نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان كاریگەری لەسەر زیادبوونی رێژەی گەشتیاران دەبێت

نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان كاریگەری لەسەر زیادبوونی رێژەی گەشتیاران دەبێت

 

هەفتەی رابردوو ئەشكەوتی سەردێمان، شوێنی ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق لە شۆرشی ئەیلوول، لە ناحیەی قەسرێ لەلایەن رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول نۆژەنكرایەوە، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش دەڵێت. هەر شوێنێك و پێگەیەك كە گەشتوگوزار دەوڵەمەند بكات، كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر راكێشانی گەشتیاران و ئێمە دەستخۆشی لێ دەكەین.

هونەر كاك ئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بە هاوكاری بارەگای بارزانی و بە پاڵپشتی لقی 26ـی گوڵان، بۆ ماوەی مانگێك هەستاین بە كاركردن لە ئەشكەوتی سەردێمان و هەفتەی رابردووش لە مەراسیمێكی گەورە كرایەوە، ئامانجی ئێمە لەوكارە گرنگیدانە بە پێگەكانی شۆرشی ئەیلوول و ناساندنیان بە نەوەی ئێستا و گەشتیاران، چونكە گەشتیار كە سەردانی ئەو شوێنانە دەكات، تێدەگات لە سەردەمی شۆرشی ئەیلوول چ خەباتێك و تێكۆشانێك كراوە بۆ ئەوەی ئێمە بەم رۆژە بگەین، گەشتیاران ئاشنای خەباتی سەركردەكانمان دەبن.

گووتیشی: هیوادارم دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش لەیلاەن خۆیانەوە بەبازاڕكردن بۆ ئەو شوێنانە بكەن كە نۆژەنمان كردوونەتەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیاری ناوەخۆ و بیانی سەردانی بكات و تەنانەت پێویستە لە رێبەری گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش شوێنی بۆ بكرێتەوە.

لەكۆی 40 شوێنەواری بارەگاكانی شۆرشی مەزنی ئەیلوول لە دەڤەری باڵەكایەتی چەند شوێنێك لەلایەن رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول نۆژەنكراونەتەوە و ئێستا گەشتیاران سەردانی دەكەن، بنكە و بارەگاكانی هەریەك لە شوێنی حەوانەوەی ماڵی بارزانی نەمر لە بەردی تەشی رێس لە حاجی ئۆمەران، لەگەڵ دروستكردنی مۆنۆمێنتی وەفایەك بۆ ئەیلوول لە پردی بنكێلان لەسەر رێگای گشتی هامڵتۆن، لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بە ئەشكەوتی سەردێمان لە قەسرێ.

نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند هەر شوێنێكی كولتووری یاخود شوێنی شۆرشەكانی كورد بێت، كە خزمەتگوزاری پێ بگەیەندرێت، جیگای دەستخۆشییە، ئینجا لەلایەن هەر گروپ و لایەنێكەوە نۆژەن بكرێنەوە، بێگمان نۆژەنكردنەوەی ئەو بارەگایانە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر راكێشانی گەشتیاران بە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەتایبەتی.

لەهەموو وڵاتانی جیهان، شوێن و پێگە و ماڵی تایبەتی سەرۆكەكان، جێگای بایەخی گەشتیارانن، بۆیە بە تامەزرۆییەوە سەردانی دەكەن و بوونەتە هۆكاری دەوڵەمەندبوونی بواری گەشتیاری ئەو وڵاتە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، گوتیشی: من دەستخۆشی لەم رێكخراوە دەكەم، چونكە كارەكانیان وادەكات پێگەی گەشتیاری لە باڵەكایەتی دەوڵەمەندتر بكات كە لەپاڵ سروشتە جوانەكەی ئەم دەڤەرە، گەشتیار بەدوای شوێنەواری دیكەشدا بگەڕێن، هەر كارێك كە بواری گەشتوگوزار دەوڵەمەند بكات، بەلای ئێمەوە جێگای بایەخە و ئێمەش لای خۆمانەوە بەبازاڕكردنی بۆ دەكەین.

زۆرترین بینراو