مەركەزیەت و لامەركەزیەتی ئیداری،خوێندنەوەیەكی تیۆری

حەسەن مستەفا

مەركەزیەت و لامەركەزیەتی ئیداری بریتین لە دوو وێنا یاخود شێوازی رێكخستن و تەنزیمی ئیداری، تەنزیمی ئیداری لە كورترین ناساندنیدا بریتیە لەو ستراكچەرو بناغەیەیەی كەدامەزراوە حكومییەكانی لەسەر بونیادنراوەو بەهۆیەوه وەزیفە و دابەشكردنی دەسەڵاتی ئیداری لە دەوڵەت رێكدەخات و ئامرازی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەكان و چۆنیەتی مومارەسەكردنی پسپۆری و ئیختیصاصەكان دەخاتەڕوو.
هۆكارو فاكتەرەكانی رێكخستنی ئیداری لە وڵاتاندا
یەكەم: هۆكاری جوگرافی و سروشتی: وڵاتانی دونیا لەڕووی ڕووبەری جوگرافی لە یەكتر جیاوازن، بۆیە سیستەمی سیاسی و رێكخستنی ئیداریان جیاوازە، ئەو وڵاتانەی ڕووبەری جوگرافیان فراوان و ئاڵۆزە، زیاتر مەیلیان بۆ سیستەمی لامەركەزی ئیداری و دابەشكردن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ یەكە لۆكاڵییەكان دەچێت، چونكە لەڕووی جوگرافییەوە ئاسان نییە كاروبارەكان لە یەك شوێن و لە دەستی یەك دەسەڵات رێكبخرێن. بەڵام ئەو وڵاتانە مەسافەی جوگرافی و سروشتیان فراوان و ئالۆز نییە، زیاتر مەیلیان بۆ سیستەمی ئیداری مەركەزی دەچێت كە دەسەڵاتەكان لە حكومەتی ناوەندی كۆدەكرێنەوە، چونكە رێكخستنی ئیداری لە وڵاتانی بچووك ئاسانترە.
دووەم: فاكتەری سیاسی : بوونی ئایدۆلۆژیا و بیری سیاسی جیاواز كاریگەری هەیە لەسەر رێكخستنی ئیداری، هەندێ‌ وڵات بە وڵاتی فرە ئاین و فرە نەتەوەو ئایدیای سیاسی دەناسرێنەوە، بۆیە سیستەمی سیاسی و ئیداریان جیاوازە، ئەو وڵاتانەی ئایدۆلۆژیا و نەتەوەی جیاواز لەخۆ دەگرن زیاتر مەیلیان بۆ سیستەمی لامەركەزی ئیداری دەچێت وەكو عێراق كە فرە نەتەوەیە وەكو كورد و عەرەب و ئاشوری و توركمان. هەندێ وڵات بەهۆی نەبوونی سیستەمی دیموكراسی زیاتر مەیلیا بۆ مەركەزی دەچیت.
سێیەم: هۆكاری تەكنەلۆجی : پەرەسەندنی تەكنەلۆجیا كاریگەری گەورەو بەرچاوی لەسەر سیستەمی رێكخستنی ئیداری هەیە، بە تایبەتی لەسەردەمی ئێستا كە بەسەردەمی گلۆبالیزەیشن (عەولەمە – globalization) ناسراوەو بەهۆیەوە گۆی زەوی وەك گوندێكی بچووكی لێهاتووەو دەتوانرێت بەكەمترین تێچوون و بەخێراترین و كەمترین كات كاروبارەكان بەرێوەبچن. لە سیستەمی ئیداریدا تەكنەلۆجیا كاریگەری زۆری هەیە بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشكەوتوو زۆربەی كاروبارە ئیدارییەكان بەشێوەی ئەلكترۆنی و ئۆنلاین لەرێگەی ئەنترنێتەوە ئەنجام دەدرێن تاوەكو رۆتینانی ئیداری دروست نەبێت و كارەكان بە كوالیتی باشتر بەرێوەبچن.
شێوازەكانی رێكخستنی ئیداری
شێوازەكانی رێكخستنی ئیداری بریتین لە كۆمەڵێك قەواعیدی قانون ئیداری كە شیوازو هەیكەلی ئیداری دەوڵەت رێكدەخات، وەكو دیاریكردنی شێوەی دەوڵەت لەسەر ئاستی دەستووری و ئیداری.
لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سیستەمی رێكخستنی ئیداری بە دوو شێوازە:
یەكەم: مەركەزیەتی ئیداری (المركزیە الاداریە)
ئەگەر وەزیفەی كارگێڕی لە دەوڵەتدا لە دەستی دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی بێت و بەشێوەیەك كەخۆی هەستێ‌ بەممارەسەكردنی دەسەڵاتەكان بەیارمەتی فەرمانبەرەكانی لە بواری كارگێڕییدا، ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی هیچ جۆرە تایبەتمەندی‌و دەسەڵاتێكی سەربەخۆ بەیەكە كارگێڕی‌و لۆكاڵیەكان نەدا، ئەوا ئێمە لەبەردەم سیستەمێكی كارگێڕی مەركەزی داین.
بۆیە شێوازی مەركەزیەتی ئیداری بریتییە لە كۆكردنەوەی گشت صەلاحیات و دەسەڵات و پسپۆرییەكانی پەیوەندیدار بە وەزیفەی گشتی لە دەستی یەك لایەنی ئیداری كە بریتییە لە حكومەتی مەركەزی (ناوەند یاخود پایتەخت).
لەم شێوازە سیستەمە حكومەت ئیش و كارەكانی لەرێگەی خودی خۆی یاخود بەرێگەی فەرمانبەرەكانی ئەنجام دەدات كە دواجار ملكەچ دەبن بۆ دەسەڵاتی سەرۆكایەتی لە حكومەتی مەركەزی، واتە دەزگاو دامەزراوەكانی تر شەخصیەی مەعنەویان نییە لەڕووی كاركردن و بواری دارایی سەربەخۆ نین، بەڵكوو سەر بە دەسەڵاتی مەركەزن، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم سیستەمە بریتییە لە فەراهەمكرنی یەكێتی نەتەوەیی و یەكخستنی پرۆسەی حوكمڕانی و ئیداری.
- ڕەگەزەكانی مەركەزی ئیداری (عناصر المركزیە الاداریە): مەركەزیەتی ئیداری كۆمەڵێك ڕەگەزی كە پێی دەناسرێتەوە ئەوانیش بریتین لە:
1- كۆكردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەكان لە دەستی دەسەڵاتی مەركەزی، واتە دەسەڵاتەكان بۆ هەرێم و پارێزگاكان و یەكە لۆكاڵییەكان شۆرناكرێنەوە. وەكو دەسەڵاتی ئەمنی و دیفاع و دامەزراندنی فەرمانبەران.
2- دامەزراوەكانی تری ئیداری جگە لە پایتەخت كە ناوەند و مەركەزی دەوڵەتە نابنە خاوەنی كەسایەتی مەعنەوی بەڵكوو لەڕووی ئیداری دەبنە تابعی مەركەز.
دووەم: لامەزیەتی ئیداری
ئەم شێوازە بە پێچەوانەی مەركەزیەتی ئیداری بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵات و دابەزاندنی دەسەڵات لە حكومەتی ناوەندەوە بۆ هەرێمەكان و یەكە كارگێرییەكان.
- ئەم شیوازە چەند جۆرێكی هەیە:
1- اللامركزیە السیاسیە (الفدرالیە): هەندێ دەوڵەت كار بە سیستەمی فیدرالی دەكەن بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی فرە نەتەوەن، بۆیە دەوڵەتەكە لە چەند هەرێمێك پێكدێت و لەسەر بنەمای دەستوور دەسەڵاتەكان لە نێوان حكومەتی مەركەزی و هەرێمەكان دابەش دەكرێن.
بۆ نموونەی سیستەمی سیاسی عێراق سیستەمێكی فیدرالیە كە لە حكومەتی مەركەزی و هەرێمی كوردستان پێكدێت، هەرێمی كوردستان خاوەنی شەخصیەی مەعنەویە لەڕووی ئیداری و داراییەوە سەربەخۆییەو هەر سێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و قەزای هەیە. بەڵام لە سیستەمە مەركەزییەكان هیچ هەرێمێك نییە وەكو سیستەمی سیاسی ئیران یاخود توركیا یاخود سعودیە.
شێوازی رێكخستنی ئیداری لە عێراق - مەركەزیەت و لامەركەزیەت لە عێراق و كوردستان
بە درێژایی مێژوو سیستەمی رێكخستنی ئیداری لە عێراق سیستەمێكی لامەركەزیبووە، چونكە سیستەمە سیاسییەكان دەسەڵاتەكانیان لە حكومەتی ناوەند چڕ دەكردنەوەو رۆڵ و پێگەیان بە پارێزگاو یەكە ئیدارییەكانی تر نەدەدا، بۆ نموونە لەسەردەمی رژێمی بەعس هەرێمی كوردستان وەك پارێزگایەكی عێراقی سەیر دەكرا، بەلام لە ساڵی 1969 و دەرچوونی دەستووری كاتی عێراقی ساڵی 1970 اعتراف بە پێكهاتەی كورد كرا لە ڕووی جوگرافی و زمان و نەتەوەو ئیدارییەوە كە كوردستان بوو بە حوكمی ئۆتۆنۆمی واتە خۆبەرێوەبردن بەتایبەتی دوای دەرچوونی یاسای حوكمی ئۆتۆنۆمی ژمارەی 33 ی ساڵی 1973، كە ئەمەش سیستەمی ئیداری لە عێراق لە مەركەزیەتی بەرەو لامەركەزی گۆری.
دوای گۆرانكاری لە سیستەمی سیاسی عێراق لە ساڵی 2003 و نووسینەوەی دەستووری ساڵی 2005 سیستەمی سیاسی عێراقی گۆرا بۆ سیستەمی دیموكراسی، فیدرالی، پەرلەمانی، بەو مانایەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدراڵی اعتراف بە هەرێمەكان و پارێزگاكان دەكات و دەسەڵاتی ئیداری فیعلی سەربەخۆی پێبەخشین كە ئەمەش بە پەیرەوكردنی سیستەمی ئیداری لامەركەزیی دادەنرێت.
لە ماددەی (1) دەستووری عێراقی 2005 دا هاتووە: كۆماری عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی یەكگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەریە، ڕژێمی حوكمڕانی تێیدا كۆماری نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) دیموكراسیە، ئەم دەستورەش یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت.
دەستوور بە سەرچاوەی یەكەمی قانون بەگشتی و قانونی ئیداری بەتایبەتی دادەنرێت، واتە هەر بابەتێكی ئیداری لەدەستوور رێكخرابێت ئەوا دەبێتە سەرچاوەی یەكەم، بۆ نموونەی مادەی(116) دەستووری عێراق بە راشكاوانە ددان بە سیستەمی لامەركەزی دەنێت و لە دەقی ماددەكەدا هاتووە: ڕژێمی فیدرالی لە عێراقدا پێكدێت لە پایتەخت و هەرێمەكان و پارێزگا لامەركەزیەكان و ئیدارە ناوخۆییەكان. بە گوێرەی ئەم ماددەیە لەڕووی رێكخستنی ئیداریەوە عێراق بە سیستەمی لامەركەزی ئیداری وەرگرتووە.
هەروەها لە مادەی(117) ئیعتراف بە هەرێمی كوردستان كراوە وەك كیانێكی فیدرالی سەربەخۆ لەڕووی سیاسی و ئیداری كە لە دەقی ماددەكەدا هاتووە:
یەكەم: ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەكردنیەوە دان بە هەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەك هەرێمێكی فیدرالی.
دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت كە بە گوێرەی بڕگەكانی دەستوور دادەمەزرێنرێن.
مادەی(110)ی دەستوور جەخت دەكاتەوە لە دەسەڵاتەوە لەسەر هەندێ‌ دەسەڵات كە بەشێوەی حەصركراو تەنها حكومەتی ناوەندی دەتوانێت ئەو كاروبارانە بەرێوە ببات:
ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حكومەتی فیدرالیەوە وەك: سیاسەتی خارجی و وەزارەتی دەرەوە، دەركردنی پارەو دراو، جنسیە و پاسپۆرت، كاروباری گومرگ، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی بازرگانی.
مادەی(114) لە دەستووردا دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان دەخاتەڕو كە ئەمانەن:
یەكەم: بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی گومرگ بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.ئەمەش با یاسا ڕێكدەخرێت.
دووەم: ڕێكخستن و دابەشكردنی سەرچاوە سەرەكیەكانی وزەی كارەبا.
سێیەم: ڕەنگڕێژی سیاسەتی ژینگە بەمەبەستی دڵنیابوون لە پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و پارێزگاریكردن لە خاوێنی بەهاوكاری لەگەڵ هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
چوارەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتەكانی گەشەپێدان و پلاندانانی گشتی.
پێنجەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی تەندروستیی گشتی بەهاوكاری لەگەڵ هەرێمەكان و و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
شەشەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی فێركردن و پەروەردەی گشتی بەڕاوێژ لەگەڵ هەرێمەكان و و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
حەوتەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی سامانە ئاویەكان و ڕێكخستنیان بە جۆرێك كە دادپەروەری بهێنێتەدیو ئەوەش بەیاسا ڕێكدەخرێت.
مادەی (115) لە دەستوور رۆڵ دەداتە هەرێم و پارێزگاكان بۆرێكخستنی كاروباری سیاسی و ئیداری بە مەرجێك لە ناكۆك نەبێت لە دەسەڵاتە فیدرالییەكان: هەرشتێك لە سنوری دەسەڵاتە تایبەتەكانی حكومەتی فیدرالیدا ئاماژەی پێنەكرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەكان و ئەو ێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە. ئەگەر ناكۆكی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەكەیە.
شێوازی سیستەمی رێكخستنی ئیداری لە هەرێمی كوردستان بە گوێرەی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 2009 فۆرمەلەكراوەو دواین هەمواری یاساكە دەگەرێتەوە ساڵی 2019 پالپشت بە یاساكاری پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (12) و بڕیاری ژمارە (1) ساڵی 2019 سەرۆكایەتی هەرێم چەند بڕگەیەكی تایبەت هەڵبژاردنی پارێزگار و ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
بە گوێرەی ماددەی سێیەمی یاساكە، هەرێمی كوردستان لەڕووی كارگێرییەوە دابەش دەكرێت بۆ پارێزگاكان و پارێزگاكانیش بۆ قەزا و ناحیە و هەریەك لە یەكە كارگێرییەكان كەسایەتی مەعنەوی و زیمەی داراییان لە بودجەی پارێزگادا دەبێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو