مێرگەسۆر پێویستی بە 480  مامۆستا و 23 قوتابخانەی نوێ هەیە

مێرگەسۆر پێویستی بە 480 مامۆستا و 23 قوتابخانەی نوێ هەیە

دیدار – ڕائیب شێروانی: مامۆستا ئەحمەد محەمەد نوح، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر 168 قوتابخانە لە خۆ دەگرێت و نزیكەی 15 هەزار قوتابی لەو قوتابخانانە دەخوێنن، ئەوەی بۆتە كێشە كەمی میلاكە و تەنیا 847 مامۆستای هەمیشەییمان هەنە، لەگەڵ 309 مامۆستای گرێبەست، پێویستمان بە 480 مامۆستای دیكە هەیە، چاوەڕوانی حكوومەت دەكەین كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو مامۆستایانەی كە گرێبەستن بكرێنە هەمیشەیی. دەشڵێ:" پێنج قوتابخانەمان هەنە لە بینای كرێدانە و ساڵانە كرێ ئەو بینایانە دەدەین، جگە لەوەی 10 قوتابخانە لە كابینەدانە، ساڵانە كێشەی سووتەمەنیمان هەیە و پێویستە لە ناوچە شاخاوییەكان پێش مانگی 10 نەوت دابەش بكرێت.
* چ ئامادەكارییەكتان كردووە بۆ خوێندنی ئەمساڵ؟
- بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێویستە پێش دوو مانگ لە دەستپێكی دەوام خۆمان ئامادە بكەین، ئەو پلانەمان دانابوو و سەركەوتووش بووین لەو پلانەی كە دامان نابوو، پێداویستییە سەرەتاییەكان كە پێویستە لە هەموو قوتابخانەكان هەبن دابین كراون، یەكێك لەوانە دابەشكردنی پەرتووكەكان بوو، خۆشبەختانە لە سەرانسەری پەروەردەی مێرگەسۆر كە 168 قوتابخانە لە خۆ دەگرێت پەرتوووك بەسەر هەموو قوتابخانەكاندا دابەشكراون، تەنیا ئەو پەرتووكانەی كە داخیلی هەرێمی كوردستان نەبوونە، لە چاپ دەرنەچوونە وەكو بابەتی بیركاری و زانست كەموكورتیمان هەیە، یاخود هەندێك بابەت هەن حكوومەتی هەرێم پێی خۆشە بۆ ئایندە نەمێنن، پڕۆگرامەكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، ئەو بابەتانە وەكو پێویست نەهاتوونە و ئەو بابەتانەی كە هەن پێویستە تەواو ببن، دووبارە چاپی نوێ دەربچێت، سوپاس بۆ كۆگای بڵێ، ماندوو بوون، توانیویان پێش دەست پێكردنی دەوام پەرتووك بەسەر هەموو قوتابخانەكاندا دابەش بكەن، پلانەكە وەكو خۆ دەچێتە پێشەوە كێشە و گرفتیش هەن، پێویستە ئەوانە چارەسەر بكەین، رۆژانەش خەریكین چارەسەر دەكەین.
* چەند قوتابخانە و مامۆستا لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر هەن؟
- سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر 168 قوتابخانە لە خۆ دەگرێت، لەوانە 9 باخچەی ساوایان، 134 قوتابخانەی بنەڕەتی، لەگەڵ 25 قوتابخانەی دواناوەندی و ئامادەیی، لەگەڵ سێ قوتابخانەی ناحكومی و پەیمانگایەكی ئەهلی، زیاتر لە 14 هەزار و 880 قوتابی لەو قوتابخانانە درێژە بە خوێندن دەدەن، 495 قوتابی لە باخچەی ساوایان، 9 هەزار و 800 قوتابی لە قوتابخانەكانی بنەڕەتی، 3 هەزار و 806 قوتابی لە قوتابخانەكانی دواناوەندی، 779 قوتابیش لە قوتابخانە ئامادەییەكان دەخوێنن.
* چەند مامۆستاتان هەنە و پێویستان بە چەند مامۆستای نوێ هەیە؟
- میلاكی ئێمە زۆر كەمە، 847 مامۆستای هەمیشەییمان هەنە، لەبەرامبەردا 309 مامۆستای گرێبەستمان هەنە، پێویستمان بە 480 مامۆستای دیكە هەیە كە بێ نە دامەزراندن، یان بكرێنە گرێبەست تاكو وانەبێژی نەمێنێت، چاوەڕوانی حكوومەتی خۆمان دەكەین كە لە ماوەیەكی نزیكدا هەوڵبدات ئەو مامۆستایانەی كە گرێبەستن بكرێنە هەمیشەیی، ئەو مامۆستایانەی كە گرێبەستن ساڵانە حكوومەت گرێبەستەكانیان نوێ دەكاتەوە، ئەگەر پێویست بوو، بەڵام ئەگەر مامۆستایەك وەكو پێویست دەوامی نەكرد دەتوانین بۆ ساڵی دواتر گرێبەستەكەی نوێ نەكەینەوە و مافی دەوام كردنی نامێنێت، وانەبێژ ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لە حكوومەت دانەمەزراون، هەروەها گرێبەستیش نین، بەڵكو وەكو محازرە وانەكان دەڵێنەوە، ئەوان هیچ بڕە مووچەیەكی دیاریكراویان نیە و مانگانە بە گوێرەی ژمارەی وانە گوتراوەكان پارەیان پێدەدرێت كە بۆ بەكالۆریۆس بۆ وانەیەك 4 هەزار دینار و بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بۆ هەروانەیەك 3 هەزار دینارە.
* پێویستان بە چەند قوتابخانەی تازە هەیە؟
- پێویستمان بە دروستكردنی 12 قوتابخانەی بنەڕەتی و 6 قوتابخانەی ئامادەیی و لەگەڵ دروستكردنی 5 باخچەی ساوایان هەیە كە لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر دروست بكرێن، لەگەڵ ئەوەی پێش چەند رۆژێك لە كۆمەڵگەی وڵات ژێری قوتابخانەی دواناوەندی وڵات ژێری كە قوتابخانەیەكی 18 پۆلیە لەلایەن دەزگای روانگەوە دروستكراوە كرایەوە، سوپاسی بەرپرسانی ئەو دەزگایە دەكەین، هیوادارین نموونەی وەكو ئەوان زۆر بێت، هەروەها خێرخوازێكی دیكە قوتابخانەیەكی 12 پۆلی بۆ شێخان و گوندەكانی دەوروبەر دروست دەكات.
* چەند قوتابخانە دوو دەوامی و سێ دەوامی نە؟
- هیچ قوتابخانەیەكی سێ دەوامی لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر بوونی نیە، بەڵام قوتابخانەی دوو دەوامی هەنە، كە بەیانیان و ئێواران دەوامی تێدا دەكرێت، ئەو قوتابخانانە بچووكن و لە ساڵی نەوەتەكان دروست كراون و تەحەمولی ئەو رێژە زۆرەی قوتابی ناكەن، بۆیە پێویست دەكات كە خوێندنی دوو دەوامی تێدا بكرێت، هیوادارین بۆ چوار ساڵی ئایندە لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا بێت كە هەموو قوتابخانەكان بكرێنە یەك دەوام.
* لە مێرگەسۆر كێشەی گواستنەوەی قوتابیان هەیە بۆ ئەمە چیتان كردووە؟
- نەك لە مێرگەسۆر، بەڵكو لە هەموو كوردستان گواستنەوەی قوتابیان ئەركی پەروەردە نیە، بەڵام پەروەردەی مێرگەسۆر 9 پاسی هەیە، ئەوانە لە خزمەتی قوتابیانی گوندەكاندانە، رادەستی هەندێك كەسمان كردووە و پێمان گوتوونە قوتابیەكانی خۆتان پێ بگوازنەوە بەس دەبێت خەرجی ئەو پاسانە ئێوە بكەن، ئەو كاتە قوتابی كەمتر پارە دەدات، بۆیە ئەو پاسانە لە چەند ناوچەیەك دانراون و قوتابیانی گوندەكان دەگوازنەوە نزیكترین قوتابخانەی ناوچەكە.
* هیچ قوتابخانەیەك لەناو بینای كرێ یان كابینەدا هەیە؟
- 5 قوتابخانەی ئێمە لە كرێدانە و ساڵانە كرێ ئەو بینایانە بە پێی ئەو گرێبەستەی كە هەیە دەدەین، بێجگە لەوە 10 قوتابخانەی دیكەمان لە كابینەدانە، ئەو كابینانەش پێویستیان بەوە هەیە كە بكرێنە بینا، چونكە مێرگەسۆر ناوچەیەكی شاخاوییە و ساردە و سەرمای مێرگەسۆر جیاوازە لەگەڵ ناوچەكانی دیكە، هەر لەبەر ئەوە پێویستە ئەو كابینانە بگۆڕدرێن و بكرێنە بینا.
* ئاستی خوێندن چۆنە لە سنووری پەروەردەكەتان ؟
- ئاستی خوێندن لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر ئاستێكی وا باش نیە كە لە تموحی ئێمەدا بێت، بەڵام گەش بینین كە ساڵ بۆ ساڵ ئاستی خوێندن بەرەو پێشەوە بچێت، گرفتێكمان هەیە ئەویش ئەوەیە كە هەر قوتابیەك تا پۆلی 11 نمرەیەكی باش بە دەست دەهێنێت، ئەو قوتابیە دەچێتە قوتابخانەیەكی ئەهلی و پارەیەكی زۆر دەدات، 11 ساڵ ئێمە خزمەتی ئەو قوتابیە دەكەین، ساڵی كۆتایی دەچێتە قوتابخانەیەكی ئەهلی و كۆتا ساڵ نمرەیەكی باش بە دەست دەهێنێت، ناوەكە بۆ ئەو قوتابخانەیە دەبێت نەك بۆ ئێمە، بۆیە زۆر قوتابی ئەو كارە دەكەن و دایك و باوك ئەو قوتابیە دەگوازنەوە بۆ قوتابخانەیەكی ئەهلی داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی هەولێر كردووە كە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، هەر چەندە ئەوان بە شێوەیەكی زارەكی وەڵامی ئێمەیان داوەتەوە كە ئەو قوتابیانەی نمرەیان لە 90 كەمترە كێشە نیە، بەڵام لە 90 بەسەرەوە گواستنەوە و بروانامەی پێ نەدرێت، بەڵام مادەم هیچ نووسراوێكی فەرمی لەبەردەستی ئێمە نیە، ئێمە ناتوانین رێگری لێ بكەین.
* ئەنجامەكان بە دڵتان بوون؟
- ئەنجامەكەكان تا ڕادەیەك بەدڵی ئێمە بوون، ئێمە وەكو پەروەردە زیاتر بۆ خۆمان دانا بوو، پێداچوونەوە دەكەین، هەروەها بۆ وانەبێژی بەرنامەمان داناوە كە بەس دەرچووەكانی كۆلیژەكان وەربگرین، دەرچووی هیچ پەیمانگایەك وەرنەگرین، ئەوەی دیكە هەوڵمان داوە كە لە قوتابخانە ئامادەییەكان هەموو پسپۆر تێدا هەبن، بەتایبەتی لە بابەتی زانستی، لەگەڵ بابەتە كۆمەڵایەتییەكان لە وێژەیی.
* گواستنەوەی مامۆستایان چۆنە و بە چ شێوەیەكە؟
- ساڵانە رێنماییەكان دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەگەر مامۆستایەكی ئامادەیی پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت، مافی گواستنەوەی هەیە، مامۆستای بنەڕەتی مافی گواستنەوەی هەیە ئەگەر 6 ساڵ خزمەتی هەبێت، بەڵام بە مەرجێت لە شوێنە دوورە دەستەكان بێت، نەك لە دەوروبەری قەزا و ناحییەكان بێت، سێ شت زۆر گرنگن بۆ رێكخستنی میلاك، یەك ئەو مامۆستایانەی كە دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی سنووری پەروەردە، دەبێت فەرمانی كارگێڕی پێ دەربچێت، لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر، كە چەند مامۆستا دەگوازرێنەوە، ئەو مامۆستایانەی كە داوای گواستنەوەیان كردووە 158 مامۆستانە، خاڵی دووەم میلاكمان نیە كە جێگای ئەو مامۆستایانە بگرێتەوە، ساڵانە زیاتر لە 100 مامۆستا دەگوازرێنەوە و كەس ناهێتە شوێنی ئەوان، كاتێك كەس نەهێتە شوێنی ئەوان میلاك كەم دەبێت، وانەبێژ نیە لە هەموو قوتابخانەكان دابنێی، لە سنووری حەوزی سۆران، كە هەر چوار پەروەدەری مێرگەسۆر، سۆران، رواندز و چۆمان لە خۆ دەگرێت میلاك كەمە و پێویستە حكوومەت هەندێك ئیمتیازات بداتە ئەو مامۆستایانەی كە دێنە سنووری ئەو پەروەردانە، یان مووچەكانیان زیاتر بكرێت، یان دەرماڵەیەكی زیاتریان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی مامۆستایان بەخۆیان حەز بكەن روو لەو شوێنانە بكەن و دەوام بكەن.
* خوێندنی ئینگلیزی چی بەسەر هات؟
- بابەتی زانست و بیركاری ئینگلیزی بوون، لای ئێمەش چەند قوتابخانەیەك هەبوون، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە ئێستا جگە لە بابەتی ئینگلیزی هیچ بابەتێكی دیكە لە پۆلی یەكەم بە ئینگلیزی ناخوێندرێت.
* لە ڕێگەی وانەبێژانەوە گرفتی كەمی میلاكی قوتابخانەكان چارەسەر دەكرێ؟
- مامۆستای وانەبێژ دەتوانێت وانە بڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ببێتە گرێبەست ئێمە دەتوانین زیاتر سوودی لێ وەربگرین، زیاتر لەبەر دەستی ئێمە دەبێت، مامۆستای وانەبێژ ئەگەر كارێكی دیكەی دەست بكەوێت رەنگە كارەكە بەجێ بهێڵێ، هەر چەندە ئێمە وەرەقەیەك پێ ئیمزا دەكەین كە دەبێت تا كۆتایی ساڵ پابەند بێت بە دەوامەوە، بەڵام ئەگەر گرێبەست بێت دەتوانێت زیاتر كارەكانی خۆی بكات، هەر چەندە ئەمساڵ چەند رێنمایەكمان دەركردووە كە هەر وانەبێژێك پێویستە پابەند بێت بە رێنماییەكانی قوتابخانە هەر بەرێوەبەرێك ببینێت كە وانەبێژ وەكو پێویست دەوام ناكات، یان ئاستی زانستی نزمە دەتوانێت بڵێت ئێدی چی دیكە تۆمان ناوێت.
* ئەوە وەرزی زستان هات كەی نەوت بەسەر قوتابخانەكاندا دابەش دەكرێت؟
- ساڵانە كێشەی سووتەمەنیمان هەیە، بەڕاستی زۆر گلەییمان لەسەر ئەو بابەتە هەیە، پلان پێویستە بزانێت شوێنە شاخاوییەكان پێش مانگی 10 ئەگەر نەوت بۆیان دابین بكرێت زۆر باش دەبێت، چونكە دوای ئەوە كەش و هەوا سارد دەبێت و باران دەبارێت، هەندێك جار بۆ مانگی 11 نەوت نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە، خەڵك گڵەیی دەكات، نازانێت كە بابەتەكە پەیوەیست نیە بە ئێمەوە، ساڵانە لە مانگی 8 داوای دابینكردنی نەوت دەكەین، ساڵی رابردوو زوو نەوت دابەش نەكرا، سوپاس بۆ قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بڕێك نەوتی بۆ ئێمە دابین كرد و توانیمان بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە دوورە دەستن دابین بكەین، دواتر نەوت بۆ ئێمە هات، بەڵام ئەو بڕەی كە داوامان كردبوو هەموو بە دەستی ئێمە نەگەیشت، 60% ئەو نەوتەی ئێمە داوامان كردبوو بە دەستی ئێمە گەیشت، ئەمساڵ بڕیار دراوە كە زوو نەوت دابین بكرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بەسەر قوتابخانەكاندا دابەش بكەین.
* دواین پەیامت چییە؟
- دوا پەیامی من بۆ قوتابیانە دەرگای قوتابخانەكان كرانەوە، پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، داواكارین قوتابیان زیاتر گرنگی بە وانەكانی خۆیان بدەن، خۆ لە تەكنەلۆجیا دوور بگرن، داوایان لێ دەكەین رۆژانە وانەكانی خۆیان بخوێنن، بۆ ئەوەی ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنن، بۆیە داوا لە دایك و باوكی هەموو قوتابیان دەكەین كە ئاگاداری ئەو بابەتە بن، هەروەها بەردەوام سەردانی قوتابخانەكان بكەن، هەروەها داوا لە هەموو بەڕێوەبەر و مامۆستایان دەكەم كە جددی بن، خەمخۆرانە كار بكەن، هەموو قوتابیەكان بە كچ و كوڕی خۆیان بزانن، جیاوازی لە نێوان قوتابیاندا نەكەن، ئێمەش وەكو پەروەردە لە خزمەتی قوتابیاندا دەبین، لە خزمەتی دایك و باوكی قوتابیان و مامۆستایان دەبین، رۆژانە كاتژمێر 8ی بەیانی تا 3ی دوای نیوەڕۆ ئێمە لێرەینە و دەرگای ئێمە بۆ هەموو ئەوانە كراوەیەوە، پەنا بەخوا پرۆسەی پەروەردە بەرەو پێشەوە دەچێت".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو