نەوار ستار: وشەی مامۆستا بار و ئەركێكی زۆر گرانە

نەوار ستار: وشەی مامۆستا بار و ئەركێكی زۆر گرانە

مامۆستا نەوار ستار خەلانی كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی.، لە شاری لیۆنی فەرەنسا بڕوانامەكەی بەدەستهێناوەو مامۆستای ئاداب عەرەبیە لە زانكۆی سۆران،لەم دیمانەیەدا بۆزاری كرمانجی قسە لەسەر رۆڵ و كەساسەتی مامۆستا دەكات و دەڵێت " پێویستە مامۆستاش خۆشی لە پیشە پیرۆزەكەی ببینێت، ناوبراو بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
دیمانە: محەممەد مەحموود
*مامۆستای سەركەوتوو كێیە؟
مامۆستای سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە بەر لە هەموو شتێك پێویستە پیشەكەی خۆی خۆش بووێت، ئاشقی بێت، بەڕاستی پێویستە پیشەی مامۆستایەتی زۆر خۆشەویست بێت، چونكە پیرۆزە، هەروەك دەڵێن" بۆ ئەوەی جیاواز بیت و داهێنان بكەی، پێویستە وەك چۆن ئاشقی كچێك ئەبیت، بەو جۆرەش ئاشقی پیشەكەت بیت، پێویستە مامۆستاش خۆشی لە پیشە پیرۆزەكەی ببینێت، نەك هەست بە بێزاری و شەكەت بوون بكا، لە ئەنجامدا بە خراپ بەسەر قوتابی و فێرخوازەكانیشیدا بشكێتەوە.مامۆستای سەركەوتوو پێویستە كاتێك كە ئەچێتە سەر كارەكەی ئەوەندە بە دڵ خۆشییەوە بچێت، وەك ئەوەی كە بچێت بۆ ژوانێكی خۆشەویستی.
وشەی مامۆستا، بار و ئەركێكی زۆر گران دەخاتە سەر شانی هەر كەسێك كە ئەو پەیامە پیرۆز و هەستیارەی خستبێتە سەر شانی خۆی، بۆچی دەگوترێ كە مامۆستا لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێز و پایە و پێگەیەكی زۆر بەرز و گران و سەنگینتری هەبووە، وەك لەوەی كە مامۆستایانی ئێستا هەیانە؟ ئایا بەهۆی ئەوەیە كە ڕێژەی مامۆستا زۆر بووە؟ هەروەك دەڵێن: هەر شتێكیش كە ڕێژەی زۆر بێت، ئەوا نرخی كەم ئەبێت. ئایا لەبەر ئەوەیە كە مامۆستا وەك كەسێكی بەرپرس و پلەدار مووچە و ئیشی باشی نییە؟! بۆیە پێگەكەی وەك جاران نەماوە؟ دەكرێت ئەمە بكەین بە پێوەر؟ ئایا ئەمە ستەم نییە؟ ئایا نرخ و بەها، بە سامان و پارەیە؟ یان بە گرنگی كەسەكان؟ بۆچی سەیارەكەی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد، كە تەنها بەهای ٤٠ وەرەقە بوو، بەڵام كابرای كووەیتی ٢٠٠ دەفتەری پێ ئەدات؟! ئایا لەبەر سەیارەكەیە یان لەبەر ئەو كەسەیە كە خاوەنی سەیارەكەیە .
هەستی مامۆستا لەبەرامبەر خۆیدا ئەبێت چۆن بێت؟
دەبێت مامۆستا هەست بكا كە پەیامێكی پیرۆز و چارەنووس سازی هەڵگرتووە و گوێ بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەوروبەر نەدا لەسەر خۆی، مەگەر ئەو هەڵسەنگاندنە بۆ باشكردنی ئاست و ئاكاری خۆی سوودی هەبێت.
دەكرێت مامۆستا كێشەو گرفتەكانی خۆی بباتە ناو قوتابخانە؟
مامۆستا دەبێت كەم و كوڕی و كێشە و گرفتەكانی خۆی نەك لای قوتابییان باس نەكات، بەڵكو وا خۆی دەر بخات كە هیچ كێشە و گرفتێكی نییە، تەنانەت لە ڕواڵەت و ڕوخسار و هەڵسوكەوتیشیدا هەستی پێ نەكەن، چونكە كەسی لاواز و گرفتار كەمتر كاریگەریی لە سەر دەوروبەری خۆی هەیە، چ جای كەسەكە مامۆستا بێت!
*چی بەو مامۆستایانە دەڵێت كە مووچەی لاگرنگترە لە پیشەكەی؟
