مەترسییەكانی سەر كورد لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق

مەترسییەكانی سەر كورد لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق

" مەترسییەكانی ئێمە لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە"

زاری كرمانجی: لە بارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت و ئەو كێشە و ناكۆكییانەی لە نێوان لایەنەكان لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەو ئەگەرانەی كە پێویستە كورد كاریان لەسەر بكات و ویاریان بێت تا كمترین زیانی بەركەوێت، هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ زاری كرمانجی دوا.
لەسەرەتای قسەكانیدا هاوار محەمەد گووتی " دوا بەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی عێراق، یەكێك لە داواكارییە گرنگەكانی خۆپیشاندەران چڕ كردنەوەی هەوڵەكان بوو، بۆ هەموار كردنەوەی هەر دوو یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق, دواجار لە كۆتایی ساڵی رابردوو هەردوو یاساكە هەموار كرایەوە، بەڵام یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە هەڵپەسێردراوی مایەوە سەڕەرای ئەوەی چەند قۆناغێكی یاسایەكە تەواو كراوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پەسند نەكراوە لە وەقائیعی عێراقیش بڵاوكراوەتەوە, بۆیە یاساكە تا ئێستا بە ناكامڵا ئەژمار دەكرێت
لە بارەی گرنگترین خاڵی ناكۆك لەم یاسایەدا، هاوار روونیكردەوە" لە ماددە (15)ی یاساكە لە بڕگەی (5) ی داهاتووە كە پێویستە پارێزگاكان لەسەر بنەمای فرە بازنە بێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ سنووری جوگرافی بازنەكان یا دیاریكردنی هەر پێوەرێكی دیكە بكاتەوە، بۆیە لێرەدا هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عیڕاق كە بریتین لە شیعە و سوننە و كورد و هەوڵ دەدەن بەپێ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بازنەكانی هەڵبژاردن دابڕێژن، بە شێوەیەك كە بەرژەوەندییەكانیان لە گۆڕەپانی سیاسی و عێراقی داهاتوودا بەهێزتر بكەن".

" ئەم هەڵبژاردنە وەك نیمچە راپرسییەكیشە" 


لە بارەی مەترسییەكانی كوردیش ئاشكرایی كرد" مەترسییەكانی ئێمە لەلایەك لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە كە بەپێی دەستووری عێراق بە ناوچەی كێشە لە سەر ناسراون، چونكە ئەم یاسای هەڵبژاردنە بەر لەوەی یاسایەك بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، نیمچە ڕاپرسییەكەیشە لەسەر جێگیر كردنی پێكهاتە نەتەوەییەكان بە تایبەتیش لەو ناوچانەی بە سنووری ململانێ ناسراوە لە نێوان كورد و عەرەب، زیاتریش لە سنووری پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم یاسایە بوار نادات بە حزبە بچووكەكان بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان هەبێت لە پەڕلەمانی داهاتووی عێراقدا، لە لایەكی تریشەوە ڕێگا خۆش دەكات بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی عەشیرەتگەری و هۆز و تیركان و كاریگەرییان لە گۆڕەپانی سیاسی تۆخ دەكاتەوە، ئەمە چجای ئەوەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوویی عێڕاق زۆر ئەستەم دەبێت و دەستوەردانی دەرەكی زیاتر دەبێت، تەنانەت دوای پێكهێنانیشی حكومەتێكی لاواز و لەرزۆك دەبێت، چونكە حزب و هاوپەیمانێتییەكان زۆر كەم دەبێتەوە".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو