نابێت بەغدا وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات

نابێت بەغدا وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات

ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد كە بە دەنگی كورد چوونەتە بەغدا هەمیشە لە دژی نەتەوەی كورد و كیانی سیاسی هەرێم قسە دەكەن و هەڵوێست وەردەگرن، ئەمەش لە نێو هاووڵاتییان و كەسایەتییە سیاسییەكان بۆ جێگەی پرسیار، موحسین دۆسكی ئەندام پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی لەمبارەوە گووتی " ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی بە دەنگی كورد و خەڵكی هەرێمی كوردستان چوونەتە بەغدا لە جیاتی ئەوەی بەرگری لە مافی دەستووری كورد بكەن دەبینین ئەوان لە عەرەبە شیعە و سوونەكان زیاتر دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، خۆشیان زۆر باش دەزانن ئەو پێشنیارەی ئەوان دەیكەن بابەتێكی نا دەستوورییە، زەحمەتی دەستووری، ئیداری و تەكنیكی هەیە، بەڵام تەنها بانگەشەیەكە دەیكەن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و دەڵێن خەڵكی كوردستان ببینن ئێمە بەرگری لە مافەكانتان دەكەین، بە داخەوە بۆ ئەو خەڵكەی دەنگیان بەمانە داوە لەو بڕوایەدام بۆ داهاتوو هاووڵاتی هەرێم ئەم كەسانە سزا دەدات كە دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە هەرێمی كوردستان كیانێكی سیاسی سەربەخۆی هەیە و حكومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە، نابێت بەغدا وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، بە هیچ شێوەیەك ئەمە قبول ناكرێت، پێویستە خەڵكی كوردستان بزانێت ئەو مامەڵانەی ئێستا دەكرێن هەرچەندە سەركەوتنیشی تێدا بەدەست نەهێندرێت هەوڵێكە بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدانمان بۆ ئازادی ئەم خاكە بە هەدەربچێت و خەباتی 56 ساڵەمان لەناو بچێت ئەنجامەكەشی لە رووی سیاسییەوە زۆر خراپ دەبێت، چونكە عێراق وڵاتێكە هەموو كارەكانی بە رێككەوتن دەكرێت لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا و را و بۆچوونی هەرێمیش گرنگە لە هەموو هاوكێشە سیاسییەكاندا، عێراق خۆی لە رووی سیاسی، ئیداری و ئابوورییەوە لە حاڵەتێكی خراپدایە و لە نێو كێشەكانیدا ون بووە بیر لەوە دەكاتەوە كە خەڵكەكەی بەوە سەرقاڵ بكات بەڵێ ئێمە هەوڵ دەدەین هەرێمی كوردستان لاواز بكەین، تاكە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە لێژنەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا و پێكەوە دابنیشن و جارێكی تر بە زووترین كات بودجەی هەرێم بنێرنەوە، ئەم فشارانەی لایەنی سیاسی عێراق دەیكەن بۆ ئەوەیە كە جەماوەری هەرێمی كوردستان لە دژی حكومەت و پەرلەمان خۆپیشاندان بكەن و برژێنە سەر شەقامەكان و ئاژاوە بخەنە نێو ئەو ئارامی و گەشەسەندنەی لە هەرێم هەیە، دەبێت هاووڵاتی ئێمە زۆر ئاگاداربێت كە ئەمانە دوژمنی ئێمەن و هیچ كاتێك نەیان ویستووە كارێك بكەن لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دا بێت.
لە بارەی هۆكاری ئەم رەفتارانەی ئەو ژمارە پەرلەمانتارەی عێراقی لەسەر لیستی كوردستانیان گووتی " یەكێك لەوانە بانگەشەیە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو چەند كەسێكن‌ كوردن و پاڵپشتی نەیارانی كورد دەكەن‌ بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی دیاری بكەن كە ئێمە شەر لەسەر مافەكانتان دەكەین پێویستە هەموومان بێینە دەنگ لەسەر ئەمانە چونكە تا ئێستاش ئەوان عێراق بە وڵاتی خۆیان دەزانن و شانازی پێوە دەكەن، ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی واژوو دەكەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بچێتە سەر بەغداوە دیارە شارەزاییان لە دەستوور و بواری تەكنیكی و ئیداریدا نەبووە، مووچە دان بابەتێكی ئیدارییە، گەر زۆر دڵسۆزن بۆ كوردستان پێویستە پێشنیارەكانیان بۆ هەرێم بێت و لەگەڵ حكومەتی هەرێم دابنیشن و بگەنە رێگە چارەیەك بۆ ئەم باردۆخەی ئەمڕۆ كوردستان تێیدایە .
زیاتر روونی كردەوە"بە دڵنیاییەوە خەڵكێكە چووەتە ژێر هەژموونی لایەنی سیاسی نەیارانی كوردستان وە دیارە هەندێك ئاراستە دەكرێن و رێنماییان بۆ دێت ، گەر نا چۆن سیاسەتمەدارێك، ئەندام پەرلەمانێك یا وەزیرێك بگات بەوە دژایەتی خەڵكی خۆی بكات، یا بابەتێك بخاتە باس خەڵكەكەی پێ سەرقاڵ بكات كە هیچ ئەنجامێكی نابێت، خەڵك پێویستە پرسیار بكات حكومەتی عێراق ئامادەیە لەسەر ئەم سیستەمەش 900 ملیار بنێرێت، بە دڵنیاییەوە نەخێر هەر ئەو 320 ملیارەیە كە حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەسەر كردووە بابەتێكە بێ‌ بنەمایە و هیچ ئەنجامێكی نابێت پێویستە هەموان لەسەر خەت بن و بزانن نییەتی ئەمانە چەند خراپە بۆ لاواز كردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان
موحسین دۆسكی ئەوەشی خستەروو " تا ئێمە بەشێك بین لە عێراق پیویستە بەشدار بین لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ئەو خەڵكەی لە بەغداشە بە دەنگی هاووڵاتی چووە بەڵام هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی نییە كە سزادانێك یا سنوورێك بۆ ئەمانە دابنێت ئەمە بابەتێكی ویژدانی و نەتەوەییە پێویستە لایەنی سیاسی بزانێت كێ كاندید دەكات ئەمە پەیامی ئەو لایەنە سیاسیانەیە ئەم ئەندام پەرلەمانە دەیگەیێنن ئەو كەسانە هیچ بەهایەكیان نییە لە بەغدا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن نە رۆڵیان هەیە نە گرنگی خۆی پەیامەكەیان، ئەو پەیامەی جێگیر دەبێت ئەوەیە كە هەرێم و شاندی دانووستاندن لەگەڵ یەك دەكەونە رێككەوتن ئەوانەی تر هەمووی پۆچەڵ دەكرێتەوە، حكومەتی هەرێم ئامادەكاری خۆی دەكات هەموو بەڵگەكانی مووچەی هەرێم پێشكەش بە پەرلەمانی هەرێم و بەغدا بكات و سەردانی بەغدا بكەن ئومێد هەیە لەسەر هەمان رێككەوتن بگەن بە ئەنجامێكی باشتر نابێت رێكەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا دەكرێن لەسەر حسابی قەوارەی هەرێمی كوردستان بێت هەرگیز نابێت عێراق وەك پارێزگایەگ هەرێم دابنێت".

زۆرترین بینراو