میدیای ئەلیكترۆنی و سۆشیال میدیا لە هەرێمی كوردستان رێكدەخرێت

میدیای ئەلیكترۆنی و سۆشیال میدیا لە هەرێمی كوردستان رێكدەخرێت

دیدار-محەمەد هەسنانی: لەپیناو رێكخستنەوەی ئەو بێسەرو بەریەی كە لە میدیای ئەلیكترۆنی و سۆشیال میدیاو كەناڵەكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، پرۆژە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان رێكدەخرێت. ئەندامێكی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت " گرینگە حكوومەتی هەرێم تۆڕێكی میدیایی تایبەت بە خۆی هەبێت كە سەر چاوەی هەواڵەكان بێت.
موحسین دۆسكی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان، لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا رایگەیاند " میدیایی ئەلیكتڕۆنی و سۆشیال میدیا لە كوردستاندا بێسەروبەری لە بەكارهێنانیدا هەیە و زۆر جار بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، ئەمەش پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە لە پێناو رێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی و سۆشیال میدیاو كەناڵەكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، وەك لێژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان، رەشنووسێكمان بە پڕۆژە یاسایەك ئامادە كردووە و لەگەڵ پسپۆڕان و راوێژكارانی لیژنەكە گفتگۆی لەسەر دەكەین، دواتر بە بەشداری كەسانی پسپۆر و شارەزا لە چەند سـمینارێكدا گفتگۆو لەبارەی رەشنووسەكە دەكەین، تا دەیكەینە پڕۆژە و دەیخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ جێبەجێكردنی".
گووتیشی " ئەوەی پڕۆژە یاسایەی كە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین، بریتییە لەوەی كە كاری جددی بكرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای میدیا لە هەرێمی كوردستان، هەروەها حكوومەتی هەرێم تۆڕێكی میدیای تایبەت بە خۆی هەبێت، وەك (تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی) بۆ ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان هەواڵ و زانیاری درووست لەو رێگەیەوە وەربگرن، هەروەها ببێتە سەرچاوەی هەواڵی راستیش بۆ كەناڵ و راگەیاندنەكانی دیكە، هەروەك لە زۆربەی وڵاتان كە ناڵی میدیای تایبەت بە حكوومەت هەیە و جێگەی باوەڕ و متمانەو دڵنیایی خەڵكەكەیە، نەوەك هەریەكەو بە ویستی خۆی و لەبەرژەوەندی ئەو كەس و لایەنەی كە لە پشت كەناڵ و راگەیاندنەكەیە، هەواڵ و بابەت بڵاو بكەنەوەو سەر لە هاووڵاتییان بشێوێنن و نەزانن باوەڕ بەكامیان بكەن لەبری خزمەت زیان بە كۆمەڵگە بگێنن".
دۆسكی ئەوەشی ئاشكراكرد "پڕۆژە یاساكەمان لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێ و ئامادە كردووە زیاتر دەوڵەمەندین دەكەین، لەوەرزی داهاتووی كۆبوونەوەی پەرلەمان، واتە لە مانگی سێ پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا پڕۆژەكەش هەم لێپێچینەوە و سزای تێدایە، هەمیش چاودێری كردنی پەیج و ئەكاونتەكانی تێدایە، واتە سەرجەم ئەوانەی كە خاوەنەكانیان دیارە هەروەها ئەوانەش كە نەهێنین و خاوەنەكانیان نادیارە، بەپێی ئەم پڕۆژ یاسایەی كە ئامادەمان كردووە هەر هەواڵ و بابەتێك بڵاوبكرێتەوە بەشێوەیەك كە كاردانەوەی نەرێنی و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی درووست بكات، لێپێچینەوەی توندی یاسایی لەگەڵ بكرێت".
موحسین دۆسكی لە دوا قسەكانیدا رایگەیاند " بە داخەوە زۆر جار دەبینین لە شوێنە جیا جیاكان بەبێ راچاوكردنی ئاسایشی نیشتیمانی، هەندێ هەواڵ و بابەتی وا دەوروژێنن و بڵاوی ئەكەنەوە مەترسی تەواو لەسەر تاك بە تاكی هاووڵاتییان و دانیشتووانی كوردستان درووست دەكات، ئەوەش كارێكی هەڵەیە و لە هیچ وڵاتێك شتی وا بوونی نییە، چونكە دەبێت ئاسایشی نیشتیمانی لەسەروی هەموو بەرژەوەندی یەكەوە بێت.

زۆرترین بینراو