هەڵگرتن و كۆكردنەوەی خوێن لە شانۆی ڕوودانی تاوانێكدا كە خوێنی تێدا بێت

پارێزەر: پروشە قەلەندەر كەسنەزانی

ماستەر لە لێكۆڵینەوەی تاوان - بەریتانیا
كورتەیەك لەو هەنگاوانە دەخەمەڕوو، چونكە هەر بابەتێك لەم بوارەدا دەتوانرێت تێزی ماستەر و دكتۆرای لەسەر بنوسرێت. بەهۆی ئەوەی بەڵگەی خوێن پەیوەندی بە تاوانەكەوە هەیە ئەگەری زۆرە كە ببێتە سەرەداوێك و هۆكارێكی گرنگ بۆ ئاشكراكردنی بكەری تاوانەكە ، هەربۆیە پاراستن و هەڵگرتنی بەڵگەیەكی لەو جۆرە زۆر گرنگ و پێویستە، چونكە ئەم بەڵگەیە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دەبێت هەڵبگیرێت تا كۆتایی هاتنی دۆسیەكە، ئەمەش هەندێك جار لەوانەیە زیاد لە ساڵ بخایەنێت.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەو كەسەی كە لێكۆڵینەوەكە ئەنجام ئەدات ( دادوەر بێت یان ڵێكۆڵەرەوە ) پێویستە زانیاری پێشوەختەی هەبێت لە سەر توانای ئەو تاقیگەیەیی كە نموونەی خوێنەكەی بۆ دەنێرێت چونكە هەر تاقیگەیەك تواناو ئیمكانیەتی تایبەت بەخۆی هەیە و بەگوێرەی ئەو ئامێرانەی كە بەكاردەهێنرێت بەمەبەستی پشكنین ، ئەمەش وا دەكات بەگوێرەی توانای تاقیگەكە نموونەی خوێنەكە هەڵبگیرێت. دوای ئەوە نمونەی خوێنەكە دەنێردرێت بۆ پزیشكی دادوەری بەمەبەستی پشكنین و ناردنی دەرئەنجامەكان .
چۆن نمونەی خوێن هەڵدەگیرێت ؟
دوو جۆر نمونەی خوێنمان هەیە ، خوێنی تەڕ و خوێنی ووشك .
*خوێنی تەڕ ئەو خوێنەیە كە هێشتا ووشك نەبۆتەوە و تازەیی پێوە دیارە ئەمەش یان ڕاستەوخۆ لەسەر برینی جەستەی قوربانیەكەیە یاخود لە دەوربەریدایە وەك ئەوەی لە زەویدا بیت یان بەدیوارەوە یان بە سەقفەوە بێت.... هتد.
هەڵگرتینی ئەم جۆرە دەتوانرێ لە ڕێگای swab هەڵبگیرێ كە پارچە لۆكەیەكی پاكە دەكرێتە ناو قتویەكی تایبەت هەڵدەگیرێ دەبرێت بۆ تاقیگە بۆ پشكنین.
خوێنی ووشك ئەو خوێنەیە كە بە جل و بەرگ و یان هەر شوێنێكی بەركەوتووەوە بێت كە ووشك بۆتەوە .
جۆری شوێنەكە ئەزانێت كە خوێنە ووشك بووەكەی بەسەرەوەیە، ئەگەر خوێنە ووشك بووەكە بەسەر پارچە شتێكەوە بوو بۆ نموونە پارچە تەختەیەك یان كاغەزێك یان پلاستیكێك ئەوا ئەو پارچەیە دەكرێتە كیسی تایبەتەوە بۆ هەڵگرتن و پاشان ناردنی بۆ تاقیگە بۆ پشكنین ، بەڵام ئەگەر پارچە زۆر گەورەبوو و نە دەكرا ببرێت بۆتاقیگە بۆنموونە خوێنەووشكەكە بە دیوارێكەوە بوو یان لەسەر زەوی بوو خۆ ناتوانیت دیوارەكە بەریت بۆ تاقیگە، ئەو كات دەبێت چەقۆیەكی تیژ بهێنیت كە جوان پاك كرابێتەوەو ووشك كرابێتەوە ، بەنووكی چەقۆكە زۆر بەهەستیاری خوێنە ووشك بووەكە ئەكڕێنین و ئەیكەینە كیسی تایبەت بەهەڵگرتن و پاشان ئەنێردرێت بۆ تاقیگە ... بۆیە چۆنیەتی شوێنی بەجێمانی خوێنەكە دیاری دەكات كە دەبێت چ ڕێوشێنێك بەكاربهێنرێت بۆ مەبەستی بەدەستكەوتنی بەڵگەی پێویستو بەكارهێنانی تەكنیكی گونجاو لەو بارەیەوە ..
هەنگاوەكانی هەڵگرتنەوەی خوێن ؟
باشترین شێوازی سەرەتایی بریتیە لە ڤیدۆگرتنی شوێنی ڕووداوەكە و پاشان وێنەگرتن كە ئەمەش دەبێت لەلایەن كەسێكەوە ئەنجام بدرێت كە ڕاهێنانی تایبەتی لەو بوارەدا پێكرابێت. لەهەمانكاتدا دەبێت هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە بكریت و لەسەر كاغەز وێنە كێشانی بۆ بكرێت.
بەڵام لە ئێستادا تازەترین شێوازی سەردەمیانە بەكار دەهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە كە ئەویش ئامێری ( سین ڤیژن) Scenvision 3D كە زۆر پێشكەوتووەو بەكاردێت لەیەك كاتدا بۆ پێوانی دڵۆپی خوێن و دیاریكردنی قەبارەو دووری و ئاڕاستەی خوێنەكە كە جاران هەریەكە لەم هەنگاوانە دەبوایە بەجیا ئەنجام بدرایە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو