هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بۆ دۆخی رۆژئاوا جێی ڕەزامەندی هاووڵاتییانی هەرێمە

هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بۆ دۆخی رۆژئاوا جێی ڕەزامەندی هاووڵاتییانی هەرێمە

زاری كرمانجی- هەولێر: پێشەوا هەورامانی, ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجی رایگەیاند "پارتی لە هەموو هەڵوێستێكی نیشتیمانیدا پێشەنگە، بۆیە لەم دۆخانەی بەسەر كوردانی پارچەكانی دیكە دێ‌ دەبیندرێت كێ خەم خۆریانەو كێ‌ پێش هەموو لایەك هەڵوێستی خۆی دەردەبرێت و پاڵپشتییان دەكات و باوەش بۆ ئاوارەكان دەكرێتەوە".
لەسەرەتای دیمانەكەدا, پێشەوا هەورامانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سەردانی كردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆلای حزبە سیاسییەكانی بەمەبەستی راوێژكردن بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان و پرسی چاكسازی گووتی "بابەتی دەستوور پێویستی بە ئامادە سازی هەیە، چونكە بابەتی رۆژێك و دوو رۆژ نییە، دەبێ‌ رەزامەندی هەموو لایەنێكی لەسەر بێت، بۆیە ئەم سەردانانە وەك زەمینە سازییەكە تا هەموو لایەنەكان رێككەوتنی باشیان هەبێت لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان".
گووتیشی" چاكسازیكردن نیازی هەموو لایەكە هەم پەرلەمانتاران دەیانەوێت هەم حكومەت، خەڵكی كوردستانیش چاوەروانیی هەیە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا چاكسازی بەبارێكدا ببرێت و یەكلا بكرێتەوە، بۆیە ئیرادەیەكی تەواو هەیە بەتایبەتی لە فراكسیۆنی پارتی بەوەی بابەتی چاكسازی بەو جۆرە كۆتایی پێبێت كە رەزامەندی خەڵكی بەدووا وەبێت".
بۆ ئەو دەنگۆیانەی كە لایەنێك (یەكێتی) نەیەوێت پرسی چاكسازی سەربگرێت, گووتی" تا ئێستا هیچ لایەنێك بە فەرمی راینەگەیاندووە پاڵپشتی پڕۆژەی چاكسازی ناكات، نە یەكێتی و نە هیچ لایەنێكی دی ئێمە نەمان بیستووە, ئەوان بە فەرمی هیچ شتێكیان رانەگەیاندووە".
لەبەرابەر ئەو قسەیەی دەگوترێت پەرلەمانی كوردستان بۆ شەرمەزاركردنی هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان دەركەوتنێكی شەرمنانەی هەبوو ئەمەی گووت "پەرلەمانی كوردستان هیچ دەركەوتنێكی شەرمەزارانەی نەبووە بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان، بە پێچەوانەوە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی خۆی ئەنجام داوە و لایەنەكانیش بەجیا. لەكاتی كۆنگرەی رۆژنامەوانی فەرماندەی یەپەگەش (مەزڵووم كۆبانێ‌) بینرا كە سوپاسی سەرۆك بارزانی و پارتی كرد، هەروەها سوپاسی لایەنەكانی تریشی كرد لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە گەرم و گوڕانەی كە هەیان بووە لەسەر دۆخی رۆژئاوای كوردستان".
لە درێژەی قسەكانید، بۆ پاراستنی سەروەری خاكی هەرێم و عێراق و دوورخستنەوەی ئەو لایەن و هێزانەی نا فەرمین لە ناوچەكە ئەم پەرلەمانتارە ڕونیكردەوە " ناردنە دەرەوەی ئەو هێزانە چەند پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەوەندەش پەیوەندی بە حكومەتی عێراقەوە هەیە، دەبێ‌ سەروەری خاكی سنوورەكانی عێراق بپارێزێ، هەروەها پەیوەندی بەو لایەنانەشەوە هەیە كە بیانوو دەدەنە دەست دەوڵەتان تا خاكی هەرێمی كوردستان بەكار بێنێت بۆ لێدانی ئەوان. بۆیە نابێت ئەو بیانووە بدرێتە دەست حكومەت و دەوڵەتانی تر تا بێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوەو لە كۆتاییشدا خەڵكی ئێمە زیان مەندبێت. گوندەكان چۆڵا بوون باخ و پاوانی خەڵك دەسوتێندرێت، خەڵكی سڤیل دەكرێتە قوربانی. دەبێ‌ هەردوو لا ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و كێشەو ململانێكانیان ببەنە دەرەوەی هەرێمی كوردستان".
لەكۆتایی دیمانەكەیدا پێشەوا هەورامانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان, لەبارەی ئەو هەڵوێستە دیارانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەرامبەر رۆژئاوای كوردستانی هەیەتی وێڕای ئەوەی باس لە پەیوەندییەكی تۆخی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیا دەكرێت ئاماژەی بەوەدا " پارتی لە هەموو هەڵوێستێكی نیشتیمانیدا پێشەنگە، بۆیە لەم دۆخانەی بەسەر كوردانی پارچەكانی دیكە دێ‌، ئەبیندرێت كە كێ خەم خۆریانەو كێ‌ پێش هەموو لایەك هەڵوێستی خۆی دەردەبرێت و پاڵپشتییان دەكات و بۆ ئاوارەكان باوەش دەكرێتەوە. جەنابی سەرۆك بارزانی هەڵوێستی زۆر باشی هەبووە كە رەزامەندی هەموو خەڵكی كوردستان بووە لەبارەی رۆژئاوای كوردستان، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە هەر قسەو پروپاگەندەیەك دەكرێت و لە رابردووا كراوە هەمووی قسەی پوچ و بەتڵان و سەڵمێندراوە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، پارتی سیاسەتێكی راست و دروست دەكات و لەكاتی تەنگانەشدا پارتی بەدەم هەر لایەنێك و هەر كوردێك دەچێت كە پێوستی بەوە بێت هاوكاری بكرێت".

زۆرترین بینراو