میتۆدی بانكی و كاریگەریی لەسەر لێهاتووی قوتابییان لەڕووی فیكرییەوە

 بێخاڵ سلێمان ئەحمەد

ئامانجی پەروەردە و فێركردن لە گشت كۆمەڵگەكان، بە كۆمەڵایەتی كردنی تاك و گونجاندنیانە لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین، بەمەبەستی گواستنەوەی و پێدانی زانیاری و مۆڕاڵە كولتووری و شارستانییەتەكان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر. بەڵام ئەم سیستەمی پەروەردەیە شێوازێكی كۆن و تەقلیدییە لە كوردستان پەیڕەو دەكرێت، كە لەسەر شێوازی میتۆدی بانكی بوونیادنراوە، بە شێوازێك دەكرێت بڵێین، چالاكی عەقڵی قوتابییان بەدی ناكرێت، بۆیە ئاڕاستەی زانستییانە و ڕەخنەگرانە لە هزری قوتابی لە ئارادا نییە، هەر وەك ئۆگست كۆنت دەڵێت : ئێمە پێش هەر شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی، پێویستمان بە شۆڕشێكی فیكری و پەروەردەیی هەیە".
هەر لەو دیدگایەوە، هەر گرووپێكی كۆمەڵایەتی ئەگەر گۆڕانكاری بنچینەیی لە كۆمەڵگە بهێنێتە كایەوە، بەبێ گۆڕانكاری لە فیكر و پەروەردە نایەتە دی.
لە سیستەمی پەروەردەیی ئێمەدا، كولتووری بێدەنگی و ترسی قوتابی زاڵە, مامۆستا بەرپرسی فێركردن و بیركردنەوەی قوتابییانە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی قوتابییان خاوەن بیركردنەوەی خۆیان نەبن، گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی قوتابی تەنیا لە سنووری شێوازی وەڵامدانەوەی مامۆستا و دەقە نووسراوەكانی نیو كتێب بێت. بەو مانایەی، ئەو سیستەمی پەروەردەی لە باشووری كوردستان پەیڕەو دەكرێت، لەسەر بنەمای كپكردنی مەعریفەی قوتابییانە. بەگوێرەی ئەندێشەی پاولو فرێری، لە كتێبی پێداگۆگی ستەملێكراوان ئەم شێوازی پەروەردەیە بە سیستەمی میتۆدی بانكی ناودەبات، دەڵێت: لە پەروەردەی بانكیدا، مامۆستا تەوەری سەرەكی پەروەردە و فێركردنە، خوێندكار لە دەرەوەی ئەم پڕۆسەیە پێویستە تەنها ڕۆڵی گوێگر و وەرگری زانیاری بگێڕێت. دواتر، ئەم زانیارییانە بەشێوەی نووسین یاخود زارەكی بۆ مامۆستا بگێڕێتەوە. بۆیە دەكرێت بگووترێت، ناتوانن بە ئازادانە هزر و بیركردنەوەی خۆیان دەرببڕن، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ بچوككردنەوە و نزمكردنەوەی پێگەی قوتابی، هەروەها داماڵینی مرۆڤە لە مرۆڤبوونی خۆی".
لە تێڕوانینی ڕۆسۆشدا، مرۆڤ لە بنەڕەتدا بە پاك دەزانێ، وەك كاغەزێكی سپی وایە كۆمەڵگە دەتوانێت جۆرێك بیركردنەوە بدات بە تاك. هەر بۆیە دەڵێت : ئەو پەروەردەیەی كە بەهۆی كەسەكانەوە ئەنجام دەدرێت، بە هونەرێكی دادەنێت كە پێویستی بە لێهاتووی زیادترە و ئەستەمە لەگەڵ سەركەوتنی تەواو هاوسەنگ بێت. ڕوونتر بڵێین، مامۆستا وەك فێركارێك ڕۆڵی هەیە لە سەپاندنی مەعریفە لە هزری قوتابیدا".
جگەلەمانە، لە میتۆدی بانكیدا مامۆستا بەرپرسی دیسپلین و گشت هەڵسووكەوتێكی فێرخوازانە، لە ناو پۆل. بەرپرسی چۆنییەتی دانیشتن و ڕەفتاركردن هەروەها گفتوگۆی فێرخوازانە، بەڵام ئەمە دەچێتە چوارچێوەی نایاسایی. هەروەك جۆن لۆك دەڵێت : لەگەڵ هەركەسێكدا كە لە پێگەی ئۆتۆریتەوە پێ لەو دەسەڵاتەی كە یاسا پێیداوە درێژتر بكات كە لەژێر فەرمانی دایە، لە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵكیدا كەڵك وەربگرێت ڕێگە پێنەدراوە، پەروەردە كردنیش لە دەرەوەی سنووری سەپاندنی هێزە، بەمەش مامۆستا بۆی نییە بیروبۆچوونی خۆی لە چوارچێوەی هێزێك بسەپێنێت.
لە ئەنجامدا, پێویستە قوتابخانە وەك ناوەندێكی فێركردن, هۆكاری گەشەسەندنی تاك و كۆمەڵ بێت, فێرخواز بتوانێت ڕۆڵێكی بنیاتنەر لە بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بگێڕێت.
جان هاڵت وەك بیرمەندێك لەم دیدگایەوە دەڵێت : دەبێت كەش و هەوایەكی مرۆڤانە لە قوتابخانەكان زاڵ بكرێ, بەجۆرێك رەوتی فێربوون بەهۆی قوتابی خۆی بنیات بندرێت".
بێرتراند ڕاسلیش لە كتێبی دەربارەی پەروەردەكردندا دەڵێت " ئەو سیستەمی پەروەردە كردنە بۆ ئێستا نەشیاوە, مرۆڤی مۆدێرن و خوازیاری ئاكاری باڵا بۆ نەوەكانی، سیستەمی پەروەردەی كۆن و باوی بەلاوە پەسەند نییە".
واتە, بۆ بەرەو پێش چوونی سێكتەری پەروەردە لە باشووری كوردستان, بواری زیاتر بە فێرخواز بدرێت لە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤێكی باڵا و خاوەن بیركردنەوەی خۆی، دوور بێت لە داماڵینی مرۆڤ بوونی فێرخواز لە خودی خۆی.
سەرچاوەكان:
عەبدولڵا، نیان(ساڵی نیە). ئاشنابوون بە جان جاك ڕۆسۆ. گۆڤاری ئایدیا.
ستراتێرن، پۆل(ساڵی نیە). ئاشنابوون بە جۆن لۆك. و: جەمالی، عەتا. دەزگای ئایدیا.
فرێری، پاولۆ(2015). پێداگۆگی ستەملێكراوان. و: محەمەد جیهاد. چاپی یەكەم. سلێمانی: چاپخانەی سەردەم.
ڕەسڵ، بێرتراند (2018). دەربارەی پەروەردەكردن. و: محەمەد، جیهاد. چاپی یەكەم. سلێمانی: چاپخانەی سەردەم.
مێهر ئارا، عەلی ئەكبەر. و زادەگان، محەمەد عەباس. و فەر، عەلی فروز. مێژووی پەروەردە و فێركردن. و: وریا قادر.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو