هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێككەوتنێكی كۆنكریتی هەیە

هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێككەوتنێكی كۆنكریتی هەیە

دیدار- رائیب شێروانی
د. مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد :" شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، هەرێم نیەتی ڕێككەوتنی هەیە، ئەگەر بەغداش ئەم جارە نیەتی جددی هەبێت كێشەكان چارەسەر دەكرێن و دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەر دوولا. گووتیشی :"دەنگی نەشاز لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەیە و دژی مافەكانی هەرێمی كوردستانن لە بەغدا، ئەو دەنگە ناشازانە دەیانەوێت فەشەل بە حكوومەتی هەرێم بهێنن، بەڵام ئەو دەنگانە نەك ناتوانن فەشەل بە حكوومەت بهێنن، بەڵكو ناتوانن كێشە بۆ حكوومەتی هەرێم دروست بكەن.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ :" بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، سەردانی ئەم جارەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكردنی داتا و مەلەفاتە، بەغداش چاوەڕێی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی دوای دانانی وەزیری نەوتی عێراق، لەلایەن خۆیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەكاریی بۆ ڕێككەوتن و چارەسەركردنی چەندین پرس كردووە و هەرێم نیەتی ڕێككەوتنی هەیە، ئەگەر بەغداش ئەم جارە نیەتی جددی هەبێت كێشەكان چارەسەر دەكرێن و دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەر دوولا.
د. مەیادە نەجاڕ، دەشڵێ :" هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێككەوتنێكی كۆنكریتی هەیە، بەڵام بەو رەوشەی كە عێراق پێدا تێپەڕ دەبێت زۆر ئەستەمە بتوانێت رێككەوتنێك بكەن، كە پێویستمان بە رێككەوتنی دیكە نەبێت، لەبەر ئەوە چەندین دۆسیە هەن دەبێت هەموو ئەوانە یەكلا بكرێنەوە، لەوانە نەوت و گاز، بودجە، ماددەی 140، پێشمەرگە و كێشەی جووتیارەكان، واتە ژمارەیەك دۆسیەی زۆر گرنگمان لە نێواندا هەیە و دەبێت چارەسەر بۆ هەموو ئەو دۆسیانە بدۆزرێتەوە و چارەسەر بكرێن، بۆیە كێشەی هەولێر و بەغدا تەنیا بودجە و مووچە نیە، بۆیە ئەو شاندەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە دێتە بەغدا ناتوانێت بە جارێك ئەو هەموو كێشانە یەكلا بكاتەوە، پێویستە هەر دوولا چەندین جار سەردانی یەكدی بكەن تا دەگەنە رێككەوتن كە لە بەرژەوەندی هەر دوو لادا بێت، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان.
د. مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشكراشی كرد:" چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، چونكە تا ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، دەبێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، یەك لەو دۆسیانە مووچەی فەرمانبەرانە، دەبێت مووچەی فەرمانبەران لە كێشەكان جیا بكرێتەوە و هەموو مانگێك وەكو خۆی كە رێككەوتن لەسەر دەكرێت رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆیە هەولێر ئامادەیە لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموو ئەو كێشانەی باسم كرد بگاتە رێكەوتن، بەڵام بە مەرجێك لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ :" یەكڕیزی گرنگترین خاڵە بۆ سەركەوتن بەسەر كێشەكان و چارەكردنی كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا بێت، تارادەیەك ئەو یەكڕیزیەمان نواندووە، بەتایبەتی لەسەر بابەتە نەتەوەییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەنگی نەشاز هەیە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە دژی مافەكانی هەرێمی كوردستانن، ئەو دەنگە ناشازانە دەیانەوێت فەشل بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بهێنن، بەڵام ئەوانە خەیالیان خاوە، حكوومەتی هەرێم، حكوومەتێكی توكمە و كەسایەتیەكی سیاسی گرنگ و كاریگەر بەڕێوە دەبات، هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەزانن كە ئەو حكوومەتە و سەرۆكی حكوومەت لە خزمەتی هاووڵاتیاندان، بۆیە ناتوانن فەشەل بە حكوومەتی هەرێم بهێنن، هەروەها هەتا ناتوانن كێشە بۆ حكوومەتی هەرێم دروست بكەن".
د. مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، روونیكردەوە :" وەكو پەرلەمان داوامان لە حكوومەت كردووە تا كۆتایی مانگ، واتە تا 30/6 پێویستە بودجە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بكات، بەڵام تا ئێستا بودجەی گشتی عێراق نەگەیشتووتە پەرلەمان، بەڵام ئەو رۆژە دەنگمان لەسەر ئەوەدا كە 30-6 دوا مۆڵەتە و دەبێت تا ئەو كاتە بگاتە پەرلەمان، بەڵام دەنگۆیەك هەیە كە ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بودجەی نەبێت و هەر لە ئێستاوە ئامادەكاری بكات بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، بەڕاستی ئەوە كێشەیە بۆ عێراق، هەتا بۆ هەرێمی كوردستانیش، بەتایبەتی بۆ عێراق، چونكە بودجە ساڵانەیە و وەكو زنجیرە بەدوای یەكدا دێت، واتە ئەگەر ساڵێك عێراق بودجەی نەبێت كێشە بۆ عێراق دروست دەكات، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە بودجەی عێراق بگاتە پەرلەمان، ئەگەر بودجەی گشتی عێراق گەیشتە پەرلەمان لەو گفتوگۆیانەی كە دەكرێن لە نێوان هەولێر و بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی عێراق دیاری دەكرێت".

زۆرترین بینراو