نەتەوە یەکگرتووەکان: 12 هەزار ئاوارە لە سێ هەفتەدا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

نەتەوە یەکگرتووەکان: 12 هەزار ئاوارە لە سێ هەفتەدا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری ئاوارەکان دەکات و دەڵێت ئەوانیش کارەکانیان لە کوردستان فراوان دەکەن بۆ هاوکاری زۆرترین ئاوارە لە هەرێمی کوردستان .

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:" زیاتر لە ١٢ هەزار ئاوارە بۆ دەستکەوتنی پەناگەیەک روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەوەتەی پێشهاتە نوێکانی سووریا دروست بوون ."

لە راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە:" بەپێی بەدواداچوونی تیمەکانمان لە ئاژانسی پەنابەران ژمارەی دانیشتووانی ئاوارەکان لە کەمپی بەردەڕەش ١١ هەزاری تێپەڕاندووە، ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ئاوارەی دیکە لە کەمپی گەویلان نیشتەجێکراون، هەردوو کەمپەکەش نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتر لە سنووری سووریاوە دوورن ."

نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام کار دەکەن بۆ یەکگرتنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا، بەتایبەت یەکگرتنەوەی خێزانەکان لەو کەمپانەدا.

هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە داڵدەی سەدان هەزار ئاوارەی داوە، بەپێی نوێترین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان ژمارەی پەنابەران روو لە زیادبوونە .

نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها دەڵێت:" پاڵپشتی وەڵامی خێرای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، پێشوازی لەو دڵگەرمی و کارکردنەیان دەکەین لەگەڵ ئاوارەکان، هەروەها دابینکردنی شوێن بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان ."

لە راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە:" هەموو ئاوارە تازە گەیشتووەکان هەمان هاوکاری مرۆیی و خزمەتگوزاریان پێدەگات، هاوکارییەکان بریتیە لە ژەمی خواردن، گواستنەوە،تۆمارکردن، دابینکردنی پەناگە و خزمەتگوزاری پاراستن، هەروەها تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستی ئاوارەکان دەکەن، بەتایبەت پاراستنی منداڵان و رێکخستنەوەیان،پێویستی سەرەکی ئاوارەکان دابین دەکرێت، هاوکاری بەردەوامی ئەو ئاوارانەش دەکرێت رۆژانە دەگەنە کەمپەکان ."

لە راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە :" سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین بەردەوام هاوکارن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەوانە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانمان، کە رۆژانە ٢٤ کاژێر و هەفتەی ٧رۆژ خزمەتگوزاری و پاراستن بۆ ئاوارەکان دابین دەکەن، هەروەها ئێمە ستافی دیکەمان لە نووسینگەی بەغداوە گواستووەتەوە هەولێر و دهۆک بۆ ئەوەی وەڵامی پێویستیەکانی ئاوارە تازە گەیشتووەکان بدەینەوە .

ژمارەی ئاوارەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان

لە دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە شەپۆلێکی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەپێی ئاماری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 48 هەزار ئاوارە و پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستانن، تەنیا ژمارەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان 790 هەزار و 725 کەسە، ئەو ئاوارە و پەنابەرانە لە ٣٩ کەمپی هەرێمی کوردستانن دەمێننەوە، لە هەولێر ١١٨ هەزار و ٨١ ئاوارە لە کەمپەکانن، کە دەکاتە ٣٧ هەزار خێزان، هەروەها لە دهۆک ٩٠ هەزار ئاوارە لە کەمپەکان نیشتەجێکراون، کە دەاتە ٢٣ هەزار و ٧٣٣ ماڵبات، لە سلێمانیش 28 هەزار ئاوارە لە چەند کەمپێک نیشتەجێکراون .

بەگوێرەی ئامارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر تەنیا %14ـی ئاوارەکان لە کەمپ دەژین و %38ـی ئاوارەکان لە ناو شاردا دەژین، هەروەها لە سلێمانی %4ـی لە کەمپەکان دەژین و %9ـی لە نێو شاردان، لە دهۆکیش %22ـی ئاوارەکان لە نێو کەمپدا دەژین و %13ـی لە شارەکان دەژین .

هەر لە هەولێر، تەنیا لە ٤ کەمپی، باسرمە، دارەشەکران، کەورگۆسک، قوشتەپە نزیکەی ٧ هەزار و ٣٠٠ خێزان نیشتەجێکراون کە دەکاتە زیاتر لە ٣٠ هەزار ئاوارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، لە دهۆکیش کە شارەکە پشکی شێری لە باوەشکردنەوە بۆ ئاوارەکان بەرکەوتووە لە کەمپەکانی گەویلان، فایدە، دۆمیز و کۆمەڵگەیەکی ئاوارەکان لە ئاکرێ، نزیکەی ٥١ هەزار ئاوارە و پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا نیشتەجێکراون، لە سێ هەفتەی رابردووشدا لە ١٠ـی مانگی رابردووەوە نزیکەی ٣ هەزار خێزان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ژمارەشیان زیاتر لە ١٢ هەزار ئاوارە دەبێت .

زۆرترین بینراو