نەبوونی داینگە لە چۆمان كێشە و گرفتی بۆ مامۆستایان دروست كردووە

نەبوونی داینگە لە چۆمان كێشە و گرفتی بۆ مامۆستایان دروست كردووە

یونس ئەمین ـ زاری كرمانجی- چۆمان: لە سنوری قەزای چۆمان تاوەكو ئێستا هیچ داینگەێكی حكومی و ئەهلی بوونی نییە، داینگە ئەو شوێنەیە كە بۆ پەروەردە و حەوانەوەی ئەو منداڵانەی كەوا خێزانەكانیان بۆ چەند كاتژمێرێك سەرقاڵی كار كردنن، نەبوونی داینگە لەم دەڤەرە بۆتە كێشە و گرفت لە بەردەم فەرمانبەران و مامۆستان.
رەنجدەر ئەحمەد وەك مامۆستاێكی سنورەكە بۆ زاری كرمانجی گووتی" لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان داینگە گرنگی تایبەتی پێدەدرێت بۆ پەروەردەكردنی منداڵ یان حەوانەوەی ئەو منداڵانەی كەوا دایكیان مامۆستایە، دكتۆرە، یان هەر كارو پیشەێكی تری هەیە و بۆچەند كاتژمێرێك دەبێت كات تەرخان بكەن بۆئەو كارانە، لە كوردستانیش لە زۆر شوێن داینگە هەیە، بەڵام لە سەنتەری قەزای چۆمان و تەواوی باڵەكایەتی هیچ داینگێك نییە، لە راستیدا ئەمە كێشە و گرفتی بۆ فەرمانبەران و ئەو خێزانانە دروست كردووە كە دەوامیان هەیە، هیوادارم حكومەت و لایەنی پەیوەندی داری ئەم سنورە هەوڵێك بدەن بۆكردنەوەی داینگە.
پسپۆرێكی دەروونزانی بواری پەروەردە كە پیشەی مامۆستایە بە ناوی یاسین ئەمین بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" نەبوونی داینگە بۆ منداڵ دەبێتە كێشە و گرفت بۆ ئەو خێزانانەی كەوا ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك منداڵەكانیان جێدەهێڵن و دێنە سەر كار جا دكتۆر بێت مامۆستا، بەردەست ، هەر خێزانێكی كەوا دەوام دەكات، چونكە وای لێدەكات كەوا كارەكەی بە جوانی بۆ نەكرێت، ئەگەر كەسەكە مامۆستا بێت رەنگ بێت وەك پێویست وانەكەی پێ نەگووترێتەوە، ئەو مامۆستایەی لە كاتی دەوام منداڵەكەی لە شوێنێك بەجێهێشتووە كە شوێنەكەی پێ باش نییە، لە كاتی وانە گووتنەوەش بەردەوام بیر و خەیاڵی لای منداڵەكە دەبێت، لە رووی دەروونی ئەو كەسە ئارام نییە، چەندپرسیارێك لەخەیاڵی ئەوكەسە درووست دەبێت لەوانە، دەبێ منداڵەكەم نەگری؟ دەبێ چی بكات؟ چی بخوات؟ دەبێ كەس ئازاری نەدات؟ جا بۆ منداڵەكەش هەروا ئەگەر لای دایكی نەبێت لە داینگە تووشی خەمۆكی و ناجێگیری باری دەروونی دەبێت، لە چۆمان نەبوونی داینگە بۆ تە كێشە ئومێدەوارم حكومەتی هەرێم ئەم گرفتەش بۆ ئەم خەڵكە چارەسەر بكات.
مامۆستایكی ئافرەت كە خاوەنی دوو منداڵی دووانەیە بە ناوی ساكار فەرحان بۆ زاری كرمانجی گووتی" دوای تەواو بوونی مۆڵەتی دایكایەتیم هاتمەوە سەر دەوام، بەڵام كێشە و گرفتی زۆرم بۆ دروست بووە، چونكە ئەم منداڵانەم كە دووانەنن نازانم لە كاتی دەوام چیان لێ بكەم، خۆم مامۆستام هاوسەرەكەشم دكتۆرە، ڕۆژێك دەیان بەمە ماڵی باوكم ڕۆژێك بۆ ماڵی برام ڕۆژێك بۆ ماڵی خەزورم، لە راستی ئەمەش بۆ ئێمە ناخۆشە، چونكە ڕۆژێك و دووان و ساڵێك نییە، ئەگەر داینگە هەبووایە و ئەهلیش بووایە هیچ كێشە نەبوو فەرمانبەران منداڵەكانیان دەبرد بۆ داینگە زۆرجار لە كاتی دەوام و وانە گووتنەوەم خەیاڵم لای منداڵەكانم بووە.
لە سەر نەبوونی داینگە لە سنوری چۆمان بەتایبەتی بۆ مامۆستایان سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەی چۆمان رەئووف نامیق بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند" بێگومان نەبوونی داینگە لەم سنورە كێشەیە بۆ ئەو خێزانە فەرمانبەرانەی كە ڕۆژانە دەوام دەكەن و منداڵیان هەیە، چونكە نازانن منداڵەكانیان چی لێ بكەن، ڕەنگە ئەو دایكە لە كاتەی لە قوتابخانەیەو سەرقاڵی كاری خۆیەتی، خەیاڵی لای منداڵەكانی بێت نەك وانە گووتنەوە، یان لە رووی دەروەنییەوە ئاسودە نەبێت، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ هیچ مامۆستایك نییە منداڵەكانیان لە گەڵ خۆیان ببە نە ناو ژووری وانە گووتنەوە یان قوتابخانەكان، چونكە دەبێتە هۆی تێك چونی كەشی قوتابخانە.
مامۆستا رەئوف لە دڕێژەی قسەكانیدا گووتی: ئێمە هانی وەبەرهێنەرەكان و سەرمایەدارەكانمان داوە بۆ درووست كردنی داینگەیی ئەهلی، ئێمە بە هەموو شێوەیەك هاوكاریان دەبین، چونكە بۆ سنوری چۆمان داینگە زۆر پێویستە، زۆر جار مامۆستای هەولێر یان دەرەوەی چۆمان لامان بووە بە هۆی بوونی منداڵ گواستۆتمانەوە بۆ شوێنی خۆی، چونكە لە راستی هیچ شوێنێك نەبووە منداڵەكەی لێدابنێت، ئەو مامۆستایانەی خەڵكی ئەم دەڤەرەن باشترن ڕەنگە منداڵەكەی ببات بۆ ماڵە خزمێك بەڵام مامۆستایانی دەرەوەی چۆمان گرفتە ئەوان كەسیان لێرەنییە تاوەكو منداڵەكانیان لەكاتی هاتنیان بۆقوتابخانە لایان دابنێن.

زۆرترین بینراو