مێژوو لە دوو ئاراستەی تۆمار كراو

نووسینی/ ئەحمەد كامەران

هەركاتێك كە ناوی مێژوو دەهێنرێت پێویستە لە دوو ئاراستەدا كۆی بكەینەوە. ئاراستەی یەكەم (مێژووی سپی)، ئاراستەی دووەم (مێژووی ڕەش). بۆیە مێژوو دەكرێتە دوو ئاراستە، چونكە گێرانەوەی رووداوەكانە لە رابردوو, دەمەوێ تیشك بخەمە سەر مێژووی كەسە فەرمانڕاوەكان كە بە درێژایی مێژوو لە نێو لاپەڕەكانی مێژوو گوزەریان كردووە بە دوو ئاراستەی جیاواز.
گرنگە لە كاتی نووسینەوی مێژوو هەوڵی دووركەوتنەوە بدرێت لە نەتەوە پەرستی و شۆڤێنیزمی و نەچوونە ژێر باری ئایینەوە, هەر كاتێك لە نووسینەوەی مێژوو بكەوینە ژێر ئەم سێ ئایدیاوە, دەرئەنجام لاپەڕەكانی مێژوو دەشێوێنین و لەهەمانكاتیشدا ستەمی مێژوویی ئەنجام دەدەین, بۆیە پێویستە مێژووی ڕەش و هەروەها مێژووی سپی وەك خۆیان تۆمار بكەین بۆ نەوەكان پاش خۆمان.
بەدرێژایی مێژوو لەكاتی هاتنە سەر تەختی هەر فەرمانڕەوایەك, هەموو جۆرە كارو كردەوەیەك ئەنجام دەدات و خۆی لە هەموو خۆشییەكانی ژیاندا بێ بەش ناكات، بەڵام ئەوكاتەی دەكەوێتە سەر لێواری مەرگ, ئیتر هەموو شتێكی لەیاد دەچێتەوە تەنها بیری لای ئەوەیە چۆن خۆی لەم لێواری مەرگەدا رزگار بكات, بێگومان رزگار بوون لە لێواری مەرگ شتێكی مەحاڵە، لەبەر ئەوەی ئیتر زەنگی مردنی بۆ لێدراوە و دەبێ ملی خۆی بۆ كەچ بكات, بەڵام پاش كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەو فەرمانڕەوایە و نەمانی لە ژیان, تاكە شت لە پاش خۆی بەجێی دەهێڵت مێژووەكەیەتی, واتە بە درێژایی تەمەنی و كاتێك خاوەنی دەسەڵات بووە چ جۆرە كارو كردەوەیەك ئەنجام داوە, بێگومان ئەوە تەنها مێژوو بۆ ئەو دەسەڵاتدارە شاهێدی دەدات, بۆیە لێرەوە ئاراستەی مێژوو خۆی لە دوو ئاراستەدا دەبینێتەوە, ئەویش وەك لە سەرەتا باسم كرد، واتە بریتییە لە مێژووی ڕەش و سپی, واتە ئەو دەسەڵاتدارەی بە درێژایی تەمەنی بەردەوام هەوڵی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی داوە بۆ خەڵكەكەی و لە هەمانكاتیشدا خۆشی پاراستوە لە هەموو جۆرە جەنگێك و كاولكارییەك بۆ سەر خاك و نەتەوەیەكی بەرامبەری, بۆیە لە نێو لاپەڕەكانی مێژوودا ئەمجۆرە دەسەڵاتدارە بە مێژووی سپی تۆمار دەكرێت، ئەمەش بۆ نەوەكانی ئەو نەتەوەیە و نەوەكانی هەموو جیهان بە جێگای شانازی دادەندرێت, هاوكاتیش بە پێچەوانەی ئاراستەی یەكەم ئاراستەی دووەمیش لەنێو لاپەڕەكانی مێژوودا خۆی دەبینێتەوە, ئەم ئاراستەیەش دەتوانم بڵێم زۆرترین ئاراستەیە لەنێو مێژوودا بەرچاومان دەكەوێت، ئەویش (مێژووی رەشە) ئەم ئاراستەیە پێچەوانەی ئاراستەكەیترە, واتە هەر دەسەڵاتدارێك لە پاش ماڵئاوایی كردنی لەژیان, و بەدرێژایی ئەو ماوە دەسەڵاتدارییەی هەیبووە لە بەرامبەر خەڵكدا و بە بەردەوامی هەوڵی چەوسانەوەی خەڵك و ئارەزوو كردنی بۆ بەرپاكردنی جەنگ وكاوڵكاری داوە, ئەمجۆرە دەسەڵاتدارە لە (مێژووی رەش) تۆمار دەكرێت, كە زۆر جاران دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئەو نەتەوەیە كە دەسەڵاتدارێكی لەمجۆرەی هەبووە.
هەركاتێك گوێبیستی چەند كەسایەتییەكی مێژوویی دەبینەوە وەكو (غاندی وگیڤارا و ماندێلا)...هتد لەگەڵ چەندین كەسایەتی تری هاوشێوەی ئەوان, كە توانیویانە بۆ خۆیان مێژوویەكی سپی تۆمار بكەن, نەتەوەكانی خۆیان و نەتەوەكانی دیكەش شانازیان پێوە بكەن, چونكە ئەم كەسانە خۆیان بە دەنگی ڕاستەقینەی هەژاران داناوە و تەواوی ژیانی خۆیان و هەموو خۆشییەكانی ژیانیان پشت گوێ خستووە لە پێناو بەدەست هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ نەتەوەكانیان و بەرپاكردنی ئاشتی و ئارامی لە تەواوی جیهاندا, كەچی لە پاڵ ئەوەشدا كەسانی لەمجۆرە بە بەردەوامی رووبەرووی هێرش و زیندان و تیرۆركردن دەبنەوە, هۆكاریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە لەسەر گۆیەكی زەویدان ڕێژەی كەسانی خراپەكار و خوێنرژ زۆرترە لە كەسانی باش و ئاشتی خوازدا.
جیاواز لەوانەی باسم كرد ئەگەر باسی كەسێكی تری ئەم سەردەمەدا بكەم كە بەردەوام خۆی لەنێو لاپەڕە رەشەكانی مێژوودا تۆمار دەكات، رەجەب تەیب ئەردۆغانە كەسێكی خراپەكار و شەڕخوازی مێژووە, بەردەوام ئارەزووی لە جەنگ و كاوڵكارییەو بەهۆی ئەو جەنگ و كاوڵكارییانەی بەرپایان دەكات بۆ سەر وڵات و ناوچەی دیكەدا بووەتە بكوژی سەربازی وڵاتی خۆی, دەبێ كەس و كاری ئەو سەربازانە لە كەسێكی لەمجۆرەدا خۆش نەبن، چونكە لەسەر شتی بێكەڵدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن, تەنها لە بەرژەوەندی سەرۆكەكەیانە ئەم جەنگ و كاوڵكارییانەی, بەڵام ئاخۆ كەسێكی لەمجۆرە كە بەردەوام خوێنی بێ تاوان دەڕژێنێت لەسەر خاكی خۆیدا بەبێ هیچ تاوانێكدا, دەبێت ئەم كەسە ویژدانی چۆن ئاسوودە بێت لەو كاتەی سەر دەنێتە سەر بالیفەكەی, بۆیە ئەم كەسانە ویژدانیان مردووە, دەبێت میژوو بەبێ ویژدانی باسی ئەمجۆرە كەسانە بكات.
ئەم دنیایە زۆر كورتە و موڵكی هیچ كەسێك نییە، بۆیە هەمووی بەجێی دەهێڵێتەوە هەتا تۆ لەم ژیانەدای و هەناسە دەدەیت بەردەوام كاری چاكە و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەرپا بكە بۆ دەوروبەرەكەت بەتایبەتی ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست، چونكە ئەركێكی گەورەی مێژوویی دەكەوێتە سەر شانی.

زۆرترین بینراو