پاراستنی بەرووبوومی خۆماڵی و چەند پێشنیارێك بۆ حكومەت

سیامەند كەریم حوسێن

لە تەواوی وڵاتانی جیهان پاڵپشتی جووتیار دەكرێت لە بە بازاڕ كردن، پاڵپشتی دارایی، دابینكردنی پێویستی كشتوكاڵی، گواستنەوەی بەرووبووم بۆ بازاڕ، دەزانین باری دارایی حكومەت ئێستا خراپە، بەڵام دەكرێ لە ئێستا و بۆ ئایندەش چەند هەنگاوێكی گرنگ هەن بییانهاوێژێت بۆ ئەوەی هەم حكومەت، جووتیار، فرۆشیار و كڕیاریش سوودمەند بن.
1- پۆلینكردنی جووتیاران واتا جووتیاری تەماتە لەگەڵ پەتاتە و خەیار و بەرهەمەكانی دیكە جیابكرێنەوە و بەپێی پێویستی ناوخۆ و بڕی بەبازاڕ كردن بگونجێن كە ئەمەش دەكرێ حكومەت چەند ڕێكخراوێكی تایبەت دابنێت بۆ پۆلین كردنیان.
2- بەبازاڕ كردنی بەرووبوومەكان دوو ساڵی ڕابردوو پەتاتە و هەنگوین و هەنار، هەناردەكران بەشێكی لە رێگەی وەزارەت و زۆربەی جووتیاران خۆی كردی، بەڵام خۆ ئەمەش ئاسانە ئەگەر چەند كۆمپانیایەكی تایبەتمەند دەستنیشان بكرێن بەسەرپەرشتی حكومەت بۆ كڕینەوەی بەرووبوومەكان دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی.
3- كرێی گواستنەوە ئەگەر حكومەت ناتوانێت كرێی گواستنەوە بداتە جووتیار خۆ دەتوانێت سووتەمەنی بۆ گواستنەوە دابین بكات بەمەش باری سەرشانی جووتیار كەمێك سووك دەبێت.
4- خانووی پلاستیكی ئەو وڵاتانی كە لە هەموو وەرزەكان تەماتە و خەیار و پەتاتە دەنێرن بۆ ئێمە ئەوانە بەشێوازێكی جوان خانووی پلاستیكی ستانداردیان هەیە، بۆیە حكومەت ئەگەر خۆشی پارەی نەبێت خۆ دەتوانێ بە هەماهەنگی سەرمایەدار و خاوەن كاران خانووی پلاستیكی ستاندارد بۆ جووتیاران دابین بكات بە كرێیەكی گونجاو بۆ هەردوولا.
5- زیادكردنی ساردخانە كە ئەمەیان سەرەكیترینە ئەگەر لەوەشیان حكومەت ناتوانێت خۆی بیكات كەرتی تایبەت و لەژێر ڕكێفی خۆی بۆئەوەی بارگرانی لەسەر جووتیار دروست نەكەن. بۆیە بە بڕوای من ئەگەر حكومەت ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر بەدڵنیایی جێگرەوەی بۆ نەوت دەبێت.

زۆرترین بینراو