هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات چی لێدەكەوێتەوە

هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات چی لێدەكەوێتەوە

ئێران ماوەیەكە هێزێكی زۆری لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان بەلای رۆژهەڵاتەوە كۆكردۆتەوە و هەڕەشەی هەڵكووتانە سەر بارەگای حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات دەكات و چەندین جاریش ناوچە سنوورییەكانی تۆپباران كردووە و نزیكەی 10 كیلۆمەتر هاتۆتە نێو قوڵایی خاكی كوردستان.
د. رۆژان ئاشتاب، چالاكوانی و شرۆڤەكاری سیاسی، لە بارەی ئەگەرەكانی هێرشیەكانی ئێران وەڵامی پرسیارەكانی زاری كرمانجی دایەوە.
دیمانە/ رێبین رواندزی
* سپای پاسدارانی ئێران هەرەشەی هەڵكووتانە سەر بارەگاكانی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات دەكات بە بۆچوونی جەنابت دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بێنی؟
- رژێمی كۆنەپەرستی ئێران ئەو یەكەم جاری نییە هەڕەشە لە هێزە كوردەكانی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات دەكات و بە بەزاندنی سنووری هەرێمی كوردستان بنكە و بارەگاكانیان بومب باران دەكات، بەڵام تا ئێستا زەرەیەك دەستكەوتی لەو كارە نەبوو و لە دوا رۆژیشدا نایبێ.
* لە دۆخێكی نالەباری ئابووری، سیاسی و تەندروستی ئێران ئەم هەڕەشانەی كاریگەری چی دەبێت بەسەر حكومەتی ئێران و شەقامی ئێرانی؟
- رژێمی ئێران چەندین ساڵە بە هۆی سیاسەتی دژی گەلی خۆی تووشی كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بووتەوە، رۆژ بە رۆژ هەم لەنێو خۆی ئێران و هەم لە دەرەوە هەیبەت و شكۆی خۆی لە دەستدەدات، وەك دەوڵەتێكی تیرۆریست و دژە مرۆڤی پێناسە دەكرێ، جا بۆ داپۆشینی گەندەڵییەكانی و هەڵاوسانی ئابووری خۆی بە پەلەقاژە كەوتوو و هێرش بۆ سەر كوردەكان دەكات.
* بۆ چی ئێران ئەم كاتەی دیاری كردووە بۆ هێرش كردن ئایا رێككەوتنێكی هەرێمی لە توركیا و عێراق هەیە ؟
- شاراوە نییە كە هەر چوار دەوڵەتی داگیركاری كوردستان هاوكاری وهەماهەنگییان هەیە بۆ دژایەتی پرسی كورد و بە درێژایی مێژوو لە هەموو بارێكەوە یارمەتی یەكتر دەدەن لە دژی كورد و ئەم هێرشانەش بە رەزامەندی ئەوانە.
* ئێران بە هەڕەشە و كوشتن و هێز دەتوانێت كۆتایی بە كێشەی كورد بهێنێت؟
- دەولەتی رووحانی بەجێگای دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی كە ئێستا بە هۆی نەخۆشیی ڤایرۆسی كورۆنا بە تەواوی دارماوەو رۆژانە سەدان كەس گیانیان لە دەست دەدەن و هەزاران كەس تا ئێستا بە هۆی سیاسەتی هەڵە و ناكارامەیان تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە. لە جیاتی باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك ، دابینكردنی ماف و خواستەكانیان، دەست بۆ هێرشی سەربازی دەبات لە دژی هێزە كوردەكان و وەڵامی داخوازییە ئابووری و سیاسییەكانی خەڵكی ئێران بە سەركووت و زەبەر و زەنگ دەداتەوە.
دڵنیام ئەم جارەش هەر روو رەشی و شەرمەزاری بۆ دەمێنێتەوە
