نێچیرڤان بارزانی باسی کشانەوەی ئەمریکا و هێرشەکانی ئێران و هەنگاوی داهاتووی کوردستان دەکات

نێچیرڤان بارزانی باسی کشانەوەی ئەمریکا و هێرشەکانی ئێران و هەنگاوی داهاتووی کوردستان دەکات

لە دیدارێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ئێران بە هێرشە مووشەکییەکەی پەیامی ئەوەی نارد کە هەر شوێنێکی بووێت دەیکاتە ئامانج.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیدارەکەیدا سەبارەت بە رێککەوتنی کورد و حکومەتی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، بەتایبەتی داوای لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کردووە کە رێککەوتنێک لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا ئەنجامبدات.

نێچیرڤان بارزانی پێیوایە کە دەبێت سەلاحەددین دەمیرتاش ئازادبکرێ و لەوبارەیەوە دەڵێ "بەدڵنیاییەوە بڕواموایە پێویستە ئەو لە زیندان ئازادبکرێ و رێگەبدرێ رۆڵی خۆی بگێڕێت."

لەبارەی قوربانیدانی کوردانی سووریا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەو قوربانییە زۆرەی ئەوان داویانە بەتەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و لە سووریا نەبووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لە مرۆڤایەتی، بۆیە ئێمە بە سوپاسکردنێکی گەورە قەرزاریانین".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە کێ دەبێت بە سکرتێر/سەرۆکی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد "پێموایە بەرهەم دەبێت".

دەقی چاوپێکەوتنەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی:

ئەلمۆنیتەر: دەستپێکی ئەمساڵ وەک تەقینەوەیەک وابوو، ئەویش بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی (فەیلەقی قودس) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا. ئەم رووداوە چۆن کاریگەریی لەسەر باڵانسی هێز لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دانا؟ پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەت کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکەن، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە کە میکانیزمێک دابنێن بۆ کشانەوەکەیان؛ چی روودەدات ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بڕۆنەدەرەوە و دواتر واشنتن داوا لە هەرێمی کوردستان بکات لێرە جێگیریان بکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەم رووداوە لافاوێک لە هەست و سۆزی لە عێراق و ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا. کاردانەوە سەرەتاییەکان و وەڵامدانەوەی هەموو لایەنەکانیش لەم هەست و سۆزەوە هەڵقوڵابوون. ئەمە کاردانەوەی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەگرێتەوە. لەژێر هەمان چوارچێوەدا، وەڵامی واشنتن بۆ هێشتنەوەی هێزەکانیان لە عێراق بەبێ گوێدانە ئەوەی پەرلەمان یان حکومەت چی دەڵێن، ئەمە بەبۆچوونی من لەم چرکە ساتە گەرمە سەرچاوەی گرتبوو. کاری لەپێشینە ئەوەیە هەست و سۆزەکان وەلابنرێن و هۆکارەکان دەربخرێن. ئێمە پێویستە جڵەوی دۆخەکە بکەین و بیهێنینە ژێر کۆنترۆڵ.

بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەو بڕیارەی لەلایەن پەرلەمانی عێراق درا، بڕیارێکی باش نەبوو، کورد و سوننەکانیش بەشدارییان لە دەرکردنی ئەم بڕیارەدا نەکرد؛ هەروەها پێشینەیەکی خراپیشی دروستکرد. بڕیارەکە لەلایەن شیعەکانەوە بەبێ راوێژکردن لەگەڵ پێکهاتە سەرەکییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە، کورد و سوننەکان درا. هەنگاوێکی زۆر هەستیاربوو کە بەبێ کۆدەنگی نراوە، ئەمەش پێشێلکردنی ناوەڕۆکی دەستووری عێراقە، ئەمە نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا بۆ عێراق باش نییە.

ئەلمۆنیتەر: بۆچی لە دەنگدانەکە بەشداریتان نەکرد؟

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت ئەم پرسیارە لە سەرەتادا بەم شێوەیە وەڵام بدرێتەوە، بۆچی هێزەکانی ئەمریکا هاتوون بۆ ئێرە؟ ئەوان بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراق لە ساڵی 2014 هاتوون، هەروەها بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمەش کاتێک داعش لە دەوروبەری بەغدا بوو. دووەم، ئایا دۆخی ئێستای عێراق دەریدەخات کە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە و کۆتایی بە ئەرکەکانیان بهێنن کە هاوکارن بۆ تێکشکاندنی داعش؟ هێندەی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان نیگەرانی ئەم دۆخەین، وەڵامەکە نەخێرە. هەموو زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە داعش خۆی رێکخستووەتەوە و رۆژانە هێرش بۆسەر پێگەکانی عێراق ئەنجامدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا چەندە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، هێندەش لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە کە هێزەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا لێرە بمێننەوە.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام وا دەردەکەوێ کە حکومەتی عێراق لەژێر گوشارێکی زۆردابێت لەلایەن ئێرانەوە، تاوەکو هێزەکانی ئەمریکا بکەنە دەرەوە، لە هەمان کاتدا، سەرۆک ترەمپیش گوشار لە ئەوروپییەکان دەکات کۆتایی بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بهێنن، بۆیە رەنگە شتەکان جارێکی دیکە بەرەو گرژی بچنەوە، کوردستان لەم نێوەندەدا دەکەوێتە کوێ؟

نێچیرڤان بارزانی: لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی بۆ ئێرە، ئەوەی ئێمە تێگەیشتین ئەوەبوو کە ئەو چاوی لەوەبوو ئەم کێشەیە لە رێگەی دایەلۆگەوە چارەسەربکات نەک لە رێگەی رووبەڕووبوونەوە، بیرۆکەکە ئەوەبوو کە فۆرمولەیەکی نوێ بهێندرێتە پێشەوە، رێکخستنەوەیەکی نوێ بۆ ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ئەلمۆنیتەر: ئەمە واتە ئەوان دەمێننەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان پێویستە بۆ هەموو عێراق.

ئەلمۆنیتەر: ئەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەمەدا هاوڕابوو؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئەو نیگەرانی دۆخەکەیە، بەڵام ئەو کەسێکی پراگماتیکییە و چاوی لەوەیە شتەکان دووبارە فۆرمولە بکاتەوە و جارێکی دیکە ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێناسەبکاتەوە. لەگەڵ ئەوەدانیم کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لە رێگەی میدیاوە بێت، ئەمە هاوکارنابێت.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام سەرۆکوەزیران خۆی ئەمەی روونکردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێویستە بڕۆنە دەرەوە، پێتوایە ئەمە بەهۆی گوشارەکانی ئێرانەوەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموایە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش گلەیی خۆی هەیە، هەروەها راستییەکەش ئەوەیە، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە گەورەیە لەسەر خاکی عێراق ئەنجامدراوە نزیک فڕۆکەخانە، ئەمەش بەبێ ئاگاداربوونی ئەو، ئەمەش وایکردووە کە کاردانەوەیەکی نەرێنی لە بەغداوە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئەلمۆنیتەر: تۆ دەڵێیت کە نە ئەو و نە هیچ یەکێک لە ئەندامانی دیکەی حکومەتی عێراق یان هەرێمی کوردستان زووتر ئاگاداری ئەم ئۆپەراسیۆنە نەبوون؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە ئەو شتەیە کە من دەیڵێم، هیچ زانیارییەک نەبوو، هیچ هاوئاهەنگییەک نەبوو، ئێستا ئەوەی باشترینە ئەنجامبدرێت ئەوەیە کە ژمارەیەک دایەلۆگ و گفتوگۆی جیدی لەنێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پێویستە بە ئاشکرا نەکرێن، چونکە هیچ نارنجۆکێک لە رێگەی میدیاوە ناهاوێژرێت.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام بە روونی دیارە، ئێران، عێراق بۆ ئاراستە پێچەوانەکە پەلکێش دەکات، ئەی هەڵسەنگاندنی تۆ چییە بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کە وەک تۆڵەیەک کردیە سەر ئەمریکییەکان و هەولێریشی کردە ئامانج؟ ئایا هیچ پەیامێکیش بۆ کوردەکانی عێراق هەبوو؟

نێچیرڤان بارزانی: سەرکردەکانی عێراق دەبێت بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق، ئاسایش و سەقامگیری وڵات لەپێش هەموو شتێک دابنێن. هاوێشتنی مووشەکەکان پەیامێکی زۆر روون بوو بۆ هەموو لایەک کە ئێران خواست و توانای هەیە بۆ هێرشکردنە سەر هەر بەشێکی عێراق.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام هەندێک رەخنەی دیپلۆماسیشمان بیست لەلایەن کۆنسولی گشتیی ئێران لە هەولێر، گلەیی ئەوەی دەکرد کە وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی وەک پێویست نەبوو، ئەوان چاوەڕوانیی دیکەیان لە ئێوە هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەمریکییەکانیش چاوەڕوانیی دیکەیان لە ئێوە هەیە؛ ئەوان دڵخۆش نەبوون بەو راگەیێندراوەی کە لەدوای هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی بەغدا بڵاوتکردەوە، رەنگە هەست بە گوشارێکی زۆر بکەی؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە کوردستان نامانەوێ عێراق ببێتە مەیدانی جەنگ و تێیدا ئێران و ئەمریکا ململانێکانیان یەکلایی بکەنەوە. پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەمریکا زۆر گرنگە، بەڵام ئێرانیش هاوسێی لەمێژینەی ئێمەیە، لەوکاتەوەی عادل عەبدولمەهدی بووە بە سەرۆکوەزیران، هەوڵیداوە خۆی بەدووربگرێ لەوەی لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تێوەبگلێندرێت.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئەو تێوەگلاوە.

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ

ئەلمۆنیتەر: ئێوە لە ئێران دەترسن؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر ئێمە لە ئێران ناترسین، بەڵام رێز لە ئێران دەگرین.

ئەلمۆنیتەر: کاتێک مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەم هاتە ئێرە، بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی بۆ تۆ هێنابوو. تێگەیشتنی من ئەوەبوو، دەبووایە تۆ لە مانگی کانوونی یەکەم یان کانوونی دووەم چووبایتە واشنتن، چی بەسەرهات؟ ئایا بانگهێشتنامەکە مەرجدارکرابوو بەوەی کە تۆ پشتیوانی لە واشنتن بکەی لە دژی تاران، بانگهێشتنامەکە هیچ شتێکی دیکەی لەگەڵ هاوپێچکرابوو؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، هێشتا بانگهێشتنامەکە بانگهێشتنامەیەکی زیندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ سەردانەکە دیارینەکراوە، بانگهێشتنامەکە بەر لەم رووداوانە پێشکەشکراوە، ئەمریکا ئێمە وەک بەشێک لە عێراق دەبینێت و بەم شێوەیەش مامەڵەمان لەگەڵ دەکات.

ئەلمۆنیتەر: راستە، بەڵام خەمڵاندنی زۆر کران بۆئەوەی کە تۆ بۆیە بانگهێشتکراوی تاوەکو توڕەیی کۆنگرێس دابمرکێنیتەوە لەسەر بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لەبەردەم هێزەکانی تورکیا، کاتێک ویستیان هێرش بکەنە سەر کوردەکانی سووریا لە مانگی تشرینی یەکەم. ئەوان ویستیان، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بانگهێشت بکەن، بەڵام تورکیا زۆر بە تووندی لە دژی وەستایەوە، تۆ وەک کەسێک کە کۆدەنگیی لەسەربوو دەرکەوتی.

نێچیرڤان بارزانی: هەرکەسێک لە روانگەی خۆیەوە سەیری شتەکان دەکات، رەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بۆ ئەم مەبەستە بووبێت، بەڵام ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان هەیە.

ئەلمۆنیتەر: ئایا لە داڤۆس چاوت بە سەرۆک ترەمپ دەکەوێت؟

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت ئەوە لە وەزیری دەرەوەی خۆم بپرسم، هێشتا روون نییە کە ئەو دێتە داڤۆس یان نا، بەڵام لەوێ چاوم بە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێت.

ئەلمۆنیتەر: تۆ دەڵێیت کوژرانی قاسم سولەیمانی واشنتنی ناچارکردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتربکات، هەروەها پێگەی ئێوەش وەک هاوبەشێک بەرزتر بکاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێگەی دەستووری و یاسایی خۆی هەیە، هەروەها تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە لە هاوکێشەی عێراقدا، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق ئەوەیە، وەک عێراقێکی یەکگرتوو سەیری عێراق دەکەن، یەک سیاسەتی عێراقە.

ئەلمۆنیتەر: ئەوە سیاسەتی ئێوەشە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ.

ئەلمۆنیتەر: زۆرباشە، ئەی خۆت وەک نێوەندگیرێک لەنێوان بەغدا و واشنتن دەبینیت؟

نێچیرڤان بارزانی: بەدڵنیاییەوە، ئێمە ئەوە دەکەین و لەم رووەوە رۆڵی خۆمان دەگێڕین، روانینی ئێمەش ئەوەیە کە ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراق و ئێمەشە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا سەقامگیربن.

ئەلمۆنیتەر: ئەی لەبارەی نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن چی؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئامادەین ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین تاوەکو هاوکاربین بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە.

ئەلمۆنیتەر: بەنیازی بەمنزیکانە بچیتە تاران؟

نێچیرڤان بارزانی: بانگهێشتکراوم، بەڵام هێشتا کاتەکە دیارینەکراوە.

ئەلمۆنیتەر: با بچینە سەر رۆڵی رووسیا لە ناوچەکە، رۆڵەکەی لە سووریا و لیبیا دەبینین، ئەی رۆڵی رووسیا لە عێراق چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: روونە کە رووسیا رۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکە هەیە، ئێمە لە سووریا و لیبیا ئەو رۆڵەی دەبینین، هەروەها پەیوەندییەکی باشیشی هەیە لەگەڵ عێراق.

ئەلمۆنیتەر: هەروەها..

نێچیرڤان بارزانی: تەواو.

ئەلمۆنیتەر: دواینجار کە یەکترمان بینی، ئاداری ساڵی رابردوو بوو، تۆ گوتت هێزەکانی سووریا پێویستە لە زووترین کاتدا رێککەوتن لەگەڵ رژێمی سووریا بکەن. هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەستیان بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ حکومەت، بەڵام حکومەتی سووریا هیچ نیازێکی نیشاننەداوە کە مافە سیاسییەکانی کورد بدات، وەک پێگەیەکی سیاسی لە دەستووردا گەرەنتی بکرێت. ئێستا ئامۆژگاریت بۆ ئەوان چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێستاش هەمان شت دەڵێم.

ئەلمۆنیتەر: پێویستە بە تەواوەتی خۆیان بەدەستەوەبدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: وەک بنەمایەک، ئێمە بڕوامان وایە پرسی کورد لە سووریا دەبێت لە چوارچێوەی سووریا چارەسەربکرێت، هەروەها بەڵێ، بەدڵنیاییەوە من بڕوام وایە حکومەتی دیمەشق دەبێت زیاتر بێتە پێشەوە لەوەی ئێستا، کوردی سووریا بەشێکن لە سووریا. بەداخەوە، بیری بەعسی یەک شتە، بەڵام رووسەکان دەتوانن جیاوازییەک درووستبکەن، کاتێک من ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوومەوە، بەتایبەت داواملێکرد هاوکاربێت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا، بڕوام وایە سەرۆک پووتین دەبێت لەمبارەوە هەوڵێکی زیاتر بدات.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام لەهەمان کاتدا رووسیا لەگەڵ تورکیا کاردەکات بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا.

نێچیرڤان بارزانی: ئامۆژگاریی ئێمە لە رابردوو، لە ئێستا و داهاتووش بۆ کوردی سووریا ئەوەیە کە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەت. من چەندین جار ئەوەشم گوتووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل بپچڕێنن.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئەمە رێی تێدەچێت؟

نێچیرڤان بارزانی: من هەمیشە گوتوومە ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ تووڕەکردنی تورکیا، ئاڵاکانی پەکەکە و هەروەها وێنەی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەسەر سنوورەکانی تورکیا دانا.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام بەر لەوەی لە 9ی تشرینی یەکەم، تورکیا هێرشی داگیرکاری بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێبکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە چەندین سازشیان لە بەرژەوەندیی تورکیا کرد، رازیبوون بەوەی گەڕانی سەربازیی تورکیا و ئەمریکا ئەنجامبدرێت، لە ناوچە سنوورییەکان کشانەوە کە ئەمە رێک پێچەوانەی تووڕەکردن نیشاندەدات.

نێچیرڤان بارزانی: رەنگە ئەمە زۆر درەنگ بووبێت، ئێمە بۆ چەندین ساڵە ئەوەیان پێدەڵێین کە خۆیان لە پەکەکە جیابکەنەوە و هەوڵبدەن لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێبگەن، ئەمەش بۆئەوەی رێگەیان لەم ئەنجامەی ئەمڕۆیان بگرتایە.

ئەلمۆنیتەر: پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەندیل مانای چییە؟ بەشێکی زۆر لەوانەی کە ئێستا ئیدارەی کوردی سووریا بەڕێوەدەبەن، بەشێکبوون لەو بزووتنەوەیە و وەک سەرکردەیەکی سیمبوولی سەیری ئۆجەلان دەکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە فاکتە حاشالێنەکراوەکەیە و ئەوان هەموو فەرمانەکانیان لە پەکەکە وەردەگرن.

ئەلمۆنیتەر: ئێستاش؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، بەڵام بە شێوەیەکی کەمتر، لە هەر بارێکدا ئەوەی پێویستە ئەوان بیکەن ئەوەیە قەناعەت بە تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کە ئەوان بەشێک نین لە ئەجێندای فراوانی پەکەکە، ئەگەر ئەمە سەلمێندرا، پێموایە دەرفەتێکی کەم هەیە تاوەکو دۆخەکە باشتر ببێت.

ئەلمۆنیتەر: زۆرباشە، ئەی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ تورکیا چۆنە؟ لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندە کاریگەربوونە؟

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ تورکیا هەمیشە گرنگە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان ئەنجامدابوو، ئێمە لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوامدەبین.

ئەلمۆنیتەر: تۆ گوتت، ئێوە ناتانەوێت عێراق ببێت بە مەیدانی جەنگ بۆ ئەمریکا و عێراق، بەڵام عێراق ئێستا مەیدانی جەنگە بۆ تورکیا و پەکەکە. هیچ هیوایەک هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان کورد و تورکیا؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ناتوانین رێگەبدەین هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی هێرشکردن بۆسەر هیچ یەکێک لە هاوسێکانمان. دوایینجاردا ئەم کێشەیە دەبێت لە تورکیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەربکرێ. هەرکاتێک من چاوم بە بەرپرسانی تورکیا کەوتبێت ئەوەم بیرهێناونەتەوە کە پێویستە ئەم کێشەیە لە رێگەی دایەلۆگەوە چارەسەربکرێت، نەک لە رێگەی جەنگەوە. ئەمە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.

ئەلمۆنیتەر: ئەمەش واتە قسەکردن لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلان؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ لەگەڵ پەکەکە و لەگەڵ ئۆجەلان.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام پێناچێت حکومەتی تورکیا و سەرۆک ئەردۆغان هیچ خواستێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی دایەلۆگ لەگەڵ پەکەکە یان ئۆجەلان هەبێت، رێک بە پێچەوانەوە. ئەی پێتانوایە سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی دەستگیکراوی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە هاوکاربێ لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی؟

نێچیرڤان بارزانی: بەدڵنیاییەوە پێموایە، بەدڵنیاییەوە بڕواموایە پێویستە ئەو لە زیندان ئازادبکرێ و رێگەبدرێ رۆڵی خۆی بگێڕێ، ئەو پێویستە ئازادبکرێت.

ئەلمۆنیتەر: ژمارەیەک لە کوردی سووریا و تورکیا بڕوایانوایە کە سەرکردایەتیی کوردی عێراق سەرکەوتوو نابێت لە دەستگرتن بە ئەزموونەکەیانەوە و دەڵێن، ئەگەر پرۆژەی ئۆتۆنۆمی لە رۆژئاوا یان لە کوردستانی سووریا شکستبهێنێ، ئەوکاتە کوردستانی عێراق بە قسەی خۆیان ئامانجی دواتر دەبێ کە تورکیا و ئێران دواتر کۆتایی بە ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراق دەهێنن، توڕەیی و کاردانەوەکانیشان بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2017 نیشانەی روونن بۆ ئەمە، تۆ لەگەڵ ئەمەدا هاوڕایت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە دوو شتی لێکجیان، هەرێمی کوردستانی عێراق یاساییە، پێگەی دەستووریی هەیە لە عێراق. لە عێراق و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەمە راستییەکی دانپێدانراوە. لەم چوارچێوەیەشدا کە چەند هێڵێکی تەریب لەنێوان کوردستانی عێراق و رۆژئاڤا بکێشرێت. بۆ ئێمە لە کوردستانی عێراق، هەرکاتێک دەرفەتێک هەبێت بۆ هاوکاریکردنی خوشک و براکانمان لە رۆژئاڤا، یان هەر کوردێک لە هەرکوێیەک بێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە ئاشتییانە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی کە تێیدان، ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین بە پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییە؛ هەروەها دەمەوێ ئەم دەرفەتەش بقۆزمەوە بۆ دەستخۆشیکردن لە خوشک و براکانمان لە رۆژئاڤا بۆ ئەو قوربانییە مەزنەی داویانە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە داعش، بۆ ئازایەتی و خۆتەرخانکردنیان. ئەو قوربانییە زۆرەی ئەوان داویانە بەتەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و لە سووریا نەبووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لە مرۆڤایەتی کە ئێمە بە سوپاسکردنێکی گەورە قەرزاریانین.

ئەلمۆنیتەر: تۆش هەمان باوەڕت هەیە کە هەسەدە هەیەتی و پێیانوایە دەبێت پاداشت بکرێن و بناسێندرێن بۆئەوەی کردوویانە و کورد شایەنی پێگەیەکی فەرمییە، وەک هاوبەشێکی تەواو و یەکسان لە سووریای نوێ؟

نێچیرڤان بارزانی: بێ گومان، بەدڵنیاییەوە پێویستە پێیان بدرێت، پێویستە پارێزبەندییەکی دەستووری هەبێت بۆ مافەکانیان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو؛ دەبێت هاووڵاتی یەکسان بن و ئازادانە وەک کورد خۆیان دەربخەن.

ئەلمۆنیتەر: بەر لە رووداوی سولەیمانی، ئێوە دڵنیابوون لەوەی کە لەسەر پرسی بودجە و هاوبەشیپێکردنی داهات، نەوت و پرسەکانی دیکە لەگەڵ بەغدا، دەگەن بە رێککەوتن، ئایا ئەمە هەمووی لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران و کوژرانی سولەیمانی هەڵنەگەڕاوەتەوە؟ نیگەرانن لەوەی رەنگە ئێران گوشار لە بەغدا بکات جارێکی دیکە پێدانی مووچە بە هەرێمی کوردستان بوەستێنێت، تاوەکو لەم رێگەیەوە گوشار لە ئێوە بکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: لەدوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ و چەندین گەشتکردن بۆ بەغدا، گەیشتین بە رێککەوتنێک، بەگشتی بۆ کۆتایی مانگی ئەیلوول رێککەوتنەکەمان تەواوکرد، دەبوایە ئێمە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکەین لە جەیهان. ئەوان دەیانفرۆشت و داهاتەکەش دەچووەوە نێو خەزێنەی عێراق کە تێیدا هەرێمی کوردستان پشکی هەیە.

ئەلمۆنیتەر: ئەی چی بەسەر پشکی تورکیا دێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوان هیچیان لەمەدا نییە، بەڵام بەشێوەیەکی بنچینەیی چی روویدەدا ئەوەیە، ئێمە دەبوایە پارەی گواستنەوەمان بە تورکیا بدایە، نەوتەکەش هی عێراقە. گرنگ نییە کە لە کوێ دەرهێندراوە، ئەو 200 هەزار بەرمیلەش کە دەمایەوە، هی ئێمە بوو کە ئەمەش بۆ دابینکردنی پارەی کۆمپانیاکان و خزمەتگوزارییەکانیان و بەشێک لەو قەرزانەی کۆمپانیاکانە کە لامانە؛ بەڵام ئەم رێککەوتنە ئێستا لە حاڵەتی نادیاردایە و ئەم ناڕوونییەش دیارە کە باش نییە. ئەمە گوتراوە، وەک خۆشت ئاماژەت پێدا، لە ئاداری ساڵی رابردووەوە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی ناوەند لە بەغداوە دەدرێت، نزیکەی 55%. ئێمە مانگانە 380 ملیۆن دۆلار وەردەگرین، شتەکە بەم شێوەیەیە. ئەمە پارەی هەموو مووچە دابین ناکات، پارەی تەواوی مووچەی ئێمە بە ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە 700 ملیۆن دۆلارە لە مانگێکدا، 1.2 ملیۆن کەس لە حکومەت مووچە وەردەگرن کە 700 هەزار کەسیان فەرمانبەری راستەوخۆی حکومەتن، پێشمەرگە، فەرمانبەرەکانی دیکە و هەتا دوایی. سەبارەت بە پرسیارەکەش لەبارەی گوشاری ئێران، پێموانییە ئێران دەستوەردان لەمەدا بکات، چونکە ئێمە هەموومان عێراقین. ئەو شتانەی کە رێکخرابوون لەسەر ئاستێکی نیشتمانیدابوو، ئەمەش لەدوای گفتوگۆیەکی زۆر پێی گەیشتین.

ئەلمۆنیتەر: ئەی ئەدای سەرۆکوەزیرانی نوێ و کابینەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ هەروەها ئەو ئامۆزای خۆشتە، بۆیە رەنگە زۆر بێلایەنیش نەبی، بەڵام هەوڵێک بدە.

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر سەیری ئەدای حکومەتەکانی رابردوو بکەی، ئێمە زۆرجار لە قەیرانی مۆدی بەڕێوەبردندابووین، هەبوونی ناکۆکی بودجە لەگەڵ بەغدا، دواتر داعش. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دەسکەوتی باش بەدەستهاتوون، هاوکات هەڵەش ئەنجامدراوە. حکومەتی نوێ بە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بە‌غدا و تێکشکاندنی داعش لەڕووی خاکییەوە راگەیێندرا، بۆیە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیکرد بە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەوڵدەدات کاری باشتر بکات. پێموایە سەرۆکوەزیران کارێکی زۆر باش دەکات، ئەو هاوسەنگییەکی زۆر باشی لە کابینەکەیدا هەیە، راستگۆیانە بڵێم، ئەو کارێکی زۆر باش دەکات.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام هێشتا وەزیری نەوت نییە؟

نێچیرڤان بارزانی: نیگەران مەبە، بەمنزیکانە وەزیرێکمان دەبێت.

ئەلمۆنیتەر: کێ دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: راستگۆیانە بڵێم، نازانم، بەڵام ئێستا سەرۆکوەزیران رۆڵی وەزیری نەوتیش دەبینێت.

ئەلمۆنیتەر: دوایین پرسیار، یەکێک لە ئاستەنگە هەرە گەورەکان کە زۆرجار لەلایەن پارتەکەی خۆشتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانەوە باس دەکرێت، نەبوونی سەرکردەیەکە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێوە هێزی لەگەڵدا هاوبەشیپێبکەن. ئێستا کێ لەنێو یەکێتی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوان تازە کۆنگرەی پارتەکەیان ئەنجامداوە، سەرباری هەموو خەمڵاندنەکانیش سەرکەوتووبوون. ئەوان لیژنەیەکیان درووستکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانیان، تاوەکو ئێستا روون نییە کێ دەبێتە سەرکردەی راستەقینەی پارتەکە.

ئەلمۆنیتەر: ئەو کەسە کێ دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموایە بەرهەم دەبێت.

زۆرترین بینراو