی دینی بەو مەررگە ڕەوایەتیدانە بۆ تاوان، کە لەڕاستیدا ئەوە بوونی دەسەلاتی پزیشکی و دینی و خانەوادەییە ئەو مەرگەیان بۆ باوک فەراهەم کرد.

 

زۆرترین بینراو