نەورۆز شەهاب ئافرەتێك لە جنسی رەنگ

نەورۆز شەهاب ئافرەتێك لە جنسی رەنگ

دیمانە محەمەد ئامۆكەیی- هەولێر: هونەری شێوەكاری هەر لە كۆنەوە هونەرێكی باوەبووە لە نێو میللەتانی دونیا، كوردیش یەكێك لەو نەتەوانەیە چەندین كەسی دەست رەنگینی لەو بوارەدا هەبووە و ئێستا خەریكی كاری هونەرین، لەو رێگەشەوە توانیویانە سەرچاوەی داهات بۆ خۆیان بدۆزنەوە، لە دوای كرانەوەی پەیمانگاو زانكۆی هونەری لە باشوری كوردستان، تەكانێك لەو بوارە بەدیدی دەكرێت، ئافرەت گەڵێك هەن لەو بوارە كاردەكەن، نەورۆز شەهاب نمونەی یەكێك لە ئافرەتە هەرە دیارەكانی نێو هونەریی شێوەكارییە، نەورۆز پەیمانگای هونەرە جوانەكان و كۆلیژی هونەرە جوانەكانی تەواوكردوە، تەمەنی چوار ساڵ دەبێت لە رێگەی دەستبردن بۆ پێنوس وێنە لەسەر كاغەز دروست دەكات، حەزو خولیای ئەو بەردەوام دەبێت تا بەم رۆژە دەگات و ئێستا یەكێكە لەو ئافرەتانەیە دەورێكی باڵای هەیە لە هونەری وێنەكێشان، نەورۆز خاوەنی چەند پێشانگای تایبەت و پڕۆژەی گەورەی هونەری وێنەكێشانە، ئێستاش سەرقاڵی پرۆژەی دووەمە، لە دیدارێكیدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باس لە گرنگی هونەری شێوەكاری پڕۆژەكانی داهاتووی دەكات.
*گرنگی هونەری وێنەكێشان لەچی دایە؟
وێنەكێشان رەنگ پرژاندنێكە بە سیمای دەرون و خود بووندا، گرنگترینی بوونەكانە پێش گشت تێگەیشتنەكان، پێش بیستن و دواندن و دەربڕین دەكەوێت، بەڵام پێویستی بە هەست و چاوی هونەرییە بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە و بینین چاوی هونەری وە هەستی هونەری پێویستی بە دواندنی زمانەكان نیە، بۆیە پێویستە لە گشت كایەكانی ژیاندا رەنگ دەوری سەرەكی ببینیت چونكە رەنگ و بوون تە واوكەری یەكترن.
*چۆن بوو هونەرە جوانەكانت هەڵبژارد؟
وێنەكێشان منی هەڵبژارد نەك من ئەوم هەڵبژارد چونكە من لە تەمەنی چوار ساڵیەوە بوونی خۆم دۆزیەوە ئەویش بە هۆكاری رەنگەكان وەیلەكانەوە كە هێند لام گرنگبوون گشت شتێكی منداڵیم پەراوێز خستبوو جگە لە وێنەكێشان و رەنگ و قەلەمەكان نەبێت، هیچ شتێكی تر لام گرنگ نەبوو، بۆیە دەڵێم وێنەكێشان منی هەڵبژارد چونكە رەنگەكان هەمیشە بە دوای هەستە بەهێز و گرنگە كانەوەن ئەگینا رەنگ دروست نابێت.
*ئارەزووت لە هونەر هەبوو یان تە نها بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە بوو؟
نەك بڕوانامە هونەر ئارەزووش نیە، بەڵكو هونەر ئیشق و تێكەلاوبوونەو بەهێزترین زمانی هەست و روحە هەرگیز هونەر پەیوەندی بە بڕوانامەنیەو بڕوانامەش ناتوانێت هونەرێكی جوان و پاك دروست كات، چونكە ئیشق تێكەڵاو بونە لە رێی رەنگەوە، بۆیە دەبێت هونەرمەندەكان خۆیان گرنگی بە پیشەی هونەری خۆیان بدەن و خۆشەویستیان بۆی هەبێت و زۆر خۆیان بەلایەنی ماددیەوە نەبتسنەوە، لەبەر ئەوەی هونەر هەمیشە كەسی بەهێز و پڕهەستی ویستووە.
*بەشێك لەوانەی پەیمانگاو كۆلیژی هونەری تەواو دەكەن دوای دەرچوونیان گرنگی بەهونەرەكەیان نادەن، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەوە بۆ ئەو بناغە هەلەو سەقەتە دەگەڕێتەوە كە قوتابیانی پێوەردەگرن چونكە بەشێكی زۆریان لە سەر بنەماو ئاستی هونەری وەرنەگیراون، بەڵكو لە سەر بنەمای یە كتر ناسینەو دوای ئەوەش ئەم شوێنانە ناتوانن كەشێكی هونەری و زانستی هونەری بەرز بەقوتابیان ببەخشن، بەڵكو زۆر جار قوتابی بەرەو دواوە دەبەن خولیای هونەرییان كەم دەكەنەوە ئەوەش بۆ مامۆستایانی بێ تواناو بێ بەهرەو كەم ئەزمون دەگەڕێتەوە.
* هیچ پێشانگای تایبەت بەكارەكانت كردۆتەوە؟
ئێستا سەرقالی پڕۆژەی دیوار بەنێكی بەرزم بەدرێژی زیاتر لە (100) مەترو بەرزی 3مەتر لە میحوەری خازر) ئەم كارەش لەگەڵ هاوكارو هاوڕێ و هاوژیانی هونەریم خۆبەخشانە ئەنجامی دەدەین، بەهاوكاری فەرماندەیی فەرماندەی زێڕەڤانی لیوا (عەزیز وەیسی) برا پێشمەرگەكان، دوای ئەوە پڕۆژەی تریشمان لە بەردەستە كارە هونەرییەكانیشم لە حەوت پێشانگای تایبەتی و چەندین پێشانگای تایبەتدا نمایش كردوون.
* جیاوازی ئەم هونەرە لەگەڵ هونەرەكانی تر چیە؟
ئەوەی هونەری وێنەكێشان جیادەكاتەوە لە هونەرەكانی تر ئەوەیە كە وێنەكێشان تایبەت مەندیەكی جیاوازی لە دەربڕینی رەنگەكاندا هەیە، ئەو تایبەت مەندیەش كاری رەنگ تیایدا باڵا دەستە پەیوەستە تەنها بەدەرونێكی رەها لە تاكە كەسێكەوە بەرجەستە كرابێت، چۆنیەتی پەیڤین و لێكدانەوە یان تێگەیشتن لە زمانی دەرونی بەرامبەر و دۆزینەوەی سێبەری پشت رەنگەكان لە دەوروبەردا.
* قسەی زۆر لەسەر كپكردنی دەنگی ژن دەكرێت، لە بواری هونەر لە كۆمەڵگەی كوردەواری هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
پێم وانیە ئێستا ئەم بیرو ڕایە هەبێت بەرامبەر ئافرەت چونكە زۆر جار بەرامبەر پیاویش هەیە پێویستە ئافرەت خۆی باڵا دەستی خۆی بدۆزێتەوە و قاییلی بەكپكردنەكانی كۆمەڵگە نەبێت، بەڵام بتوانێت زمانێكی تێگەیشتن بەكاربێنێت بۆ تێگەیشتنی لایەنی بەرامبەر، لە ئێستاشدا ژمارەیەكی زۆر ئافرەت لەبواری هونەر دەوری خۆیان دەبینن زۆر جار زیاترە لە ژمارەی پیاو پێویستە بەردەوام بن و بتوانن خزمەت بكەن، بەڵام لە چوارچێوەی سنووری داب و نەریتی كۆمەڵگە تێنە پەڕین.

 

زۆرترین بینراو