نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مێجەر جەنەرال ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ گرنگیی هه‌بوونی میكانیزمێك بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ جموجووڵ و هێرشه‌كانیان مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕی.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30/5/2020 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مێجەر جەنەرال ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، دوایین پێشهاته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها لێكه‌وته‌كانی به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی و ئابووریدا‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و جموجووڵی سه‌ربازیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا تاوتوێ كرا.

دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكی ـ عێراقی كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ست پێبكات و تیایدا نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستا و داهاتووی عێراق و ئه‌مه‌ریكا تاوتوێ بكرێت، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ گرنگیی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌و دیالۆگه‌ و له‌ دانان و ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و مه‌ترسییه‌كانی فراوانبوونی جموجووڵ و هێرشه‌كانی تیرۆرستانی داعش له‌ عێراق و سووریا كرا كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ هه‌ردوو وڵات.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی گرنگی و پێویستیی به‌رده‌وامیی پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا، جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستیی هه‌نگاونانی سیاسی له‌ عێراق كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ عێراقییه‌كان هه‌ست به‌ هاوبه‌شی و متمانه‌ و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له‌ عێراقدا بکه‌ن.

زۆرترین بینراو