هازارد زیزۆی نیگەران كردووە

هازارد زیزۆی نیگەران كردووە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: دابەزینی ئاستی ئیدین هازارد لە وەرزی رابردوو بەر لەدەستپێكی ئەم وەرزە بە تایبەتی دوای ئەوەی راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیكا یاریزانەكەی بەهۆی خراپی باری جەستەیی لە یارییەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی دوور خستەوە، زێدانی راهێنەری ریالی شۆك كرد.
بەرنامەی ئیل چێرنیجیتۆی تەلەفزیۆنی ئیسپانیا لە راپۆرتێكی تایبەت بە هازارد نهێنییەكانی ئاشكرا كرد كە هۆكاری ئەوەیە هازارد ئاستی دابەزێت و كێشیشی زیاد بكات، بەپێی راپۆرتەكە هازارد لەگەڵ هاتنی بۆ ئیسپانیا هیچ بایەخێكی بە رێكخستنی ژەمەكانی خواردن و جۆرەكانی نادات، بەڵكو زۆر بێ بەرنامەیی و زێدەرۆیی پێوە دیاربووە، بەهۆی ئەوەش كێشی یاریزانەكە بۆ دووەم وەرز لەسەر یەك بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردۆتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەكەش (مارتینێز) ی راهێنەری بەلجیكا یاریزانەكەی لە یارییەكانی بەلجیكا دوور خستەوەو یاری پێ نەكرد، لە وەڵامی هۆكارەكەش بە رۆژنامەنووسانی گووت" كە ئەو لە رووی جەستەیی هیچ ئامادە نییە بۆ ئەوەی یاری بكات.
لە درێژەی راپۆرتەكە هاتووە ئەو هەواڵانە زێدانی راهێنەری ریال مەدرید یەكجكار نیگەران كردوە، بۆیە زیزۆ پێی راگەیاندوە كەدوای ئەوەی وەرزی پارساڵ بەهۆی پێكان و كێشەی دیكە هیچی بۆ یانەكە نەكرد، نابێت ئەم وەرزەش بەم شێوەیە بڕوات و ئاگاداری یاریزانەكەی كردوە بەوەی كە پێویستە زۆر بە جددی بایەخ بەخۆی بدات تا بتوانێت ئاستی پێویست پێشكەش بكات.
جێی ئاماژە پێكردنە هاتنی هازارد بۆ ریال مەدرید تێچوونی بە مووچەكانەوە دەگاتە سەرووی 150 ملیۆن یۆرۆ، وێرای ئەوەش یاریزانەكە هیچ سوودێكی ئەوتۆی بۆ ریال مەدرید نەبووەو تەنانەت نەیتوانی لە وەرزی رابردوو هیچ كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر یانەكەی درووست بكات.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو