نزیكەی 20 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتییان

نزیكەی 20 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتییان

ئا:رەمەزان هەرنی: لە سنووری فەرمانگەی كارەبای بارزان دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە كوردستان هاووڵاتییان وەك پێویست كرێی كارەبا نادەن. بەڕێوەبەری فەرمانگەكەش دەڵێت:" لەسەر نەدانی كرێی كارەبا كەس سزا نەدراوە و كارەبای كەسیش نەبڕاوە".
فەرهاد یونس، بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای بارزان بە زاری كرمانجی راگەیاند:" ماوەیەكە پێدانی كارەبای نیشتمانی لە دەڤەری بارزان باشە لە نێوان 18 بۆ 20 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتییان و ئەو كاتەی كارەبای نیشتمانی نەبێت مۆلیدە كارەبا دەدەن، واتە 24 كاتژمێر كارەبا هەیە، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە بۆ 14 كاتژمێر، پار ساڵ لەم وەرزەدا پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمكرایەوە، بەڵام ئەمساڵ هێشتا وەك خویەتی هەر لە نێوان 18 بۆ 20 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاووڵاتییان".
بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای بارزان گووتیشی:" لە وەرزی زستاندا وێستگەی بارزان، رێزان و دۆرێ لەسەر فیدەری 33 كەی ڤی بوون، فشارێكی زۆر لەسەر فیدەرە و نابێت وا بێت، بەڵام ئێستا تاوەرمان داناوە هێڵێك بۆ بارزان و مێرگەسۆر و دۆرێ رادەكێشرێت و لێكجیا دەكرێنەوە، بەم شێوەیە هیچ فشارێك لەسەر كارەبا دروست نابێت بە دانانی ئەو تاوەرانە كە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندان، پار ساڵ سێ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرا بە هاووڵاتییان و سێ كاتژمێر دەبڕا بۆ ئەوەی فشار لەسەر فیدەرەكە زیاد نەبێت، ئەمساڵ بەتەواو بوونی تاوەرەكان هەر وێستگەیەك فیدەری تایبەت بە خۆی دەبێت، ئێستا دوو تاوەر دادەنرێن، بۆ ئەوەی هەر وێستگەیەك تاوەری تایبەتی خۆی هەبێت لە وێستگەی 132 كەیڤی رێزان تا سەر رێگای دۆرێ نۆ تاوەر دانراون كە دەبنە 18 تاوەر، بەم شێوەیە كێشەكانمان چارەسەر دەبێت و ڤۆڵتی كارەباش زور باشتر دەبێت كە بە گشتی دەكاتە 200 ڤۆڵتی".
فەرهاد یونس، ئەوەشی خستەروو:" بەڵێن بە ئێمە دراوە كە ئەمساڵ وەك ساڵی رابردوو كارەبا لە وەرزی زستان كەم نەبێتەوە پار ساڵ گەیشتە 7 كاتژمێر لە 24 كاتژمێر دا بەڵام ئەمساڵ بریارە 12 كاتژمێر لە وەرزی زستان كارەبای نیشتمانی بدرێت بە هاووڵاتییان، ئەو شوێنانەی مولیدە دانراون هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی ببڕێت یەكسەر مۆلیدە كارەبا دەدات، لە سنووری فەرمانگەی كارەبای بارزان هیچ گوندێك نییە كارەبای نیشتمانی بۆ نەچوو بێت، گوند هەیە یەك ماڵی لێیە كارەبامان بۆ راكێشاوە، سیانەكردنی كارەباش بەردەوامە لە سنوورەكەمان".
فەرهاد یونس، بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای بارزان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" وەرگرتنی كرێی كارەبا دیار نییە بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییان قەرزدارن مانگ هەیە 30 بۆ 40 ملیۆن دینار رادەستی بانك دەكەین، بەڵام دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بە رێژەیەكی یەكجار زۆر قەرزداری كرێیی كارەبای نیشتمانین و تا ئێستا بەهۆی قەرزارییەوە كارەبای هیچ كەسێك نەبڕاوە و هیچ كەسێكیش سزا نەدراوە قەرز لەسەر خاوەن ماڵا ماوە".

زۆرترین بینراو