وانە گرنگەكانی كۆرۆنا

محەممەد مەحموود

ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك دەزانین كە چ دووژمنێكی نە بینراوی مرۆڤە، ئەم ڤایرۆسە لەگەڵ بچووكی خۆی بەڵام زۆر بەر بەست و ئاستەنگی گەورەی لەسەر ئاستی دنیا بۆ مرۆڤایەتی و وڵاتان دروستكردووە، لە وانەبوو كۆرۆنا گەر شتێكی بینراو بایە ئاوای لە دەست نەهاتبا و رێگەی پێنەدەدرا ئەو كارەساتە دروست بكات.
ڤایرۆسێك بێ ئەوەی بەچاو ببیندرێت خۆی خستە گیانی مرۆڤەكان، سنوورەكانی داخستن، مرۆڤەكانی لە ئاسمان و زەوی لە جووڵە خستن، ئابووری دنیای هەرەس پێهێنا، لەئەنفالێك دەچێت بۆ مرۆڤ دەست لە كەس ناپارێزێت، لە كەس ناترسێت، خاتری هیچ كەس و لایەنێك و نەتەوەیەك و ئایینێك و زمانێك ناگرێت، بەڵام كۆرۆنا سەرەڕای هەموو ئەو بێوێژدانییەی كەچی بۆ دنیاو مرۆڤایەتی چەند وانەێكی گرنگی پێیە ئەگەر بێت و بە باشی بیری لێبكەینەوە.
مەبەستمە لەم وتارە زیاتر باسی ئەو وانانە بكەم كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە ئێمەی مرۆڤی دا، بۆ ئەوەی لە ژیان باشتر بگەین و بەرنامەو پلانەكانی خۆمان باشتر رێك بخەین.
وانەی یەكەم: هەموو كات پلانەكان وەك خۆیان جێ بەجێ ناكرێن، كۆرۆنا فێری كردین هەندێ جار لە ژیان شتەكان زۆر بچووكن بەڵام كاتێك بیانەوێت دەبنە گەورەترین كۆسپ و بەربەست لە بەردەم ژیانی مرۆڤ، ئەم شتە بچووكانە ناهێڵن بەرنامەی ژیانت وەك خۆی بەڕێوە بچێت و دەتوەستێنن، ئەوەتا كۆرۆنا چی بەرنامەو پلانی مرۆڤەكان و وڵاتان كرد هەمووی هەڵوەشاندنەوە.
وانەی دووەم: ئەم ڤایرۆسە وایكرد قەدری ئازادی بزانین، لە كاتێكدا قەدەغەی هاتووچۆ هەیەو خەڵك ناتوانێت بێتە دەرەوە، كەچی پێشتر بەئارەزووی خۆمان دەهاتین و دەچووین بیرمان لەوەنەدەكردەوە كە رۆژێك لە رۆژان ئەو ئازادیەمان لێ بستێنێتەوە.
وانەی سێیەم: كۆرۆنا خێزانی كۆكردەوە، وەك دەزانین لەم رۆژگارە بەهۆی سەرقاڵی و سەختی ژیان زۆربەی ئەندامانی خێزان خەریكی كارن یان ناچار كاربكەن، بۆیە كاتی یەكتر بینین و بەیەكەوە بوونیان زۆر كەم بوو، بەڵام ئێستا كۆرۆنا كۆی كردنەوە لە ماڵێكدا.
وانەی چوارەم: پاك بوونەوەی ژینگە، چەندین ساڵە خەڵك و رێكخراوەكانی بواری ژینگە هاوار هاواریانە لەدەست ناپاكی ژینگە، كەچی ڤایرۆسێكی نەبینراو هات توانای بینینی زیاتر كردین، بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆو وەستاندنی ئیش و كار ئێستا جیهان خاوەنی ژینگەێكی زۆر پاكە، وەك ئەوەی بە چاوی خۆمان دەبینین وەك كوردەواری خۆمان دەڵێت" هەتا چاوت حوكم دەكات لێت دیارە".
كەوابێت ئەم وانەیە فێرمان دەكات بۆ داهاتووش بیر لەوە بكرێتەوە هەرنەبێت لە ساڵێكدا رۆژێك یان چەند رۆژێك دیاربكرێت بۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە پێناوی پاكبوونەوەی ژینگەو سروشت.
وانەی پێنجەم: كۆرۆنا بە زمان حاڵی خۆی بە خەڵك و حكومەتی گووت" رۆژە سەختەكانی ژیان لەبیر مەكەن، خەمێكی داهاتووتان هەبێت، دەست بە پارەو داهاتەكانتانەوە بگرن، كاتێك خەرجێك پێویست نییە مەیكەن، كاتێك پارەتان هەیەو لە خۆشیدان بیریشتان لای پاشەكەوت هەبێت بۆ كاتی پێویست، دەبینین بە ماوەێكی كەم چۆن ئەو ڤایرۆسە جیهانی تووشی دارووخانێكی ئابووری كرد، بۆیە پێویستە ئێمە وەك تاك ئاگامان لە داهات و خەرجی خۆمان هەبێت.