* حزبە كوردییەكان لەم دۆخە چی بكەن، شەڕ یا جولە دپلۆماسی یا هر دووكیان پێكەوە؟
- ئەركی سەر شانی هێزەسیاسییەكانی رۆژهەڵات لەم هەرل ومەرجەدا، بەتایبەت بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستان ، پێش هەموو شتێك یەكگرتنەوەیە لە نێوان خۆیان و یەك هەڵوێستی و یەك دەنگ و كۆتاری هاوبەش بە دژی كۆماری ئیسڵامی ئیران و سازكردنی بەرەی یەكگرتووی سیاسی و نیزامی لە نێو هەموو هێزە كوردەكاندا.
پەرەپێدانی خەباتی هەمە ڵایەنەی سیاسی و نیزامی لە نێوخۆی كوردستان و خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی لە وڵاتانی ئەمریكا و ئۆروپا بۆ بەدەست هێنانی یارمەتی‌و دۆست بۆ جوڵانەوەی كوردستان لە پێناو مسۆگەر كردنی مافی سیاسی و نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
* هەڕێمی كوردستان ئێستا تاكە قەوارەی سیاسی دان پێدراوی كوردە، بەڵام هەندیك كورد داوای نەمانی دەكەن رات لەسەر ئەمە چییە ؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییەوە شەرعیعەتی یاسایی هەیە و ئەو پێگەیەی كورد بە دەریایەك فرمێسك و خوێن و فیداكاری پێشمەرگە بەدەست هاتووە، گشت داگیركەرانی كوردستانی شڵەژاند و پاڵی پێوەنان كە هەردەم راستەوخۆ بە گۆی دەست تێوەردانی سیاسی و نیزامی و ناراستەوخۆ لەڵایەن نۆكەر و بە كرێ گیراوانییەوە گەلەكۆمەی لە دژی دەكەن، هەر لەپاش ڕیفراندۆمی باشووری كوردستانەوە، داگیركەرانی كوردستان، زیاتر و نەخشەی وردتریان بۆ هاڕینی نەتەوەكەمان داڕشت و لە ئێستاشدا، جموجوڵێكی چڕی سیاسی ـ نیزامی و جووڵاندنی هێزی سەربازی لە ناو باشوور و ڕوو لەباشووری كوردستان لەڵایەن توركیا و ئێرانەوە دەبیندرێ و وێدەچێ جگە لە بەئامانج گرتنی بزاڤی سیاسیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بخوازن پێكهاتەی سیاسی ـ ئیداریی هەرێمی كوردستانیش، تێكەوە بپێچن.
دەبێ باش بزانین، كە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دووهەمین دەسكەوتی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریی كوردە پاش كۆماری كوردستان و هەرەسهێنانی وەها دەسكەوتێكی گرانبەها و مێژوویی، زەبرێكی وەها لە بزاڤی سەروەریخوازانەی نەتەوەیی كورد دەدات كە بەدەیان ساڵ ڕەنج و تێكۆشان، قەرەبوو نەكرێتەوە و كاریگەریی نەرێنیی قووڵ و هەمەڵایەنە لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دادەنێ و نائومێدی و كارەساتێكی نەتەوەیی بەرینی بەدوادا دێت.
كوردستان پێویستی بە رووخاندن نییە، بەڵكو پێویستی بە پاراستنی هەیە، بە پشتیوانی هەموو حزبە سیاسییەكان و نیشتمانپەروارانی كورد لە دەروەوە و نیوخۆی كوردستان، سەروەری سیاسی و یەكپارچەیی گەل و خاكی دەبێ بپارێزرێ.
حكومەتی هەرێم بە شێوازییەكی دیموكراتیك لەڵایەن خەڵكەوە هەڵبژردراوە ودەستەڵاتی بنكە فەراونە و چەندین هێزی سیاسی حكومەت بەڕێوە دەبن و ئەو حكومەتە نۆێنەری هەموو پێكهاتەی سیاسی و نەتەویی و ئاینی كوردستان. ئەمانەی داوی رووخانی ئەم حكومەتە دەكەن كۆمەڵێك بەكرێ گیراوی دەوڵەتانی ناوچەكەن و دژی خەڵكی كوردیشن.

 

زۆرترین بینراو