هەرێمێكی نوێ لە رۆژئاوا دروست دەبێت

هەرێمێكی نوێ لە رۆژئاوا دروست دەبێت

ئا: رائیب شێروانی
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیی بواری نەوت واژۆكرد و هەنگاوەكەش بە ئاگاداری و هاندانی واشنتن بووە. ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، دەڵێ:" ئەو رێككەوتنەی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زۆر گرنگە و دانپێدانێكی سیاسییە، هەروەها پێداویستییەكانی ئەو بەشە وەكو گاز، بەنزین و نەوت دابین دەكات، جگە لەوەی ئەو رێككەوتنە وا دەكات كە لایەنەكانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن و ئەو بەشە ببێتە هەرێم.
رێككەوتنەكە پێش دوو هەفتە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و كۆمپانیای "دەلتا كرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریكی واژۆكرا. بەگوێرەی رێككەوتنەكە كۆمپانیا ئەمریكییەكە توانای بەرهەمهێنانی لە كێڵگە نەوتییەكانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاد دەكات و نەوتەكەش دەفرۆشێت.
یەكێك لەو خاڵانەی كە تایبەتمەندییەك دەداتە رێككەوتنەكە بریتییە لە ئاگاداربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس و هاندان و پاڵپشتیكردن لێی لەلایەن واشنتنەوە.
ئەو بابەتە رۆژی 30ـی مانگیش لە كۆنگرێس تاوتوێكرا، ئەوەش كاتێك مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەكەی قسەیكرد.
مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لەوە كرد، "واژۆكردنی رێككەوتنەكە كەمێك لەوە زیاتری پێچوو كە ئومێدمان دەكرد، بەڵام ئێستا لە قۆناخی جیبەجێكردندایە و دەكرێت زۆر باشیش بێت".
ئەمریكا تەنیا پاڵپشتی لە رێككەوتنی نێوان كۆمپانیاكە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناكات، بەڵكو خۆیشی هەندێك هەنگاو دەنێت، لەوانەش دابینكردنی دوو پاڵاوگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
بەرپرسانی ئەمریكاش چەندین جار رایانگەیاندووە، سوپای وڵاتەكەیان لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبن و رێگەنادەن ئەو بیرە نەوتانە بكەونەوە دەستی داعش یان ئەسەد یان هێزی دیكە.
د. كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" ئەو رێككەوتنەی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زۆر گرنگە و دانپێدانێكی سیاسییە، ئەو بەرێوەبەرەی كە هەیە دەتوانێت خۆ بەرێوەببات و رۆژئاوا ئاوەدان بكاتەوە، هەروەها پێداویستییەكانی ئەو بەشە وەكو گاز، بەنزین و نەوت دابین بكات، جگە لەوەی ئەو رێككەوتنە لە نێوان ئەمریكا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وا دەكات كە لایەنەكانی رۆژئاوا یەكبگرن و بگەنە رێككەوتن و رۆژئاوا ببێتە هەرێم.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دەشڵێ:" دوژمنانی كورد دژی ئەو رێككەوتنە وەستاون، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە نایانەوێت كورد بەهێز بێت و خۆ بەرێوەببات و رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی دیكە بكات و هەرێمێكی نوێ دروست بێت.
دوای چەند مانگێك لە دانووستان 18/6/2020 بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمەریكا ئەنەكەسە و پارتەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردی، سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی نێوانیان راگەیاند، هەر دوولا ئاشكرایان كرد رێككەوتنی ساڵی 2014یان كردووەتە بنەمای رێككەوتنەكەیان.
سەرەتای هەفتەی رابردوو قۆناخی دووەمی دانوستاندنەكانیان لە بواری سەربازی و ئیداری و ئابووری دەستپێكرد و بڕیاریشە بەمزووانە بە چاودێریی ئەمریكا و بەشداریی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات دانوستاندنەكان بەردەوام بن.
سەبارەت بە رێككەوتنی پەیەدە و ئەنەكەسە، د. كاوە ئازیزی، دیاردكرد:" ئەو رێككەوتنەی لە نێوان لایەنەكانی رۆژئاوا دروست بوو، لەسەر دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم تەواو بووە كە قۆناغی سیاسیی بوو، كۆ بوونەوە بۆ قۆناغی دووەم دەستی پێ كردووە، بۆ ئیدارەیەكی نوی، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ، بۆیە لە قۆناغی دووەم باسی هەموو ئەو شتانە دەكرێت، رێككەوتنی دهۆك وەك بنەمایەكی سەرەكی دەبێت بۆ بەردەوامیدان بە دانووستانەكان، كە ئەو رێككەوتنە هەبوون و نەبوونی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەگەر ئەو رێككەوتنە سەر بگرێت مەترسییەكی گەورە لەسەر كورد لادەچێت".

 

زۆرترین بینراو