پاركی گوڵان بۆتە ئەلبومی یادگارییەكانی خەڵك و گەشتیاران

پاركی گوڵان بۆتە ئەلبومی یادگارییەكانی خەڵك و گەشتیاران

ئا/ لوقمان عەبدولڕەحمان- سۆران: پاركی گوڵان یەكێكە لە پاركە گەشتیارییەكانی شاری سۆران، سێ كیلو مەتر لە سەنتەری شارەكەوە دوورە، ساڵی 2007 لەلایەن كۆمپانیای دارینەوە بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستكردنی دانراوە، ماوەی یەك ساڵ پڕۆژەكە تەواو كراوە، لە 26ی گوڵانی ساڵی 2008 بەڕووی هاووڵاتییانی دەڤەرەكە و گەشتیاراندا كراوەتەوە.
سانا عەبدوڵڵا دانیشتووی شاری سلێمانییە ، ئەو پێشتر لە زانكۆی سۆران قوتابی بووە، و چەند جارێك هاتبووە ئەم پاركە، بەڵام ئێستا بە شێوازێكی دیكە هاتووە، ئەو گووتی " ئێستا لە سەر داوای من لەگەڵ هاوسەرەكەم بۆ گەشتكردن سەردانی شاری سۆرانمان كردووە، چونكە دەمویست هاوسەرەكەشم دیمەنە دڵ رفێنەكانی ئەم دەڤەرە ببینێت بەتایبەت پاركی گوڵان".
سانا گووتیشی" زۆر یادگاری خۆشم لەگەڵ هاوڕێیانی زانكۆ هەیە لەم پاركە، بۆیە هەر كاتێك ڕێم بكەوێتە ئەم ناوچەیە سەردانی پاركی گوڵان دەكەم، تاكە پاركی گەشتیارییە لەم شارە زۆربەی دەرچوونەكانمان لەگەڵ هاورێكانم بۆ ئەم پاركە بووە و وێنەی دەرچوونیشم هەر لەم پاركە چركاندووە، بۆیە ئەم شارە و ئەم پاركە لە یاد ناكەم بەشێك دەبن لە ئەلبومی یادگارییەكانم" .
سەردانی كەرانی ئەم پاركە دانیشتووانی دەڤەری بادینانیش دەگرێتەوە، دڵشاد زێباری كە خەڵكی قەزای ئاكرێیە و لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی هاتبوونە پاركی گوڵان گووتی " لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانم بۆ گەشتكردن سەردانی ئەم دەڤەرەمان كردووە، لێرە شوێنی گەشتیاری زۆر خۆش و دڵڕفێنی لێیە، سەردانی هەندێك شوێنی گەشتیاریمان كردووە، وەك بێخال و گەلی عەلی بەگ، دواتر بۆ پشودان و بەسەر بردنی كاتێكی خۆش پاركی گوڵانمان هەڵبژارد، چونكە هەموو شوێنێكی گەشتیاری بۆ گەشتی خێزانی جێگای ئەمان نین لە بەر مەترسی خنكان و نەبوونی شوێنی پێویست ..هتد، بۆیە بوونی پاركێكی لەم شێوەیە زۆر گرنگە بۆ ئەم دەڤەرە، یاری زۆری تێدایە بە تایبەت بۆ منداڵان و یاریەكانیشیان گونجاون و مەترسیدار نین، هۆكارێكی دیكەی هاتنمان بۆ ئەم دەڤەرە كەش و هەوای فێنكە و دار و باری زۆری تێدایە و شوێنی دانیشتنی زۆرە خەڵكەكەی بێزار كەر نین".
ڕێبوار شێروانی، كوڕە گەنجێكی دانیشتووی سۆرانە ئەو زوو زوو لەگەڵ هاورێیانی سەردانی ئەم پاركە دەكەن و كاتەكانیان تێدا بەسەر دەبەن، ئەو زیاتر گووتی" شەوانە لەگەڵ هاوڕێكانم بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش سەردانی پاركی گوڵان دەكەین، چونكە ئێستا هیچ شوێنێكیتر بە گونجاو نازانم بۆ گەنجان كە كاتەكانیان تێدا بەسەر ببەن، ئەمەش بە هۆی نەبوونی مۆڵ و شوێنە گشتییەكانی ترە لەم شارە".
رێبوار دەشڵێت " كاتێك سەردانی ئەم پاركە دەكەم هەست بە ئاسوودەیەكی زۆر دەكەم، چونكە لێرە ئەڵقەی خۆشەویستیم لەگەڵ هاوسەرەكەم گۆرییەوە".
شۆڕش خۆشەوی، ماوەی نۆ ساڵە لە پاركی گوڵان كارمەندە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە رووبەرووی كێشەی ناخۆش و رووداوی خۆش بۆتەوە، وەك خۆی گووتی " لە پاركی گوڵان لەو چەند ساڵەدا رووبەرووی زۆر باروودۆخی خۆش و ناخۆش بومەتەوە لە گەڵ گەشتیاران، لە ساڵانی پێشتر گەشتیاران لە رووی مامەڵەكردن و پاك و خاوێن راگرتنی ژینگە گۆڕانكاری زۆریان بەسەردا هاتووە، لە پاراستنی ژینگەی شوێنە گەشتیارییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ كارمەندان زۆر باشتر بوونە، بۆ نموونە زۆربەی گەشتیارەكان دوای سواربوونیان لە یارییەكان بێ دەستخۆشی و خواحافیزی دەرۆیشتن و سەڕەڕای قسەی ناخۆش، بەڵام لەم چوار ساڵەی دوایدا گەشتیاران بە شێوەیەكی گشتی تێگەیشتوون لە رووی مامەڵەكردن لەگەڵ كارمەندان و پاراستنی ژینگەی پاركەكە".
شۆڕش خۆشەوی، لە رێگەی زاری كرمانجی داوا لە گەنجان دەكات " نەبنە ماییەی بێزار كردنی ئەو خێزانانەی سەردانی پاركی گوڵان و شوێنە گەشتیارییەكانی تر دەكەن".
موخلیس جەمیل بەڕێوبەری راگەیاندنی پاركی گوڵان لە لێدوانێكدا بۆ زاری كرمانجی زانیاری زیاتر لەسەر پاركی گوڵان خستەروو گووتی" رووبەری سەوزایی پاركی گوڵان 45 كم چوار گوشەیە، و 12 یاری گەورەی تێدایە و یارییەكان ئیتاڵین، لەگەڵ هەندێك یاری ڤیدیۆ گێمی و چەند یاریەكی دیكە كە بەشێوەیەكی هاوپشك لەگەڵ هاووڵاتییان دانراون ".
موخلیس جەمیل لە درێژەی قسەكانیدا گووتی" ئێستا بەشێكی پاركی گوڵان تەواو كراوە و دوو بەشی دیكەی پڕۆژەكە ماوە تەواو بكرێت، لە پلانمان دایە لەو دوو بەشانەی ماون چەند موتێلێك، یاریگا، مەلەوانگە و سەنتەری وەرزشی دروست بكەین، تا پاركی گوڵان بكەینە ناوەندی مانەوەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی سەردانی پاركی گوڵان و شوێنە گەشتیارییەكانی تری دەڤەرەكە دەكەن، تا ئێستا گەشتیاران دوای سەردانی كردنی ناوچەكە بۆ شوێنی مانەوە روو لە شارەكانی دیكە دەكەن، واتە گەشتەكانیان بۆ ئەم دەڤەرە كورت خایەنە، بەهۆی نەبوونی شوێنی مانەوە.
زیاتر گووتی " زۆربەی سەردانی كەران و گەشتیارەكان خەڵكی سۆران و دەوورو بەرن، لەگەڵ گەشتیارانی شارەكانی ناوەڕاستی عێراق و ئێران چونكە ناوچەكە نزیكە ئێرانەوە".
داواشی كرد " كاتێك سەردانی پاركی گوڵان دەكەن پاك و خاوێنی و ژینگەی پاركەكە بپارێزن و پاشماوەكانیان بەجێ نەهێڵن، لەبەر ئەوەی پاراستنی ژینگە ئەركی هەموومانە".

بیروڕا

زۆرترین بینراو