هەوڵ دەدەین مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخەینە سەر بەغدا

هەوڵ دەدەین مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخەینە سەر بەغدا

دیدار- ڕائیب شێروانی : سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت:" زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ چاكسازین بە پەسەندكردنی پڕۆژی چاكسازی بودجەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە".
دەشڵێ:"بەردەوام كار بۆ هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا دەكەین".
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی:" وەكو لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی سەردانی بەغدا دەكەین، لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق، پەرلەمانی عێراق و لیژنە پەیوەندیدارەكان كۆدەبینەوە، ئێستا پەرلەمان لە پشوودایە و ئەوان پێیان باشە كە مانگی 9 ئەو سەردانە بكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك و لایەنە پەیوەندیدارەكان ببینین و پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ئەوان دروست بكەین كە پەیوەندییان بە لیژنەی ئێمەوە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن چارە بكەین و بە ئەنجامێكی باش بگەڕێینەوە هەرێمی كوردستان، هەر لەبەر ئەوەشە كە تا ئێستا سەردانی بەغدامان نەكردووە، ئەگەرنا پێمان خۆش بوو پێش ئێستا سەردانی بەغدا بكەین و كێشە و گرفتەكان كە پەیوەندیان بە لیژنەكەمانەوە هەیە چارە بكەین".
سوسەن محەمەد میرخان، دەشڵێ:" تا ئێستا لەگەڵ لیژنەی شەهیدانی عێراق بۆ ئەوەی مووچەی كەسوكاری شەهیدانی كوردستان بكەوێتە سەر عێراق و وەكو كەسوكاری شەهیدانی ئەوان لێ بێت لەسەر خەتین، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین هەر چەندە لەسەر زیندانیانی سیاسی نەگەیشتینە رێككەوتن، بەڵام بەردەوام لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی چ شتێكی باشە ئەوە بكەین و مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخەینە سەر بەغدا، كاتێك كە سەردانی بەغدا دەكەین زیاتر لە كێشەكان دەكەین".
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئاشكراشی كرد:" وەكو لە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا هاتووە، ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی زیاتر گرنگی بەو بوارانە دەدەین كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندانە، هەر شتێك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت ئێمە ئەوە دەكەین، بەتایبەتی بواری چاكسازی، گرنگیدان بە كەسوكاری شەهیدان، كەرتی پەروەردە و گرنگی بە هەموو ئەو كەرتانە دەدەین كە گرنگن و دەمانەوێت زیاتر كار لەسەر بكەین، بۆیە پارتی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا كار لەسەر دەكات، لە چوار ساڵی رابردووش لەبەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و شەڕی داعش بوونە هۆكار كە پەرلەمان وەكو پێویست خزمەتی خەڵكی كوردستان نەكات و دەوری خۆ ببینێت، بۆیە لەو چوار ساڵەدا هەموو هەوڵ و تێكۆشانی ئێمە ئەوە دەبێت كە زۆرترین چالاكی، زۆرترین كار بكەین و بۆشایی چوار ساڵی رابردووش پڕ بكەینەوە، هەتا ئێستاش نیەتێكی زۆر باش هەیە، نەك تەنیا فراكسیۆنی پارتی، بەڵكو فراكسیۆنەكانی دیكەش كار بۆ ئەوە دەكەن كە پێكەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین".
سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان زیاتر گوتی:" بەرنامەی چاكسازی، ئەگەر بە یاسا بكەین، بودجەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، ئەو بودجەیەش هاوكارێكی باش دەبێت بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و هەموو كەرتەكانی دیكە، هەر لەبەر ئەوە بابەتی چاكسازی، بابەتێكە كە هەموو لایەنەكان لەگەڵدانە و لای فراكسیۆنی پارتی چاكسازی خاڵێكی بەهێزە كە ئێمە لەو ماوەیەدا كار لەسەر بكەین و پەسەند بكەین و بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان".

زۆرترین بینراو