پێویستە مامۆستا هەرگیز وا لە قوتابییەكانی نەكات كە هەست بكەن مامۆستاكەیان بۆ مووچە و ئیمتیازات وانەیان پێ ئەدات، ئەمە ئەگەرچی مافێكی سروشتی مامۆستایە، بەڵام ئەبێ بزانێت كە پەیام و ئامانجەكە زۆرلە ماددە پیرۆزترو باڵاترە، من مامۆستام هەبووە لە زانكۆ، كە سەریشی سپی ببوو، دەیگووت" بەڕاستی لەبەر مووچەكەم نەبێت،وانەتان پێ ناڵێم!ئەمانە مامۆستا نین، بەڵكو كەسانی نەخوێندەوارن.
*پێویستە مامۆستا چ هەستێك لای قوتابی دروست بكات؟
پێم وایە هەرگیز نابێ مامۆستا ڕەشبین بێت، پێویستە هەمیشە تۆی گەشبینی و داینەمۆی متمانە و داهێنان و ژیان و خۆشی و ڕۆشنگەرایی لە ناو قوتابییانی بچێنێت، من خۆم یەكێكم بوومە لەو چەندەها قوتابییەی كە مامۆستا زیاتر لە دایك و بابم، كاریگەریی زیاتری لەسەرم هەبووە، ناشزانم هۆكاری ئەمە چییە!
*دەكرێت مامۆستا هاوبەشی خۆشی و ناخۆشیەكانی قوتابییەكانی بێت؟
مامۆستا دەبێت هاوبەشی خەم و خۆشیی قوتابییانی بێت، گوێ لە قوتابیانی بگرێت، تا دەكرێت قسەیان پێ نەبڕێت، زۆر گرنگە مامۆستاكە ئەوەندە جێگەی متمانە بێت، قوتابیەكانی كێشەی تایبەتی و هی دەرەوەی قوتابخانە و زانكۆشكەشیان لە گەڵی باس بكەن، چەند جیاوازە كە قوتابی كێشە و خەمێكی هەبوو، مامۆستاكەی پێی بڵێ خەم مەخۆ، من لەگەڵتم، هاوكار و هاوخەمتم، بەیەكەوە چارەسەری ئەكەین! چونكە بە شێوەیەكی گشتی، خەڵكی زۆۆر كەم ئەو كەسانە لەبیر ئەكەن كە لە كاتی خەم و تەنگانەدا، هاو خەمیان بوونە، چ جای ئەو كەسە مامۆستاكەت بێت!
*تاچەند گرنگە مامۆستا گەشە بەلایەنی زانستی خۆی بدات؟
ئەمە بۆخۆی یەكێكە لە خاڵە هەستیارەكان، ئەویش ئاستی زانستیی مامۆستاكەیە، ناكرێت مامۆستا لە پسپۆڕییەكەی خۆی لاواز بێت، ئەو كەسەی كە مامۆستای ئینگلیزی و عەڕەبی و فەڕەنسی بێت، چۆن دەبێت نەزانێت بەو زمانانە قسە بكات؟ لەوە بترسێت قوتابی پرسیاری لێ بكەن، لە ترسی ئەوەی كە نەیزانێت! هەمیشە دەبێت هەوڵ بدات بە لایەنی كەمەوە، تەواو لەو بابەتە تێبگات كە لە پڕۆگرامەكەدا هەیە. جگە لەوەی، كە كەسی مامۆستا پێویستە زانیارێكی باشی دەربارەی زۆربەی بابەت و بوارە جیاوازەكانی ڕۆژگاری خۆی هەبێت، ئاگای لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و دەنگ و باسی سیاسی و ئاڵ و گۆڕییە ئابووری و سەربازی و كۆمەڵایەتییەكان و... هتد هەبێت، تا دەكرێت زانیاریی گشتیی دەرەكیی خۆی، بە بابەتەكەوە ببەستێتەوە.
جا بۆیە پێویستە لە سەر هەر یەكێك لە ئێمە، كە پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتیمان هەڵگرتووە، وەك خۆی هەڵی بگرین و لە ئاستی پێویستیدا بین، چونكە بەڕاستی ئەمانەتێكی هەستیار و بەرپرسیارییەتی و شەڕەفێكی گەورەیە.
مامۆستا نەوار بەچەند وتەیەك كۆتایی بەم دیمانەیە دێنێت و دەڵێت" لەسەر ڕێزو كەساسەتی مامۆستا، چینییەكان پەندێكی جوانیان هەیە كە دەڵێت" مامۆستا ئەوەندە پایەبەرز و گەورەیە، نابێت بە سەر سێبەرەكەشیدا بڕۆیت! چ جای قەدری نەگریت! هەروەها ئەحمەد شەوقی، شاعیری بەڕەچەڵەك كوردی میسری دەڵێت" لەبەر مامۆستاكەت هەڵبستە و ڕێزو قەدری بگرە، چونكە بەڕاستی دوور نەدەبوو كە ئەگەر مامۆستا پێغەمبەر بووایە! ئەمانە و چەندەها قسە و پەند و شیعری تر، كە گرنگی و بەرزی پەیامی مامۆستا و كاریگەرییان لە ناو هەر كۆمەڵگەیەكدا دەردەخەن.

زۆرترین بینراو