نەوزاد هادی دەبێتە راوێژكاری سەرۆكی هەرێم

نەوزاد هادی دەبێتە راوێژكاری سەرۆكی هەرێم



زاری كرمانجی- سۆران: بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بە فەرمانێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پۆستی راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی پێ سپێردراوە و لە شوێنی ئەو د. فرسەت سۆفی دیاری كراوە بۆ پارێزگاری هەولێر و ئەگەری گۆڕینی تاهیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری هەولێریش هەیە.
سەوری عیسمەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەمبارەوە بە زاری كرمانجی گووت " دوای ئەوەی فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ بوونی بە راوێژكاری سەرۆكی هەرێم بۆ نەوزاد هادی دەرچوو، ئەمڕۆ سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای كرد و لە لایەن سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەن پێشوازی لێكرا و بە ناوی ئەنجوومەن سوپاس هەوڵ و ماندووبوونەكانی بەڕێزیان كرا لە چەندین ساڵی رابردوو كە خزمەتێكی بەرچاوی سنووری پارێزگای هەولێری كرد و دواتریش بە رێزەوە ماڵئاوای لێكرا و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێی بۆ خواسترا".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا گووتیشی " ئێستا كارەكانی پارێزگار لەلایەن جێگرییەوە بەرێ دەچێت تا پارێزگارێكی نوێ دەست بەكار دەبێت و سیڤی د. فرسەت سۆفی گەیشتۆتە ئەنجوومەن وەك تاكە پاڵێوڕاو بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر و لە چەند رۆژی داهاتوو یەكلایی دەبێتەوە".
لە بارەی دەنگۆی گۆڕینی تاهیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری هەولێریش گووتی " تا ئێستا بە فەرمی هێچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووە، بەڵام بەدوور نازاندرێت كە ئەویش بگۆڕدرێت".

 

 

 

زۆرترین بینراو