هەرێمی كوردستان لەبەردەم پێشكەوتن و ئاستەنگەكان

كاروان جەلال بەگ

 

هەرێمی كوردستان سەرەڕای پێشكەوتنی لە هەموو سێكتەرەكان، لێ كەموو كوڕی زۆریشی هەیە، ڕەنگە تا ڕادەیەك نۆرمال بێت بەو پێیەی هەموو كۆمەلگاكانی دونیا بەو قۆناغەی ئێمە تێپەڕیوون !
بەڵام ناكرێ ئەمە بكەین بە پاساو و بیانوو، دەكرێ هەمووان بەیەكەوە بە ئیرادەیەكی بەهێز كاربكەین بۆ بونیادنانی نیشتیمانێكی بەهێز، وەكو چۆن لە ئێستادا هەرێمی كوردستان توانیوویەتی نمونەیەكی جیاوازی سەركەوتوو لە ناوچەكە نیشانی هەموو جیهان بدات و دیدی كۆمەلگەی نێودەولەتی بخاتە سەر ئەزموونی هەرێم، لە پێشكەوتنی سیاسی، ئابووری، پێكەوەژیان...هتد.
ئەگەر سەرنج بدەین لە بوونی ئەو كەمووكوریانەی كەهەن دەكرێ لە چەند خالێكدا كۆیان بكەینەوە ئەو كات تێدەگەین هۆكارەكان چین و چارەسەریش ئاسان دەبێت ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێزی گشتگیری لە دەستەڵاتی میری و تاك بە تاكی كۆمەلگە هەبێت.
یەكەم: نەبوونی دەوڵەت
لەوانەیە ئەم قسەی ڕاست بێت، زۆر هۆكار و بەربەست هەن بۆ نەبوونی دەوڵەتێك بۆ كوردان، هۆكاری هەموو نەهامەتیەكانیشی نەبوونی دەوڵەتە،بۆیە دەشێ ببێژین لە بۆشایی نەبوونی دەوڵەت زۆر جار ناچارین هەندێ شت بكەین كە خۆمان نامانەوێت !بۆیە پێویستە هزری نیشتمانپەرەوەری لای تاكی كورد زێدەتر بكرێت، ئەو كات كاركردن بۆ دروستكردنی دەوڵەت ئاسانتر دەبێت.
ئەو پێشكەوتنەی لە بوارە جیاوازەكان بە دەستهاتووە چەند هێندە دەبوو ئەگەر خاوەنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری باین.
دووەم: بارودۆخی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە
ئەگەر بەراورد لە نێوان كۆمەلگەیەكی ڕۆژئاوای و ڕۆژهەڵاتی بكەین جیاوازیەكان ئێجگار زۆرن ,كۆمەلگە ڕۆژهەڵاتییەكان مەحكومن بە دابوونەریتە كۆمەڵایەتییەكان بۆیە دەكرێ بڵێین هۆكاری سەرەكی دواكەوتن بوونی گەندەڵی لە بەشێكی زۆری كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكان خراپ بەكارهێنانی دابوونەریتەكانە.
هەرێمی كوردستان لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە پابەندی هەندێ دابوونەریتە جێبەجێنەكردنی ،، عەیبەیە،، ئەو كەسەی لێی لابدات لە نێو عەشیرەت و بنەماڵە بە كەسێكی خراپ دەناسرێ، بێگومان دەستگرتن بە كلتووری جوان شتێكی باشە.
لەم ڕووەوە پێویستە لەسەر ناوەندەكانی خوێندن و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەم ئەركە هەڵبستن و خراپییەكان و باشیەكانی دابوونەریت لە یەكتری جیا بكەنەوە، ئەو كات شتە جوانەكانمان دەپارێزین و خراپیەكانیش بە باش دەگۆڕین.
سێیەم: بارودۆخی سیاسی
بەشێكی زۆری كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكان تاكو ئێستش قوربانی سیستمی تۆتالیتارین هەرێمی كوردستانیش پشكی هەرە گەورەی لەم قوربانیەی بەركەوتووە, هەر لە سەرەتای دروستكردنی عێراق تاكو ئیمڕۆ كە نزیكەی سەد ساڵە كورد هەموو جۆرە مردنێكی تاقیكردۆتەوە، هەموو ڕێگا و رێكارێك بەكارهێنراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كورد و تێكدانی كۆمەڵگەكەی، تێوەگڵانی بەشێك لە كورد لەم پیلانانە كاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی كۆمەڵگە دروستكردووە، مانەوەی پاشماوەی ئەم جۆرە هزرە و حكومڕانییە لە نێو كۆمەڵگە و خراپتریش كە لە جومگە گرنگەكانی دەستەڵات هەن، كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەواوی كۆمەڵگە, وەكو چۆن لە یەكەم ئەزموون لە دوای ساڵی ۱۹۹۱ دیموكراسیەت كرایە سیستمی بەرێوەبردن لە هەرێم، هەر ئەمەش وایكرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە دیدی جیاواز لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بڕوانن و پشتگیری لێ بكەن، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ زێدەتر هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی بنەماكانی دیموكراسیەت بهاوێژین.
چوارم: سروشتی جوگرافی ناوچەكە
لەسەردەمی پێشكەوتن و تەكنۆلۆژیا ڕۆژهەڵاتی ناوین بووەتە چەقی كێشمەكێشە نێودەوڵەتییەكان و گۆرەپانی ململانێی وەڵاتانی زلهێزە و خاوەن هێز,ئەمەش كاریگەریەكی خراپی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان زۆرجاریش مەترسییەكانی دووهێندە زیاتركردوە،چونكە هەڵكەوتەی جوگرافی كوردستان و دابەشبوونی بەسەر چوار وڵاتی تەژی كێشە و دوژمنی سەر سەختی كورد, لێرەدا پێویستە هەرێمی كوردستان سوود لە خاڵی لاوازی ئەو وڵاتانە وەربگرێت و پەیوەندییەكانی بەهێزتر و زێدەتر بكات بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، زێدەتر كار بكات بۆ ئەوەی هەمووان لەوە تێبگەن كورد لە ناوچەكە هۆكاری ئاشتی و سەقامگیرییە نەك كێشە و ململانێ.
پێنجەم: بارودۆخی نێوخۆی كوردستان
كورد زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەكرێت بەهۆی ناكۆكی نەبوونی یەك ووتاری نەتەوەییەوە نەیتوانیووە سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت. ئەم نەبوونی كۆدەنگیە زۆر بە زەقی بە سیمای هەرێمی كوردستان دیارە، ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی باجی زۆری ئەم پەرتەوازەی و یەكتر قبوڵنەكردنە بدەین، بۆیە پێویستیمان بەوەیە كار لەسەر ئەوە بكەین دەستكەوتی نیشتیمانی پێش دەستكەوتی حزبی و كەسی و تایبەتی بخەین و رێز لەدیدی جیاواز بگڕین, جگە لەمەش ڕێگری لە هەوڵی نەیاران بكڕین تاكو نەتوانن سوود لە ناكۆكییەكانمان وەربگرن و هەژموونی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن. پێویستە نێوماڵی كورد جارێكی رێكبخرێتەوە و ناكۆكییەكان وەلا بنرێن و ئاشتەوای سیاسی و كۆمەڵایەتی بگەڕێنرێتەوە.
بە تێڕوانین لە هەموو ئەوانە و زیاتر دەكرێ بڵێین ئەركی كورد ئاسان نییە و پێویستی بە خۆ رێكخستنەوە و خۆ گونجاندن هەیە لەگەل بارودۆخی ناوچەكە، تاكو لە ئەگەری هەر گۆڕَانكاری و دەستكەوتێك جارێكی تر كورد بێ بەش و پەراوێز نەخڕێت.

زۆرترین بینراو