نیقاب لە نێوان دین و نەریتدا

یونس ڕاوی

پارێزەری ڕاوێژكار
حیجاب و نیقاب لە بنەڕەت كلتورێكی بیابانی (سینا)یە، عەرەبی جاهیلیش لەوانیان سەندووە، لە (یەسریب)ی كۆن لاساییان كردوونەتەوە، دواجار (موعاویەی كوڕی ئەبو سوفیان) دەیخاتە نێو دینی ئەمەوی، ئیمام (مالیكی كوڕی ئەنەس)یش رایدەگێنێت: "هەموو داب و نەریتێكی عەرەب، بەشێكە لە دینی ئیسلام، پاڵپشت بە ئایەتی (199)ی سوڕەتی (ئەلئەعڕاف)".
بەڵام ئەمانە هەمووی بوهتانە بۆ خودا و پەیامهێن (دروودی لەسەر)، نیقاب نەك شەریعەتی موحەممەد نیە، بەڵكو بەشێكە لە شەریعەتی–ئیسلامی سیاسی-، ئەوان بۆ گەیشتن بە مەرامی سیاسی، بەرژەوەندی ئابووری و دەسەڵات، ئامادەن بازرگانی بە گیانی كیژانی كورد بكەن، كاهینەكان نانیان بەستراوەتەوە بە درۆ كردن بەناوی خودا.
سوڕەتی (ئەلئەعراف)، ئایەتی (26)، دەربارەی پۆشاكی پیاو و ژن دەفەموێت: "ئەی نەوەكانی ئادەم ئێمە جلمان بۆ دابەزاندوون تا شوێن شەرمتان داپۆشێت لەگەڵ پەڕ و جلی لەخواترسان..". فوقەهاكانی (موعتەزیلە) شوێن شەرمی ژن لە سینەوە بۆ ئەژنۆ پۆشین پێناس دەكەن.
نیقاب سوكایەتیە بە ژن، وەسف كردنیەتی بەوەی ئەم جگە لە پارچەیەك شەهوەت و عەوڕەت شتێكی دیكە نیە، ئاخر شاردنەوە رووخسار، واتە سڕینەوەی كەسایەتی، نەناسینەوەی لەلایەن دام و دەزگای دەوڵەت و خەڵك و تەنانەت كەس و كاری خۆیشی.
نیقاب تانە دانە لە ئەخلاقی پیاو، بەوە ناتوانێ چاو بپۆشێ لە ئاستی رەگەزی بەرامبەر، بێ تەربیەتیەكەیشی گەیشتۆتە ئەم ئاستە، بە بینینی تاڵێك مووی پرچی ژنێك تووشی بەڵا و موێیبەتی دونیا و قیامەت ببێتەوە.
دەبیستم زۆرجار كاهینانی (حەشەوییەت) ژنی مونەقیبە، بە چوكڵاتی داخراو، یان مەێاێەی پێچراو دەشوبهێنن، ئەمە دوو مانای هەیە، یەكەم: گاڵتە جارییە بۆ ئاستی عەقڵییان. دوومیش: ژن بە خواردن تێگەیشتوون!.
ئەمانەی دەڵێن نیقاب دینە، دووبارە دەنگی فەقیهەكانی یەمەن و سۆدانی موتەخەلیفن، كە دەیانگوت: ژن نابێت بخوێنێت و فێربێت، زانست و زانین تەنها بۆ پیاوانە، ژن دەبێ لە قوژبنی ماڵ خەریكی خزمەتی شەهوەتی پیاو، منداڵنانەوە، پاكردنەوە بێت.
بۆیە پێویستە وەزیری پەروەردە و فێركردن، لە رێگای گشتاندنی فەرمانێكی وەزاری، رێنمایی دەربكات، بە یەك رەنگ پۆشی بۆ سەرجەم قوتابیان، قەدەخەكردنی نیقاب بەشێوەیەكی رەها –مامۆستا و قوتابی-، ئینجا قەدەخەكردنی حیجاب بۆ قوتابیانی مناڵی خوار پانزە ساڵ ، چونكە سەپاندنی كلتورێكی وەها، دژی ئازادی و مافی منداڵ و كلتووری كوردە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو