وەزیری خوێندنی باڵا: بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەچێت هەموو هەوڵێك دەدەین

وەزیری خوێندنی باڵا: بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەچێت هەموو هەوڵێك دەدەین

زاری كرمانجی – هەولێر: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت كرابوو بە خستنەڕووی پلان و بەرنامەو ستراتیژیەتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەروەردە، تێیدا هەردوو وەزیر ئامادەبوون و بەرنامەو پلانی وەزارەتەكانیان بۆچۆنیەتی دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن بۆپەرلەمانی كوردستانیان روونكردەوە.
لەسەرەتادا د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرنامەو پلانی وەزارەتەكەی بەم جۆرە باسكرد، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەچێت و بۆ هەموو دۆخێكیش پلانی تایبەتمان هەیە.
د.ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ رایگەیاند: "دڵنیایی ئەوە دەدەین كە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی زانكۆ و پەیمانگاكان بەفیڕۆنەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پلانی جۆراوجۆرمان داناوە و بەپێی هەلومەرجەكان پلانەكان گۆڕانكاریان بەسەرداهاتووە.
لەدرێژەی قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گووتی: "بەشێوەیەكی گشتی لە خوێندنی ساڵی 2019-2020 لەكۆی 30 هەفتەی خوێندن كە لە 1-9-2019وە دەستپێدەكات 22 هەفتە بە تەواوەتی بەبێ هیچ كێشە و گرفتێك خوێندن بەردەوامی پێدراوە، لەكۆی ئەو 30 هەفتەیە كەمتر لە شەش هەفتە پرۆسەی خوێندن ئەنجام نەدراوە. ئەمەش قابیلی كۆنترۆڵە و بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆكایەتی زانكۆكان و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆكانماندایە.
د. ئارام روونیشیكردەوە:" ئەگەر لە 10ی ئایار بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و دەست بە دەوام بكرێتەوە، هیچ مەترسییەك لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەمێنێت دەتوانین ئەو شەش هەفتەیە بەبێ هیچ كێشە و گرفتێك خوێندن تەواو بكەین. ئەگەر لە مانگی 5 نەمانتوانی دەست بە خوێندن بكەینەوە دەتوانین هەمان پلان لە مانگی شەشیش جێبەجێ بكەین، بەڵام ئەگەر لە مانگی شەشیش نەمانتوانی، ئەوا هەموو هەوڵێك دەگرینەبەر بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەچێت.
دەربارەی تاقیكردنەوەكانیش وەزیری خوێندنی باڵا گووتی "بەرنامەمان بۆ تاقیكردنەوەكانیش هەیە، ئەگەر دۆخە تەندروستییەكە ئاسایی ببێتەوە، دێینەوە ناو كەمپەسەكانی خۆمان و ئەوە جێبەجێ دەكەین كە پێشتر جێبەجێمان كردووە، بەڵام ئەگەر ئەمە جێبەجێ نەكرا، دیسان دێینەوە لە رێگەی كۆمەڵێك مۆدێلی مۆدێرنەوە تاقیكردنەوەی ئەو بەشەی بە ئۆلاین كردوومانە جێبەجێی دەكەین".
هەروەها د. ئارام قادر دەشڵێت "جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە ئەو شەش هەفتەیەی ماومانە پرۆسەی خوێندن بە ئی لێرنینگ دەبێت، ئەگەر دۆخەكە باشبوو بە كەمپەس بێت، ئەگەر گریمان لە مانگی شەش نەمانتوانی مانگی 7 دەتوانین كاتی دەوام درێژبكەینەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماوەیەی كە بەفیڕۆچووە".

زۆرترین بینراو