مێژوویی زێڕینی ئینێستای نازدار

مێژوویی زێڕینی ئینێستای نازدار

زاری كرمانجی- ئاژانسە هەواڵییە وەرزشییەكان: ئەندریاس ئینێستای ئیسپانی و یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی مێژووی بەرشلۆنەو یانەی ڤیسێڵ كوپەی ژاپۆنی، لە وەرزی پاری 2018 بڕیاری لە چارەنووسی خۆی دا بۆ ئەوەی ریزەكانی بلاوگرانا جێبهێڵێت.
ئینێستای تەمەن 33 ساڵ لە هەگبەكەیدا زۆر كاری ناوازەو گەورە هەیە لە مێژووی بەرشلۆنەو هەڵبژاردەی ماتادۆرەكانی ئیسپانیا, جێ پەنجەی دیارەو بەبێ ویست مێژوو لە یادی ناكات و ژیانی ئەو كوڕەی لاماسیا بە زێڕ دەنووسێتەوە.
ئینێستا لە قوتابخانە ئەزمووندارەكەی بەرشلۆنەوە پەروەردەی تۆپی پێ كراوەو ناوی لاماسیای هێندەی تر بە جیهان ناساندووە، بەجۆرێك دۆستەكانی و ركابەرەكانی ئیرەیی بەتواناكانی دەبەن و ناتوانن ستایشی ئەو رۆڵەی نەكەن كە لە یاریگەدا دەیگێڕێت.
ئینێستای تەمەن 35 ساڵ نزیك دەبێتەوەو تا ئێستا 31 نازناوی پێشكەشی مۆزەخانەكەی هەرێمی سەربەخۆخوازەكان كردووە, لە بەدەستهێنانی 5 نازناوی وڵاتەكەشی بەشداربووە.
رۆژنامەكانی ئیسپانیا پێشتر چەندین مانشێتی گەورەو سەرنجڕاكێشیان لەسەر ئەستێرە درەوشاوەكەی بەرشلۆنە دەنووسی و لەو نێوەندەدا رۆژنامەی ئاس ئەو كوڕەی لاماسیای بە رۆحی بەرشلۆنە ناوەزەد دەكرد.
رۆژنامەی ماركای نزیك لە یانەی ریال مەدریدیش بۆ ئینێستای نووسی" ئەو كۆتا ئیمپراتۆرە". لەلایەكی دیكەوە مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بە دوو وشەی پڕمانا ستایشی كردو نووسی" ئینیستا پاڵەوانی هەتا هەتاییە".
جگەلە هەوادارانی یانەی بەرشلۆنە، كۆی ئیسپانیانیییەكان ئێنستایان خۆشدەوێت، چونكە لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفەریقیاو لە یاری كۆتاییدا, بەرامبەر ئاشە هەواییەكانی هۆڵندا ئەو گەوهەرەی بلاوگرانا تۆڕی گۆڵی ئەو هەڵبژاردە پرتەقاڵییەی هەژاندو ئیسپانیای كردە خاوەنی یەكەم نازناوی جامی جیهانی, ئەمە جگە لەوەی دووجار نازناوی جامی نەتەوەكانی ئەوروپای لەگەڵ ماتادۆرەكان لە ساڵەكانی 2008 و 2012 بەدەستهێنا.
هەربۆیە لەو ساتەوە لە زۆرێك لە یاریگەكانداو لەكاتی ئاڵوگۆڕكردنی بە یاریزانی دیكە، چەپڵەی وەفاو خۆشەویستی بۆ ئەو وێنە كێشەی كەتەلۆنییەكان لێدەدران، هەربۆیە لە وەسفیدا پیپ گواردیۆلای ئیسپانی دەڵێت" ئینێستا لەو یاریزانانەیە كە لە هەموو یاریگەیەكدا رێزی لێدەنرێت و چەپڵەی بۆ لێدەدرێت".
ساڵی 1984 لە فوینتیالیبای ئیسپانیا لەدایكبووە، لە تەمەنی 12 ساڵیەوە رووی لە قوتابخانەی لاماسیا كردووەو كە خەونی ئەوەی هەبووە بچێتە یانەی ریال مەدرید, ساڵی 2002 یەكەم یاری بە درێسی بەرشلۆنەوە بۆ تیمی یەكەمی ئەو یانەیە ئەنجامداوە.
ئەو ئەستێرە درەوشاوەیە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە هەشت نازناوی خولی پلە یەكی ئیسپانیای بەدەستهێناوە، لە ركابەرییەكانی جامی شای ئیسپانیاشدا شەش جار ئەو جامەی بەرزكردۆتەوە, سوپەری ئیسپانیا 7 جار, چامپیۆنزلیگ 4 جار, سوپەری ئەوروپا 3 جار, جامی جیهانی یانەكان 3 جار, لە كۆی 442 یاری بۆ بەرشە 35 گۆڵی تۆمار كردووە, لە هەڵبژاردەی وڵاتەكەشی 13 گۆڵ لە 131 یاریدا تۆمار كردووە, یەكەم یاری ئەم ئەستێرەیە لە چامپیۆنزلیگ لە وەرزی 2002-2003 بوو لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەر ڤان گال كاتێ بەرامبەر یانەی كڵۆپ برۆجی بەلجیكی یاری كردو ئەنجامەكەش 1-0 بۆ كەتەلۆنیەكان بەكۆتاهات, لە تەمەنی 18 ساڵی یەكەم یاری لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی مایۆركا بوو لە هەفتەی 15 هەم كاتێ راهێنەر تایمی دووەم لە شوێنی یاریزان جێرارد لۆپێز خستیە ناو یارییەكەوە.
دواجار ناوی ئینێستا لای كەتەلۆنییەكان بەگەورەیی دەمێنێتەوەو وەك ژمارەیەكی گەورە لە مێژووی تۆپی پێدا هەژمار دەكرێت، بەڵام هەڵكشانی تەمەن فاكتەرێكە بۆ ئەوەی كوڕە كەتەلۆنییەكە شوێنەكەی بۆ یاریزانە لاوەكان جێبهێڵێت و بژاردەیەكی دیكە بەرجەستە بكات.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو