نێچیرڤان بارزانی جەخت لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی جەخت لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە پابەندی بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە و سوپاسی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکاری و پشتگیرییان لە پرۆسەکە.

لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 15/10/2019 لەگەڵ بەڕێز جەنەرال جۆن لۆریمەر ڕاوێژکاری باڵای بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێکی یاوەری، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەریتانیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆردا هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد و جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پشتگیریی بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ڕێگریکردن لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش.

لای خۆیەوە جەنەراڵ لۆریمەر جه‌ختی له‌ پابەندیی بەریتانیا بۆ بەردەوامیی پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراق له‌ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر کردەوە و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە، خۆشحاڵیی خۆیشی بە هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، هەردوولا گرنگیی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، پێشهاتەکانی سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی فرات بەتایبەتی و باری مرۆیی و دۆخی ناوچەکەیان بەگشتی، تاوتوێ کرد.

زۆرترین بینراو