نوری بریمۆ: هەوڵی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە

نوری بریمۆ: هەوڵی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە

رائیب شێروانی – هەولێر: نوری بریمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" لەشكری رۆژ بۆ بەرگری كردن لە رۆژئاوا دروست بووە، بەڵام پەیەدە ڕازی نیە پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێتەوە، یەكڕیزی بە راگەیاندن و قسە دروست نابێت، پەیەدە لەگەڵ یەكڕیزی نێو ماڵی كورد نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی ئێمە بۆ چارەسەری پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە.
بریمۆ، دەڵێ:" كێشەی سووریا چ لە رۆژئاوا، چ لە شوێنەكانی دیكە، گەیشتووتە قۆناغێك وڵاتانی دەوروبەر كار بۆ دابەشكردنی سووریا بەسەر خۆیاندا دەكەن، سووریا بەرەو شەڕێكی گەورە هەنگاو دەنێت، ئەوەی تایبەت بێت بە رۆژئاوا زۆرجار هەوڵماندا كە هەموو لایەنەكان یەكڕیز و یەكدەنگ بن، یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بە پڕو پاگەندە دروست نابێت، مەزلوم كۆبانێ بڵێت ئێمە ببین بە یەك و یەكدەست و یەكدەنگ بین، یەكێكی دیكە لەو لاوە بڵێت ئێمە نابین بە یەك و لێ ناگەڕێین حزبەكانی دیكە بگەڕێنەوە، زۆرجار ئێمە چووینەتە پێشەوە، بەڵام ئەوان نایەن، بۆ نموونە سێ مانگە مەزلوم كۆبانێ داوای یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لە رۆژئاوا دەكات، لەو سێ مانگەدا تائێستا بە دەیان جار پەیەدە لەگەڵ رژێمی ئەسەد دانیشتووە، تەنیا جارێك ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا دانیشتین، ئێمە تۆمەتبار كراین، باشە ئێوە بە دەیان جار لەگەڵ رژێمی ئەسەد دانیشتن، بۆ ئێمە كە جارێك لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆبووینەوە تۆمەتبار كراین، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەو كۆبوونەوەیە فەرمی بوو، سەرۆك بارزانی ئاگادار بوو، ئەمریكا ئاگادار بوو، بۆیە هیوادارین یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لەسەر بنگەیەكی شەڕاكەت دروست بێت، نە ئێمە بێ ئەوان لەگەڵ كەسانی دەرەوە كۆ ببینەوە، نە ئەوانیش بێ ئێمە لەگەڵ خەڵكی دیكە دابنیشن، كەواتە بەو مانایە شەڕاكەتێكی سیاسی و ئیداری دروست بێت، چونكە ئێمە نازانین چ لە پێش رۆژئاوای كوردستانە، زۆر سیناریۆ هاتوونەتە پێش، بارودۆخی عەفرین رۆژ بۆ رۆژ خراپتر دەبێت، دیار نیە چ بەسەری خەڵكی كۆبانێ دێت، بۆیە هیوادارین هەڵەكانی پێشوو دووبارە نەكرێنەوە، بەڵام پەیەدە لەگەڵ یەكڕیزی نێو ماڵی كورد نییە و نایەوێت ئەو یەكڕیزیە دروست بێت، تەنیا ئەوان لە راگەیاندنەوە باس دەكەن، ئەوەی داوا یەكڕیزی دەكات و یەكڕیزی بپارێزێت لایەنەكانی دیكە تۆمەتبار ناكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت:" یەكڕیزی بە كردنەوەی بارەگایەك ل رۆژئاوا دروست نابێت، بە شەڕاكەتی سیاسی، سەربازی، ئەوان خۆ بە حاكم دەزانن و ئێمەش بە مەحكوم دەزانن، ئەوان ڕازی نین پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێتەوە، لەشكری رۆژ بۆ بەرگری كردن لە رۆژئاوا دروست بووە، بەڵام ئەوان لێ ناگەڕێن بگەڕێتەوە، ئەگەر ئەوان یەك هەنگاو بێنە پێشەوە، ئێمە دە هەنگاو دەچینە پێشەوە، بەڵام ئەوان ناهێنە پێشەوە و یەكڕیزی بە راگەیاندن و قسە دروست نابێت.
نوری بریمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە هەرێمی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" ئێستاش لەگەڵدا بێت خەڵكی رۆژئاوا هەر ئاوارە دەبێت، رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەهۆی ئەو ئالۆزیانەی كە لە ناوچەكە هەن، لە كۆبانێ و منبج خەڵكێكی زۆر ئاوارە و دەربەدەر بن، بەوەش دیموگرافیای ناوچەكە دەگۆڕدرێت و سووریا دابەش دەبێت".

 

زۆرترین بینراو