پارتی لە نێوان سێ 16ی ئابدا

ئیسماعیل ئیبراهیم

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو مێژووە پڕ لە تێكۆشان و قوربانیدانە، توانیویەتی بەسەر زۆربەی هەرە زۆری كۆسپەكانی زاڵ بێت، پارتێك كە پیلانی دووژمنان نەیتوانی لاوازی بكات و هەر لە لوتكە مایەوە و ئێستاش مەزنترین حزبی عێراقییە، هەموو سەركەوتنەكانی پارتی لە تەواوی دۆخە نەخوازراوەكان، یا سەركەوتنی بەسەر پیلانی ناحەزانی ناوخۆیی و دەرەكی، دوو هۆكاری سەرەكی لە پشت بووە، یەكەم سیاسەتی سەرۆك بارزانی وەك كاریزمایەكی قوڵ و دوور بین، ئەوی دیكەشیان پشتگیری جەماوەری لەم حزبە، جا بۆ هەر دوو هۆكارەكە دەشێ خوێندنەوەی قوڵتری بۆ بكرێت، كە زۆری دەوێت.
دوو ساڵ پێش ئێستا گوشار لە سەر پارتی بە شێوەیەكی زۆر زەق بەدیار كەوت، ئەویش بۆ لاواز كردنی پارتی بوو، ئەو گوشارە لە تاران و بەغدا و بە شێوەی ناراستەوخۆش لە ئەستەنبول بۆ سەر پارتی هات، بە هەموو شێوازەكانییەوە كە دواترینیان خەیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، ئەنجامدەرانی ئەو خیانەتە بۆ نەهێشتنی پارتی ئامادە بوون كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بە یەكجارەكی لە ناو ببەن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، ئەمشیان خوێندنەوەی قوڵی دەوێت.
دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر پارتی توانی سەركەوتنی مەزن لە هەر دوو هەڵبژاردنی بەغدا و كوردستان تۆمار بكات، ئەمەش وەك مستێكی پۆڵایین بوو بۆ ناو دەمی ئەو كەس و لایەنە ناوخۆیی و دەرەكیانەی خەونیان بە لاواز بوونی پارتی دەبینی. واتە لە نێوان سێ 16ی ئابدا پارتی هەر بە گەشاوەیی مایەوە، ئەی بۆ 16ی ئابی داهاتوو دەبێ پارتی چی بكات تا بە گەشاوەیی بمێنێتەوە. پێموایە پرسیارە ئاڵتوونی و گرنگەكەی كە ئێستا پێویستە سەركردایەتی پارتی لە خۆیان بكەن ئەمەیە( پارتی لەم 16ی ئابە تا 16ی ئابی داهاتوو چی بكات؟)، چەند خاڵێك دەخەمەروو كە پێموایە پێویستە پارتی كاری جددی لەسەر بكات، تا هەر بە پێشەنگی بمێنێتەوە.
یەكەم: بەستنی كۆنگرە بە زووترین كات، بەمەرجێك هەندێك لەو ئەندام سەركردایەتییانەی ئێستا كە بوون و نەبوونیان وەك یەكە و تەمەنێكی زۆریان لە خزمەتكردن بەسەر بردووە، لە ئەنجوومەنێك كۆبكرێنەوەو میكانیزمێك بدۆزرێتەوە كە چیتر خۆیان بۆ سەركردایەتی نەپاڵێون.
دووهەم: هینانە پێشەوەی كەسانی بەئەزموون لە سیاسەت و حزبایەتی كردنی سەردەم.
سێهەم: ئەو كادیرانەی حزب كە لە جومگەكانی حكومەت كاردەكەن و رۆڵی سلبییان هەیە و لەگەندەڵی تێوەگڵاون لە پۆستەكانیان دوور خرێنەوە و كەسانی شایستە و لێهاتوو بچنە ناو حكومەت.
چوارەم: چیتر نابێ خەباتی بنەماڵە و شەهید و ئەنفال و پێشمەرگایەتی بكرێتە پێوەری پێدانی پۆست، دەشێ بە شێوەیەكی دیكە رێزیان لێ بگیرێت، لەبەر ئەوەی زۆرن ئەو بەرپرسانەی بە هۆی كوڕە شەهید و خاوەن ئەنفال و رابردووی شۆڕشگێری پۆستیان دراوەتێ، بەڵام نەك هەر گەندەڵ و ناكارامەن، بەڵكو هەموو كارە نەشیاوەكانیان بە یاسایی كردووە تا رووبەرووی لێپێچینەوە نەبن.
پێنجەم: ماوەیەكی زۆرە قسە لە سەر بوونی مافیای حزبی و حكومی دەكرێت، پێویستە پارتی تا بۆی دەكرێت كار لەسەر ئەم چەمكە بكات، ناشێ خزم خزمێنە و كوتلە و گرووپگەری لە ناو كایەی حزبایەتی بمێنێت، كە ئێستا بوونی هەیە.
شەشەم: نەهێشتنی ئەو دیوارە بەرزانەی لە نێوان كادیرانی خوارەوەی ئۆرگانەكان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسییە.
هەفتەم: كاراتر كردنی چالاكییەكانی بارەگای بارزانی و شۆڕبوونەوەیان بۆ ناو لایەنگیر و ئەندامان و كادیران.
هەشتەم: گرنگی پێدانی زیاتری رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، ئەوەی ئێستا هەیە تینوویەتی چین و توێژەكان ناشكێنی.
نۆیەم : گرنگی دانی زیاتر حزب بە رێكخراو و ناوچە دوور دەستەكان، لە هەموو روویەكەوە.
دەیەم: بەهێزتر كردنی وەبەر هێنان و سەرچاوەی دارایی حزبی و خەرجكردنی بە شێوەیەك لەگەڵ واقعی شوێنەكە بگونجێت.
یازدەهەم: لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستان، پێویستە پارتی پێداچوونەوەی زیاتر بكات، لەسەر پەیوەندییەكانی و پلانێكی تۆكمەتر دابرێژێت لەوەی لە رابردوو هەبووە.
دوانزەهەم: هەمیشە راگەیاندنی پارتی هەم لە ناو كادیران و هەمیش لە دەرەوەی حزب بە لاواز وەسف كراوە، پێداچوونەوەی خێرا بە شێوازی كار كردن ئێستای راگەیاندن بكرێت.
سێزدە: دەبێ پارتی بیر لە دۆزینەوەی میكانیزمێك بكاتەوە بۆ چوونەوەی ئەو شوێنانەی كە بە هۆی ئیرهابی فكرییەوە بە هەڵە هاووڵاتییانیان تێگەیاندووە. یا ئەو شوێنانەی بە هۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی لێیان دابڕاوە.
دووبارە بەرز و پیرۆز بێت یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

زۆرترین بینراو