وێستگەیەكی بەرهەم هێنانی 100 میگاواتی لە دیانا دروست دەكرێت

وێستگەیەكی بەرهەم هێنانی 100 میگاواتی لە دیانا دروست دەكرێت

" شارەوانی دیانا دەكرێتە سەرۆكایەتی"


زاری كرمانجی: بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا بە زاری كرمانجی گووت " چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لە سنووری ناحیەكەمان ئەنجام دەدرێت كە خزمەتی بەرچاوی ناوچەكە دەكەن".
فەرزنگ ئەحمەد، لە بارەی پڕۆژەی ریسایكلینەوە ئاماژەی بەوەدا " پێشتر بە هۆی هەبوونی كێشەی زەوی نەتواندرا كارگەی ریسایكلین لە دیانا دابمەزرێندرێت، بەڵام دوای كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە خاوەنی زەوییەكە دەزانی، كێشەكە كۆتایی پێهاتوو ئێستا لە بواری جێبەجێ كردندایە".

" سنووری نێوان قەزای سۆران و ناحیەی دیانا دیاری دەكرێت"


لە بارەی پڕۆژەی وێستگەی كارەبا كە بڕیارە لە سنووری ناحیەی دیانا ئەنجام بدرێت، بەڕێوەبەری ناحیە گووتی " ئەم وێستگەیە بڕیاری لەسەر دراوە و لیژنەیەك سەردانی ئێمەیان كرد داوای زەوی پێویستیان كرد، ئێستا زەوییەكەمان بۆ دابین كردووە و بڕیارە لەم رۆژانە بێنەوەو دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە بكەن، ئەم وێستگەیە لەگەڵ تەواو بوونی توانای بەرهەم هێنانی 100 میگاوات كارەبای دەبێت".
زۆرجار هاووڵاتییان گازەندەی ئەوە دەكەن دیانا ناحیەیە بەڵام هەموو شتەكانی تێكەڵ بە قەزای سۆران كراوە، فەرزنگ ئەحمەد، لەمبارەوە گووتی " ئێستا خەریكی دیاری كردنی سنوورین لە نێوان دیانا و قەزای سۆران، لە سەرەتای كارەكانیشماندا كارمان لەسەر بە سەرۆكایەتی كردنی شارەوانی دیانا كردووەو رەزامەندی وەزیریشمان وەرگرتووە تەنها هەندێك رۆتینیات ماوە وەك دابین كردنی میلاكات و كەل و پەل و سنوور، ئەمەش هەنگاوی یەكەمە بۆ ئەوەی وردە وردە دامەزراوەكانی ناحیەی دیانا سەربەخۆتر خزمەتی هاووڵاتییان بكەن".

"دوو سائیدێكی دیانا بە نیوە چڵی ماوەتەوە"


لە بارەی رێگەی دووسائیدی تەواو نەكراوی سنووری ناحیەی دیانا روونیكردەوە" تا ئێستا نزیكەی 60% كارەكانی تەواو بووە، بەڵام ماوەیەكە وەستاوە و تەنها قیڕكردنی ماوە لەگەڵ هەندێك وردە كاری دیكە، داوامان كردووە كاری پێویست بكرێت بۆ تەواو كردنی ئەم رێگەیە، لەبەر ئەوەی زۆر گرنگ و ستراتیژییە بە نسبەت ناحیەی دیانا".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو