مەسیحییەكان باوەڕیان بە حكوومەتی عەلاوی نییە

مەسیحییەكان باوەڕیان بە حكوومەتی عەلاوی نییە


ئا/ پشتیوان كەریم = سۆران : ماوەیەكە مەحمەد تۆفیق عەلاوی، راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ لە عێراق، ئەوەش نیگەرانی زۆری بۆ لایەنەكان و پێكهاتە كەمینكان لێكەتوتۆتەوە و مەسیحییەكان متمانەی بە سەرۆكی راسپێردراو نییە.
كلارا عودیشۆ یەعقوب، پەرلەمانتاری كوردستان لە پێكهاتەی مەسیحی، بە زاری كرمانجی گووت" ئێمە ئەندامان هەیە بۆ ئەم كابینە نوێیەی ئێستا، زۆر گرنگ و ئەركیشە لەسەریان كەسێكی مەسیحی لە نێو كابینەكە هەبێت و پیوەندی دروست و راست و باشی هەبێت، ئێمە وەك مەسیحییەكان باوەڕی تەواومان نییە كە حكوومەتی نوێی عێراق مافی مەسیحییەكان بدات، ئەزموونیشمان لەم بارەوە هەیە، كابینەكانی رابردوو وەك پێویست مافی مەسیحییەكانیان ناداوە، باوەریش ناكەین هیچ بكرێت، بەڵام لە رابردوو و مێژوودا ئێمە وەك پێكهاتەی مەسیحی رۆڵی بەرچاومان هەبووە بۆ نەهێشتنی دیكتاتۆری، ساڵی 1921 تا ئێستا بەردەوامیمان داوە‌و شەهیدمان هەیە، من لە كوردستانم نەك لە عێراق ئێستا سەدا 2ی مەسیحی نەماون ماڵ و موڵكەكانیان هەموو لە لایەن شیعەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، زۆربەی ئەو شوێنانەی بەناوی مەسیحییەكان بوو، ئێستا دەستیان بەسەر داگرتووەو بە هی خۆیانیان داناوە".
كلارا گووتیشی" باوەریمان بە عێراق نییە ئێمە و مەسیحییەكان وەزیرێكمان دەوێت كە كاریگەری تەواوی هەبێت بەسەر هەمەموو لایەنە عێراقییەكان، نەك تەنها كار بۆ مەسیحییەكان بكات، بەڵكو بە شێوەیەكی ژیرانە و دڵسۆزانە كار بكات و كاریگەرییەكی باشی هەبێت, كێشەكە ئەوەیە ئێمە مرۆڤین و داوای مافی خۆمان دەكەین لە عێراق، چونكە بەشێكین لەم وڵاتە, بەڵام مافی تەواومان پێنەدراوە".
زیاتر گووتی " لە هەرێمی كوردستان پێكەوە ژیانێكی باش هەیە لە ماددەیەكی یاسای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای كردۆتەوە، بۆ گشت كەس و پێكهاتەیەكی ئاینی یا نەتەوەی یا مەزهەبی".
كلارا روونی كردەوە " ساڵی 2003 لە عێراق دوو ملیۆن مەسیحی هەبوون، بەڵام بە هۆی ناهەمواری و ترس و تیرۆری زۆر ئێستا لە هەموو عێراق 200 هەزار كەس نەماون، بە تەواوەتی هەموویان روویان لە كوردستان و هەندێكیان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، داواشمان گەیاندۆتە حكوومەتی نوێی عەلاوی، ئێمە لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان قسەمان كردووە و بە خۆمان لەگەڵ شاندی كوردستان بووین بۆ بەغدا و داوای مافی خۆمان كردووە".

 

زۆرترین بینراو