نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بۆگدانۆف كۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بۆگدانۆف كۆبووەوە

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی تازەی ڕووسیا، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ ڕووسیا دووپات كردەوە و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی لە كەرتی وزەدا لە هەرێمی كوردستان كرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریكا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزی ڕووسیای لە بەغدا و كونسولی گشتیی لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك دیپلۆماتكار و بەرپرسانی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی پێكهاتبوون.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێزان جێگرانی سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزی بەڕێزان سەرۆك ڤلادیمیر پوتین و سەرۆك وەزیرانی ڕووسیای گەیاندە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ستایشی ڕۆڵی بەڕێزیان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی كرد.

هەردوولا دۆخی عێراقیان تاوتوێ كرد و جەختیان لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكە و نەبوونی عێراق بە گۆڕەپانی كێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كردەوە، هەروەها تیشكیان خستە سەر خۆپیشاندانەكان و هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، كێشەكانی هەولێر ــ بەغدا و گرنگیی هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

دۆخی سووریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەكان و پرسی كورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سووریا و ڕۆڵی ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیی مەترسییەكانی تیرۆر و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی، پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەكانی كێشەی فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی مایەی بایەخی هەردوولا، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

بابەتى پەیوەندیدار سیاسەت

زۆرترین بینراو