وانەی شەشەم:تەندروستێكی باش لە سەرووی هەمووشتێكە، بەشی زۆرمان وەك پێوسست بایەخ بەتەندروستی خۆما نادەین، بەرنامەێكمان نییە بۆ رێكخستنی خۆراك و خواردەمەنییەكان، گرنگ تێربوونی ئارەزووی خۆمانە، نەك باشی تەندروستیمان، بەڵام كۆرۆنا هات پێی گووتین" بەرگری خۆتان بەهێز بكەن و خواردنێكی تەندروست بخۆن لە ژیان، وازیش لە هەندێ خواردن و خواردنەوە بێنن كە سوودی نییە بۆ جەستەی مرۆڤ.
وانەی حەوتەم: مانەوە لەماڵ، بابەتی مانەوە لە ماڵ كە هەموو دنیا پەیڕەوی كرد وەك باشترین چەك بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، كەچی لای زۆربەمان مانەوە لە ماڵ بەسەخترین رێگە داندرا، بەراستی سەیرە تۆ وەرە نەتوانیت لەماڵی خۆت دابنیشی، ئەو ماڵەی كە خۆت دروستتكردووە، باشە كەسێك نەتوانێت لەماڵی خۆی بمێنێتەوە ماڵی بۆ چییە؟
بینیمان زۆربەی خەڵكی مانەوەیان لەماڵ كردە گاڵتەو گەپ و قسەی تەنز ئامێز و هۆكاری بێزاری، حكومەت ناچاربوو هاتووچۆی پیادەش قەدەغە بكات تەنها بۆ ئەوەی خەڵك دابنیشێت لەماڵەوە، ئەم وانەیەش فێری كردین دیارە نەمان توانیووە ماڵێك دروست بكەین تێیدا هەست بەئاسوودەی و دڵخۆشی بكەین بۆ مانەوەمان لەو ماڵە.
وانەی هەشتەم: ژیانی زیندان زۆر ناخۆشە، ئەم چەند رۆژی مانەوە لەماڵەوە بە بەردەوامی لای زۆربەی مرۆڤەكان وەك زیندان وابوو، كەوابوو بیرت بێت قەت لەژیان كارێكی وانەكەی كە بەو هۆیەوە تووشی زیندان بێت و ئەو ئازادیەت لەدەست بچێت.
وانەی نۆیەم: پاكو خاوێنی، وەك روونە پاكو خاوێنی لە ژیان چەند گرنگە، ئەو ڤایرۆسە هات پێی گووتین " زیاتر گرنگی بە پاكو خاوێنی بدەن، تا بۆتان دەكرێت خۆتان وماڵ و شوێنی كارتان با پاكو خاوێن بێت.
وانەی دەیەم: لەدەستدانی ئازیزان چەند ناخۆشە، ڤایرۆسی كۆرۆنا پێی گووتین تا لە ژیاندان نرخی یەكتری بزانن، نەك دوای ئەوەی من گەیشتمە گیانی ئێوە و چۆكم پێ دادان ئەوكات بكەونە ئاخ و ئۆف هەڵكێشان بۆ یەكتری.
وانەی یازدەم: هەبوونی كاتێكی زۆر، زۆربەمان گلەیی ئەوە دەكەین كەوا كاتمان نییە، یان كاتمان كەمە بۆ راپەراندنی كارەكان یان ئەنجامدانی كارێكی جیاوازتر، كەچی ئەم ڤایرۆسە هات و پێی گووتین ئەوە كاتێكی زۆرم بۆ دەستە بەركردوون لەماڵەوە، ئێوەش دەتوانن سوودی لێ ببینن و خۆتان فێری كارێكی نوێ بكەن، یان دەتوانن بخوێنەوە، خۆتان فێری زمانێك بكەن، یان دەتوانن بنووسن، ئەوە هەمووی لە قازانجی ئێمەی مرۆڤە گەر مەبەستمان بێت سوودی لێوەربگرین.
وانەی دوازدەم: یەكسانی، كۆرۆنا كە هاتووە دەست لە كەس ناپارێزێت هەمووان وەك یەك سەیر دەكات، جیاوازی لەنێوان هەژارو دەوڵەمەند، خوێندەوار و نەخوێندەوار، جوان و ناشیرین، بەرپرس و نابەرپرس، وڵات و وڵات ناكات، كێی مەبەست بێت یەخەی دەگرێت، مەگەر تەنها ئەو كەسانەی بە خۆپارێزی شەڕی لەدژ دەكەن.
دەكرێت چەندین وانەی گرنگی تریش هەبن كە بەهۆی كۆرۆناوە فێری بووین یان فێری دەبین لە داهاتوودا".

زۆرترین بینراو