نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ دەبەن؟

نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ دەبەن؟

تایبەت بە زاری كرمانجی: لە بەردەوامی تەوەری هەفتەنامەی زاری كرمانجی بۆ وەرگرتنی بۆچوونی كەسانی پسپۆر و شارەزا و خاوەن بەڕوانامە، لەبارەی ئەوە كاری لە پێشینەی سەرۆكی هەرێم چی بێت و چ پشنیارێكتان هەیە بۆ بەرێزیان، بۆچوونی چەندین مامۆستای زانكۆ لە ئاستی خاوەن بڕوانامكەی دكتۆرا وەرگیراوە.
د. ئەبوبەكەر دیوانە، مامۆستای زانكۆی سۆران، لە وەڵامی پرسیاری كە لە دیدی جەنابت، نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ دەبەن؟ گووتی " رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بەتێپەر بوونی كاتی زیاتر بێت، لەماوەی حوكمڕانی بەرێز سەرۆكی هەرێم، بەڵام گرنگ ئەوەیە تیمی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی هەرێم وسەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان دیدگای و تێروانینی هاوبەش و بەرنامەی كاری دەستەجەمعی یان هەبێت، بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی كوردستان بەشێوەیەك بێت گشتگیر و هەمە لایەن بێت، سەنگی مەحك لەو بەرنامەیە هاووڵاتی بێت، حكومەت و دەسەڵات حكومەتی هاووڵاتی بێت بەشێوەیەك هەست بەئاسودەیی و خۆشگوزەرانی بكات.
سەبارەت بە خوێندنەوەی رابردووی نێچریڤان بارزانی لە رووبەروو بوونەوەی دۆخە سەختە ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئیدارییەكان دەتوانێت لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم سەركەوتوو بێت؟ د. ئەبوبەكر گووتی: بێگومان كەسایەتی و رۆلی كارگێری وسیاسی بەرێز سەرۆكی هەرێم بەرز دەنرخێندرێت، بە سەیركردن و تێروانین لە ئەزموونی رابردوی بەرێزیان بێگومان كوردستان لە رابردوو بە چەندین قۆناغ تێپەریوە، بەتایبەت پاش هاتنی داعش قەیرانەكان لەسەر یەك كەڵەكە بوون، قەیرانی سەربازی و ئەوشەرە نەگریسەی یەخەی كوردستانی گرت، گەورەترین مەترسی بوو رووبەرووی هەرێمەكەمان بوەیەوە، لەگەڵ ئەوەش قەیرانی دارایی و برینی بودجەی كوردستان لەلایەن بەغدا، كەبووە هۆكار بۆ سستی گەشەی ئابووری كوردستان و دواكەوتنی موچە، بگرە پاشەكەوتەكەشی پاشان روداوەكانی دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر وهەوڵدان بۆ لەناو بردنی قەوارەی كوردستان و هێرشكردنەی سەری و داگیركردنی نیوەی خاكەكەی و سەپاندنی ئابڵۆقەی گشتگیر لەلایەن حكومەتی عێراق و بە هاوكاری ئێران و توركیا و ئۆكەی ئەمریكا و داخستنی فرۆكەخانەكان و دەروازە نێودوڵەتییەكان، كوردستانی رووبەرووی هێرش و مەترسی گەورە كردووە، بەڵام ئەزموون ولێزانی وسیاسەتی كاك نێچیرڤان وایكرد كوردستان لەو مەترسییە گەورە بپارێزێت بە روحێكی پۆلاینەوە و عەزمێكی مەزنەوە بەرامبەر ئەو هەموو بەربەستانە وەستایەوە، توانی ئەو بەستەلەكە سیاسی وئابوورییە بتاوێنەتەوە وەك خەمخۆری خاك وڵات لەمەیدان وەستایەوە، بووە قەڵغانێك بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و مانەوەی بێگومان پاڵپشتی و پشتگیری جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ كاك نێچیرڤان كاریگەری زۆری هەبوو لەسەركەوتنەكانی حكومەتەكەی".
* سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چی بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی؟
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەداهاتوو دەبێت كار لەسەر چەند رەهەندێك بكات ئەمەش بەهەماهەنگی لەگەل سەرۆكایەتی حكومەت وپەرلەمان كەبریتین لە
یەك: رەهەندی نیشتیمانی بەشێوەیەك بێت ببێتە چەتری كۆكەرەوەی تەواوی هێز ولایەنە سیاسی ونەتەوەیی وئاینی كوردستان لە زاخۆ تا گەرمیان هێزی چەكداری نیشتمانمان هەبێت، پێشمەرگە پێشمەرگەی كوردستان بێت نەك حزب پەیوەندی هەرێم لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوە پەیوەندی نیشتمانی بێت نەك حزبی.
دوو: رەهەندی ئابووری كە بریتییە لە زامن كردنی ئابووری داهاتووی كوردستان بەشێوەیەك چیتر فەرمانبەران بیر لەمووچەو كێشەكانی نەكەنەوە و دبێت مامەڵە لەگەڵ واقیع بكات، كە بریتییە لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداو بەتایبەت كە ئێستا دەرگای گفتوگۆ لە نێوان هەردولا كراوەتەوە، سود وەربگرێت لەو پۆستانەی كورد لە بەغدا هەیەتی، هەروەها بە توندی رووبەرووی گەندەڵی و فسادی كارگێری و ئابووری ببێتەوە، بیر لەسەرچاوەی داهاتی هەمە جۆر بكاتەوە بۆ كوردستان كە بریتین لە كشتوكاڵ وپیشەسازی و بازرگانی، داهاتی كوردستان نیشتمانی بێت و هاووڵاتی سەنگی مەحەك بێت لە سەرفكردنی.
سێ: رەهەندی كارگێری كە بریتییە لە شفافییەتی گارگێری و سەربەخۆ بوونی دادگاكان و دورخستنەوی هەر دەستێك لەكاری حكومڕانی و گۆڕینی هەرێمی كوردستان لەهەرێمێكی پر چەكی نایاسایی بۆ هەرێمێكی بێ چەك و دور لەكێشە و گرفت و رووبەرووبوونەوەی ئەو كەسانی خۆیان لە سەرەوەی یاسا دادەنێن، جیاوازی چینایەتی و كۆمەڵایەتی ناڕەوا بنبڕ بكرێت، لەكاری كارگێری مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە كاری كارگێری بنبڕ بكرێت، هەڵبژاردنی كەسەكان بۆ پۆستەكان لەسەر بنەمای لێزانی و كارامەیی بێت، سیڤی رۆڵی خۆێ ببینێت دەزگای چاودێری كاراتر بێت یاسای ئەمەت لە كوێ هێناوە گشتاندن و پشتگیری لێ بكرێت، بێگومان ئەمە دەبێت بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان بێت، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان حكومەت رابسپێرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركانە.
چوار: رەهەندی پەروەردە ئەركی سەرەكی كاری سەرۆكایەتی هەرێم بێت، پەروەردەیەكی گشتگیر بێت پەروەردەی تاك و كۆمەڵگا و قوتابخانە و زانكۆ و هەموو ناوەندەكانی خوێندن بگرێتەوە، دیدیگا و فەلسەفەی پەروەردەیی تایبەت بەخۆی هەبێت و هەوڵ بدات ئەم فەلسەفە پەروەردەیە رەنگ بداتەوە لە تەواوی جومگەكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان."
د. قەیس كاكل، مامۆستا زانكۆ، پێی وایە پێشبینی كردنی داهاتووی كوردستان لە سایەی سیاسەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاسان نییە و گووتی " پیشبینی كردنی ئەوەی كە كاك نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەی، كوردستان بەرەو كوێ دەبەن ئاسان نییە, لەبەر كۆمەڵی هۆكار, گرنگترینیان ئەوەیە كە ئەو وڵاتەی ئێمە بە پێی خۆاست و یان پلانی خۆمان ناڕوات لەبەر ئەوەی سەربەخۆی سیاسی و ئابووریمان نییە. ئیتر هەر لە زلهێزە جیهانێەكان و وڵاتە ناوچەییەكان و تەنانەت هەندێ هۆكاری ناوەخۆش ئاراستەی ئێمە دیاری دەكەن. بۆ نموونە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا ئەو كاتەی سەرۆكی حوكمەت بوو پلانی تایبەت بۆ كابینەكەی هەبوو، بەڵام بەهۆی شەڕی داسەپاوی داعش و بوونی قەیرانی ئابووری ئاراستەی هەڵكشانی گۆڕی. لەلایەكی تریشەوە دیاری كردنی ئاراستەی كوردستان هەنگاو نان بەرەو ئەو خاڵەی كە بۆتە ئامانج زیاتر ئەركی وەزارەتەكانە. رێزدار نێچیرڤان وەك سەرۆكی هەریم ئەركەكانی دیاری كراوە. ناچێتە ناو ئەو وردەكارییانەی كە پەیوەندی بە گەشەی سێكتەرە جیاوازەكانی وڵاتەوە هەیە".
بە خوێندنەوەی رابردووی نێچریڤان بارزانی لە رووبەروو بوونەوەی دۆخە سەختە ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئیدارییەكان دەتوانێت لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم سەركەوتوو بێت؟ د. قەیس گووتی " بێگومان لە رابردوودا بەتایبەتی دوای پڕۆسەی ریفڕاندۆم رۆڵێكی باڵای هەبوو، توانی لە ماوەیەكی پێوانەیدا دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە و پەیوەندی سیاسی لەگەڵ دراوسێكان و جیهانیشدا ئاسایی بكاتەوە. ئەوە سەڕەڕای ئیدارەدانی ئەو قەیرانە سەختە و شەڕی داعش و زۆری رێژەی پەناهەندە و ...هتد، بەڵام لە بارەی ئەوەی كە دەكرێ سەركەوتوو بێت لە پۆستی سەرۆكایەتی هەریم. بەرای من لێرەدا گرفتمان لە چەمكی سەركەوتن هەیە. لەبەر ئەوەی پێوەر دیار نییە. دەشێ لای من سەركەوتنی ئەو لەوەدا بێت كە سەرۆكی هەریمی هەموو كوردستان بێت. كوردستان بكاتەوە یەك یەكەی ئیداری . رەنگە بەلای یەكێكی تر ئەوە بێت كە كوردستان وەك وڵاتانی وەك كۆریا و ئیسرائیل و ئیمارات... هتد لێ بكات. دەشێ بە پێوەری حزبی سەركەوتن شتیكی تر بێت. لەلایەكی تریشەو لەبەر ئەوەی بەرنامەو كارنامە روون نییە تا بتوانین بە هۆیەوە رێژەی ئەو سەركەوتنە دیاربكرێ".
لە بارەی ئەوەی كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چی بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی، ئەو مامۆستایەی زانكۆ گووتی " بەرای من ئەوەی گرنگە بۆ ئەم قۆناغە كوردستان ببێتەوە یەك یەكەی ئیداری و زۆنی سەوزو زەرد نەهێڵێت".
لەلایەن خۆشییەوە د. رێبوار شوانی، مامۆستای زانكۆ، لە بارەی پرسیارەی ئەوەی كە لە دیدگای تۆ، نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ دەبەن؟، گووتی" بە پێی ئەو پێوەرانەی لە میژووی كاری سیاسی و ئیداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەدی دەكرێت، و بە گوێرەی ئەو كارنامەی بەرنامە رێژی بۆ كردووە، دەتوانین بڵێین داهاتوومان باشتر دەبێت لە زۆربەی بوارەكانی ژیان، بەتایبەت بوارەكانی سیاسی و ئیداری و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری، بۆیە ئومێد دەكرێت كاك نێچیرڤان بە گوڕوتینێكی زیاتر و بە ئالییەت و كارنامەیەكی تۆكمە لەگەڵ تیمەكەی هەنگاوی بوێرانەتر و زانستیانەتر بگرنەبەر بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی هەریمی كوردستان بەشیوەیەكی باشتر و تۆكمەتر لەسەر بنەما مەعریفییەكانی سیاسی و ئیداری و ئابووری، ئومید دەكەم كاك نێچیرڤان لەو پۆستەی خۆیدا و لەماوەی كاری سەرۆكایەتی هەرێم كار بكات لەسەر پێكهینانی تیمێكی كاراو ئەكتیف لە هەموو بوارەكانی بەڕێوەبردن و راوێژكاری، تیمێك بێت لەسەر بنەمای زانستی و مەعریفی سەردەم كار بكات، ئومید دەكەم تیمێكی گەنج و هۆشیار بێت، گەنج بێت بەمانای خاوەن هزرو پڕۆژەی ستراتیژی بێت و گوڕوتینی گەنجانەیان هەبێت و شێوەو ناو و كەسایەتییەكان نوێ بن".
د. ریبوار شوانی خوێندنەوەیەكی بۆ رابردووی كار و چاڵاكییەكانی رێزدار بارزانی كردووە و گووتوویەتی " لەراستیدا هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری و هەتا ئیداریش تێ دەپەڕێت، هەمووشیان گرفتی گەورەن لەبەردەم سەرۆكایەتی هەرێم، كە پێوستە هەنگاوەكان بەرنامە رێژكار و تۆكمە بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.
كاك نێچیرڤانیش یەكێكە لە كەسایەتییە سیاسییە بە ئەزموونەكانی كورد و مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە لەم بوارەدا، ئەگەر چاوێك بە رابردووی كاری سیاسی و ئیداری بەریزیان بخشێنین دەبینین رووبەرووی چەندەها دۆخ و كێشە بۆتەوە لەم بوارەدا، زۆربەی كاتیش چارەسەری گونجاوی بۆ دۆزیتەوە.
لەلایەكی تریش كاك نێچیرڤان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا ناسراوە و خاوەن كەسایەتییەكی دیبڵۆماتكاری شیاوە لە نیوەندە سیاسی و بڕیار بەدەستەكانی دونیا، بۆیە ئەمانە هەموویان خاڵی بەهێز و پشت ڕاستكەرەوەی باشن بۆ دڵنیابوون لە سەركەوتنی بەڕێزیان لەم پۆستەدا، ئینجا دەبێت بزانین سەركەوتن پێوستی بەئالییەت و تیمی سەركەوتووە:.
لە وەڵامی ئەوەی كە بە بۆچوونی جەنابت سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چی بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی؟، د. رێبوار گووتی " بێگومان زۆركار هەن كە پێوستە كاك نێچیرڤان بیانكات، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، بە بۆچوونی من كارە پێوستەكان كە لەم ساتەدا دەبێت سەرۆكایەتی هەرێم پێیان هەستێت كۆدەكەمەوە لەچەند خاڵێك:
یەكەم: لەسەر ئاستی هەرێم
پێوستە سەرۆكایەتی هەرێم بەرنامەیەكی ستراتیژی هەبێت بۆ ئاشتەوایی و كەمكردنەوەی گرژەكانی نێوان حزبەكان، چونكە بەڕاستی زۆر لە پڕۆژەكان و بەرنامە ستراتیژییەكان نەچوونە بواری جێبەجێكردن لەبەر گرژی وناكۆكی نێوان حزبەكان، دەبێت بەرێزیان لەپرسە نەتەوەییەكان و پڕۆژە ستراتیژییەكان هەموو حزبەكان كۆ بكاتەوە لەسەر خوانی ئاشتەوایی و كاركردن بۆ داهاتوویەكی گەش بۆ نەتەوەكەمان.
پێموایە سەرۆكایەتی هەرێم و كابینەی حكومەت بە هەردوو لاوە پێوستە كاری جیدی بكەن بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی زانست و پەروەردە لە هەریمی كوردستان، ئەویش بە دارشتنی پلانی تۆكمە و زانستی ، بە پشت بەستن بە تیمێكی لێهاتوو كە پسپۆری و لێهاتوویی كۆیان بكاتەوە نەك ئینتمای حزبی، لەهەمان كات بودجەیەكی شیاو بۆ ئەم بوارەش تەرخان بكریت.
یەكێكی تر لە كارە گرنەگەكانی بەردەم سەرۆكایەتی هەرێم نەهیشتنی گەندەلی و پاوان خوازی یە، هەموو خەلكی كوردستانیش چاوەری ئەوە دەكات لە بەریزیان هەنگاوی جیدی بگرێتە بەر بەرامبەر گەندەلكاران و گومانیش نیە كاك نێچیرڤان دەتوانێت ئەم كارە بكات بە هەماهەنگی لەكەل سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم ئەگەر كەش و هەوایەكی لەبار بۆ ئەم كەیسە برەخسێنریت.
بووژاندنەوەی ژێر خانی ئابووری لەهەریمی كوردستان، كە ئەمەش دەبیت كارێكی سیتراتیژی بیت لەبەر نامەی كاری سەررۆكایەتیەكانی هەریمی كوردستان( سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت)، ئەویش بە بووژاندنەوەی بواری كوشتوكال و بەرهەم هێنان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ.
دووەم: لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش پێوستە كاری جدی بكرێت بۆ ناساندنی زیاتر و كێشكردنی هێزە سیاسی و بڕیار بەدەستەكانی دونیا بۆ دۆزە رەواكانی نەتەوەكەمان، ئەمەش دەبێت بكرێتە بەرنامەیەكی سیتراتیژی و درێژ خایەن و پلانی گونجاویش هەبێت بۆ ئەم كارە".

 

زۆرترین بینراو