نوێنەری مەسیحییەكانی ئاكرێ : 32 ساڵە هیچ موسڵمانێكی ئاكرێ نەبۆتە مەسیحی

نوێنەری مەسیحییەكانی ئاكرێ : 32 ساڵە هیچ موسڵمانێكی ئاكرێ نەبۆتە مەسیحی

رەمەزان هەرنی – ئاكرێ : لە سنووری قەزای ئاكرێ ژمارەیەك خێزانی مەسیحی لێ نیشتەجێ بوونە و لە گشت بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكان موسولمان و مەسیحی پێكەوە بەشدار دەبن .
بنیامین یەڵدا عۆدیشۆ، نوێنەری مەسیحییەكانی ئاكرێ و نەهلە بە زاری كرمانجی گووت " لە سنووری ئاكرێ ژمارەیەك هاووڵاتی مەسیحی هەن، نزیكەی 200 خێزانن كە لە 600 كەس پێكهاتوون، ئەوانە لە گەڕەكی ئازادی و چەند گوندی دیكە لە سنووری دەڤەرەكە دەژین، وەك كەشكاڤا و هەزار جووت و نهاڤا و لەگەڵ چەندین شوێنی تر و سەری نەهلە".
گووتیشی " مەسیحییەكانی سنووری ئاكرێ بە شێوەیەكی فرەوان كاری كشتۆكاڵی دەكەن و ئاژەڵداریش بەشێكی گرنگی ژیانیانە، هەندێكیش فەرمانبەرن، بەڵام داهاتی سەرەكیان لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییە لە دەڤەری ئاكرێ" .
ئەوەشی خستەڕوو " پەیوەندیی موسڵمان و مەسیحی لە ناوچەی ئاكرێ لەو پەڕی باشیدایە و لە كاتی پێویستدا زۆر یارمەتی دەری یەكترین و دوور لە هەموو كێشەو ناخۆشییەك پێكەوە دەژین، لەهەندێك گوندی ناوچەكە موسڵمان و مەسیحی لەیەك گوندا پێكەوە دەژین بە برایەتی و دوور لە هەر ناخوشی و توندوتیژیەك یارمەتی دەری یەكین لە هەموو بوارەكاندا، ئەو مەسیحیانەی ئێستا لە سەنتەری ئاكرێ دەژین ژمارەیان 40 خێزانە لەسەردەمی رژێمی بەعس راگوێزراون دواتر هەندێكیان چوونە دەڤەری نەهلە، هەندێكیان روویان لە دهۆك و عەنكاوە كرد، بەڵام بەگشتی ساڵی 1988 روویان لە قەزای ئاكرێ كردووە كە ئەو كات ژمارەیان زیاتر بوو، بەڵام تا ئێستا بێ كێشە لەو شارە نیشتەجێن و بە برایەتی لەگەڵ موسڵمانەكان دەژین" .
نوێنەری مەسحییانی ئاكرێ گووتیشی " بەهۆی بۆردوومانی فرۆكەكانی توركیا و بە بیانوی بوونی بنكە و بارەگای پارتی كرێكارانی كوردستان هەندێك گوندی مەسیحیی نشین لە سنووری قەزای ئاكرێ لەسەری نەهلە چۆڵ كراون، ئەوانەی ماویشن بەردەوام بۆردوومان دەكرێن مەترسی هەیە لەسەر ژیانیان هەیە".
گووتیشی " ساڵی 1988 كە ئەو كات مەسیحیی راگوێزرانەوە بۆ ئاكرێ تا ئێستا هیچ موسڵمانێك نەبۆتە مەسیحی و هیچ مەسحییەكیش نەبۆتە موسلمان".
لە كۆتایی قسەكانیدا گووتیشی " لە گوندەكانی مەسیحی نشین تەنیا لە گوندی كەشكاڤا یەك شوێنی گەشتوگوزاری هەیە، كە پڕۆژەی هاووڵاتییەكە، پڕۆژەی كارەبا و ئاو هەیە كە پێشتر دروستكراون، بەڵام رێگای گوندەكانی مەسیحی لە سنووری ئاكرێ زۆر خراپن و بەكەڵكی هاتووچۆ ناهێن، ئێستا درێژایی رێگاكە 13 كیلۆمەترە و خۆڵە زۆر خراپبووە، بەشێوەیەكی گشتی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زۆر كەمن لە گوندەكانی مەسیحییەكانی سنووری ئاكرێ" .

بابەتى پەیوەندیدار سیاسەت

زۆرترین بینراو