هەرێمی كوردستان بە شوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان دەمێنێتەوە

هەرێمی كوردستان بە شوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان دەمێنێتەوە

رائیب شێروانی– دهۆك: یەروانت نیسان ماركۆس، نوێنەری پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" بە سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ڤاتیكان و كۆبوونەوە لەگەڵ پاپا خۆشحاڵین، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت. دەشڵێ:" هاتنی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە ببینێت، چونكە پاپا سەردانی ئەو وڵاتانە دەكات كە پێكەوەژیان و ئاشتی هەیە، لە هەرێمی كوردستانیش ئاشتی هەیە، پێكەوەژیان هەیە، بۆیە پاپا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات كە بۆتە نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیان لە هەموو جیهان.
* كریستیانەكان بە كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت و پاپا دڵخۆشن
- نوێنەری پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و پاپای ڤاتیكان، كۆبوونەوەیەكی مێژوویی بوو، ئەو تابلۆیەی كە هەندێك پێشمەرگە خاچ بڵند دەكەن بووە جێگەی دڵخۆشی پاپا، راستە دەوڵەتی ڤاتیكان، دەوڵەتێكی بچووكە، بەڵام لە هەموو جیهان كاریگەری خۆی هەیە، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت، پێكهاتەكان مافیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا لەگەڵ یەكدین، بۆیە بە كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت و پاپا زۆر خۆشحاڵین و هیوادارین ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە زیاتر گرنگی پێ بدرێت.
* پاپا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات
- یەروانت نیسان ماركۆس، ئەوەشی گووت:" هاتنی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بە چاوەكانی خۆی ببینێت، پاپا سەردانی ئەو وڵاتانە دەكات كە پێكەوەژیان و ئاشتی هەیە، لە هەرێمی كوردستانیش ئاشتی هەیە، پێكەوەژیان هەیە، بۆیە پاپا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
* هەرێمی كوردستان بۆتە نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیان
- ئەو نوێنەرەی پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" لە هەرێمی كوردستان لە مێژە گرنگی بە پێكەوەژیان دەدرێت، هەر لە ساڵی 1915 تا 1918 ئەو جینۆسایدەی بەسەر ئەرمەنەكان هات، زۆربەیان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەر لەو كاتەوە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان گرنگی بە پێكەوە ژیان دەدرێت، چونكە ئەو كات دێر هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر گرنگی بەو پێكەوەژیانە دەدرێت و كوردستان بۆتە نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیان لە هەموو جیهان.
* هەرێمی كوردستان جیاوازیەكی زۆری لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیكە هەیە
- بە گوتەی یەروانت نیسان ماركۆس، نوێنەری پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەرێمی كوردستان جیاوازیەكی زۆری لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیكە هەیە، بۆچی ئەگەر تەماشای عێراق بكەین بەردەوام پێكهاتەكان دەكرێنە ئامانج، دەكوژرێن، دەرفێنرێن، ماڵەكانیان تاڵان دەكرێن، خەڵك دەربەدەر دەبێت، كە بە هەزاران خەڵكی ئێمە لە پارێزگاكانی عێراق ئاوارە بوونە و روویان لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دیكەی جیهان كردووە، بۆیە سیستەمی عێراق ئێستا سیستەمێكی زۆر خراپە و پێكهاتەكان ناتوانن لە هەموو شارەكانی عێراق بژین، گروپە چەكدارەكان رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبن، بۆیە رەوشی عێراق زۆر خراپە بۆ پێكەوەژیان، هەر ئەوەش وای كردووە كە مەسیحییەكان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
* جیهان بایەخ بە هەرێمی كوردستان دەدات
- ئەو نوێنەرەی پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان گووتیشی:" جیهان بایەخێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات، وەكو دەبینین بەردەوام گەورە بەرپرسانی جیهان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان كۆ دەبنەوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراوە، هەرێمی كوردستان توانی گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی لەناو ببات، هەموو ئەمانە هۆكارن كە وڵاتانی جیهان گرنگی بە هەرێمی كوردستان بدەن، لە داهاتوودا ئەو گرنگیە زیاتر دەبێت.
* بارودۆخی عێراق زۆر خراپە و دەبێت كورد یەكگرتوو بێت
- لە كۆتاییدا یەروانت نیسان ماركۆس، نوێنەری پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان دیاركرد :" بارودۆخی عێراق زۆر خراپە و رۆژ بۆ رۆژیش خراپتر دەبێت، محەمەد تۆفیق عەللاوی ناتوانێت حكوومەت تەشكیل بكات، ئەگەر حكوومەت پێكبهێنێت زۆر ناكێشێت، چونكە لە عێراق چەندین پێكهاتە هەن، نابێت هەندێك پێكهاتە پشتگوێ بخرێن و عەللاوی خۆ فەرز بكات لەسەر ئەو پێكهاتانە، لەگەڵ ئەوەش دەبێت كورد لە بەغدا یەكدەنگ و یەكڕیز بێت، چونكە ئەگەر یەكدەنگ و یەكڕیز بێت دەتوانێت زۆر شت بەدەست بهێنێت بۆیە ئەگەر كورد بیەوێت بەسەر كێشەكان سەر بكەوێت و مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێت، دەبێت یەكدەنگ و یەكڕیز بێت".

بابەتى پەیوەندیدار دیمانە

زۆرترین بینراو